قەیرانی ڕاستەقینەی قەرز لە کوردستاندا دارایی نییە، بەڵکو سیاسییە!

بینەر: (19)

ئەریڤان بهاءالدین لطیف

بەرپرسان و نوخبەی سیاسی بەردەوام لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە باس لە قەبارەی قەرزە داراییەکانی سەرسانی حکومەت دەکەن و وەها نیشانی دەدەن کە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئابووریی وڵات، ئەو ملیارەها دۆلارەیە کە قەرزدارن. بەڵام کاتێک بە وردی سەیری واقیعی تاڵی شەقام و بێهیوایی هاوڵاتییان دەکەین، دەبینین کە ئەمە تەنیا نیوەی ڕاستییەکەیە؛ چونکە قەیرانی ڕاستەقینە و کوشندە لەم هەرێمەدا قەیرانێکی دارایی نییە، بەڵکو قەیرانێکی قووڵی “سیاسی”یە کە تێیدا حکومەت خەریکی کەڵەکەکرن و کۆکردنەوەی شتێکە کە زۆر لە قەرزی دارایی ترسناکتر و وێرانکەرترە، ئەویش بریتییە لە: “لەدەستدانی تەواوەتیی متمانەی گشتیی هاوڵاتییان” بە سیستەمەکە!

ئەم حکومەتەی کە سەردەمانێک بەڵێنی بونیاتنانی دەوڵەت و “ئابووریی سەربەخۆ”ی بە گوێی میللەتدا دەدا، بە هۆی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی لە دابینکردنی بچووکترین مافەکانی وەک مووچە، کارەبا، و شەفافیەت لە داهاتی نەوتدا، کارێکی کردووە کە هاوڵاتیی کورد چیتر یەک زەڕڕە بڕوای بە هیچ لێدوان و پڕۆژەیەکی دەسەڵات نەماوە. کاتێک باوکێکی ماندوو دەبینێت کە حکومەت ناتوانێت مووچەی مانگێکی پێ بدات، بەڵام لە هەمان کاتدا پسوولەی گرانی کارەبا و باجی لێ دەسەنێت، ئیتر ئەو پەتی متمانەیەی کە لە نێوان شەقام و کۆشکەکانی دەسەڵاتدا مابوو، بە تەواوی دەپچڕێت. نوخبەی سیاسی وا بیر دەکەنەوە کە دەتوانن بە ڕاگەیاندنی پڕۆژەی وەهمی و بڕینی شریتی سەقفی، ئەم بۆشاییە گەورەیە پڕ بکەنەوە، بێئاگا لەوەی کە خەڵک زۆر باش دەزانێت لە پشتی هەر بەڵێنێکی حکومەتەوە، دزینێکی نوێی سامانی گشتی خۆی مەڵاس داوە. ئەوان وەها مامەڵە دەکەن کە گوایە هاوڵاتی تەنیا ژمارەیەکە لەناو هاوکێشە ئابوورییەکانیاندا، لە کاتێکدا ئەو بێهیواییەی کە لە دڵی گەنجان و فەرمانبەراندا دروست بووە، وەکو بۆمبێکی تەوقیتکراو وایە کە بنەماکانی حوکمڕانی لە ڕەگەوە هەڵدەتەکێنێت.

لوتکەی گاڵتەجاڕی لێرەدایە: دەسەڵاتداران پێیان وایە بە فرۆشتنی چەند بیرە نەوتێکی تر یان ڕێککەوتنێکی ژێربەژێری، دەتوانن قەرزە داراییەکان بدەنەوە و جارێکی تر خۆیان وەک پاڵەوان نمایش بکەن؛ بەڵام ئەوان لەو حەقیقەتە تاڵە تێناگەن کە دراو و پارە لە کۆتاییدا هەر دەتوانرێت بدرێتەوە و قەرزە داراییەکان پاکتاو بكرێن، بەڵام ئەو متمانە و باوەڕەی کە لە دڵی میللەتێکدا کوژراوە و لەدەست چووە، زۆر زەحمەتتر و مەحاڵترە کە هەرگیز بتوانرێت جارێکی تر بگەڕێنرێتەوە و چاک بکرێتەوە!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *