وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بە ڕەزامەندیی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بودجەی پێویست بۆ كڕینی دەرمان بۆ سەرجەم نەخۆشخانەكان دابین كراوە.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەم 19ـی تشرینی یەكەم رای گەیاند، بە پاڵپشتی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بەردەوام دەبن لە دابینكردنی دەرمان بۆ سەرجەم نەخۆشخانەكان.
بەرزنجی روونی كردەوە، بەشێك لە دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان كە مافی هاووڵاتییانە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە دابین دەكرێت، بەڵام بەشی سەرەكیی ئەو پێداویستییانە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێت.
وەزیری تەندروستی گوتی، ئەو دەرمانانەی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە لە چوارچێوەی بودجەی حاكیمە دێت، سنووردارە و بەشی تەواوی پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان ناكات.
بەرزنجی دووپاتی كردەوە، بە رەزامەندیی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بودجەی پێویست بۆ كڕینی دەرمان بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و دەڤەرەكان دابین كراوە و ئەو بۆشاییەی پڕ كردووەتەوە.
بە گوتەی بەرزنجی، كێشەی كەمیی دەرمان لە هەندێك حاڵەتی وەك پڕۆژەی نیشتمانی، ڤاكسین، دەرمانە بایۆلۆجییەكان و دەرمانە دەگمەنەكان دروست دەبێت كە لەسەر ئاستی عێراق كەم دەبن.













Leave a Reply