خاوەنی ئەو گرووپە خوێنە زیاتر تووشی نەخۆشی شەكرە دەبن

بینەر: (1.3K)

نەخۆشی شەكرە یەكێكە لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان، بەتایبەتی جۆری دووەمی زۆر بڵاوە و هۆكارەكانی ئاشكران و چارەسەری بنبڕی نییە، بەڵام دەتوانرێت بە گۆڕانكاری لە شێوازی ژیان و سیستمی خۆراك و وەرگرتنی رێكوپێكی دەرمان كۆنترۆڵ بكرێت، توێژینەوەیەكی چینی باسی گرووپێكی خوێن دەكات، خاوەنەكانیان زیاتر تووشی دەبنەوە.

توێژینەوەیەكی فرەوانی چینی ئاماژە دەكات كە خاوەنی گرووپی خوێنی (B)، بە هەردوو جۆری پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ، مەترسیی تووشبوونیان بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە بە رێژەی 28% بە بەراورد بە گرووپەكانی تر زیاترە.

توێژەران لە نەخۆشخانەی شینگجینگ سەر بە زانكۆی پزیشكی چینی پێداچوونەوەیان بۆ داتاكانی 51 توێژینەوەی تر كرد، تاوتوێی 270 پێوەندییان لە نێوان گرووپەكانی خوێن و چەندان نەخۆشی كرد، دوای شیكردنەوەی داتاكان، دەركەوت گرووپی (B)ی و جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە پێوەندییان هەیە.

توێژینەوەكە روونی كردەوە، گرووپەكانی خوێن لەسەر بنەمای هەبوونی دژەتەنەكان، شەكر و پرۆتین لەسەر رووی خڕۆكە سوورەكانی خوێن جیا كراونەتەوە، چەند توێژینەوەیەكی نوێ لە 2025، پێشبینی ئەگەری بوونی رۆڵێكی میكرۆبیۆمی ریخۆڵە، واتە بەكتریای ریخۆڵە، لەو پێوەندییە بایۆلۆجییە كرد.

سەرەڕای دووپاتكردنەوەی توێژەران لەسەر ئەنجامی كارەكەیان، دووپاتیان كردەوە كە ئەو رێژە مەترسییە بە بەراورد بە هۆكارەكانی تری تووشبوون لەوانە شێوازی ژیان و سیستمی خۆراك هێشتا كەمە، بۆ نموونە خواردنی رۆژانەی 50 گرام لە گۆشتی بەرهەمهێنراو، مەترسی تووشبوون بە شەكرە 37% بەرز دەكاتەوە و خامۆشی و كەمجووڵانەوەش 112% بەرزی دەكاتەوە، جیا لە قەڵەوی.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *