لیژنەی نۆبڵ ناوی براوەكانی خەڵاتی نۆبڵی لە بواری پزیشكی بۆ ساڵی 2026 ڕاگەیاند. خەڵاتەكەی ئەمساڵ بەخشرایە زانایەكی ئەمەریكی و دووانی ئەڵمانی.
ئەمڕۆ دووشەم لیژنەی نۆبڵ ناوی براوەكانی خەڵاتی نۆبڵی لە بواری پزیشكی بۆ ساڵی 2026 ڕاگەیاند، بەپێی راگەیەنراوەكە “كارل دایسرۆس” زانای ئەمەریكی و هەردوو زانای ئەڵمانی “پیتەر هیجیمان و یۆرگ ناگڵ”، ئەمەش لە پای ئەو دۆزینەوانەی لەسەر كەناڵە ئایۆنییەكان كردوویانە كە بە ڕووناكی كۆنترۆڵ دەكرێن، لەگەڵ پێشكەوتنەكانیان لە زانستی بۆماوەیی بیناییدا “ئۆپتۆجینێتیكس”.
خەڵاتەكە لەلایەن كۆمەڵەی نۆبڵ لە پەیمانگەی پزیشكیی كارۆلینسكا لە سوید دەبەخشرێت. براوەكانی ئەمساڵ بڕی 11 ملیۆن كرۆنی سویدی وەردەگرن كە دەكاتە نزیكەی 1.2 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی، سەرباری پێدانی مەدالیایەكی زێڕ كە ڕاستەوخۆ لەلایەن پاشای سویدەوە پێشكەشیان دەكرێت.
لە ساڵانی پێشتردا ئەم خەڵاتە دراوە بە چەندان توێژینەوەی گرنگ، لە ساڵی 2025دا بەخشرایە دوو زانای ئەمەریكی و زانایەكی ژاپۆنی لە پای ئاستی بەرگەگرتنی بەرگریی چواردەوریی خانەكان. هەروەها لە ساڵی 2024یشدا، دوو زانای ئەمەریكی خەڵاتەكەیان بردەوە بەهۆی دۆزینەوەی (مایكرۆ ئاڕ ئێن ئەی) و ڕۆڵی لە ڕێكخستنی جینەكاندا.
كاركردنی ئەم سێ زانایە لە بواری “ئۆپتۆجینێتیكس” كە تەكنیكێكی پێشكەوتووی زیندەزانی و دەمارناسییە، تیشكی رووناكی بەكار دەهێنێت بۆ كۆنترۆڵكردن و چاودێریكردنی چالاكیی خانە زیندووەكان، بەتایبەتی خانە دەمارییەكانی مێشك.
ئەم بوارە زانستییە یارمەتیی توێژەران دەدات تێبگەن چۆن جۆرە دیاریكراوەكانی خانە لە رەفتارەكانی وەك فێربوون، ترس، ئالوودەبوون و جووڵەدا بەشدارن.
پێشبینیش دەكرێت، ئەم كارە لە داهاتوودا ببێتە هۆی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ نەخۆشییە دەماری و هەستەوەرییەكانی وەك پاركینسن (تێكچوونی سیستمی جووڵەی جەستە) و فێ، هەروەها لە پزیشكیی كلینیكیدا بەكار دەهێنرێت بۆ هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی بینایی بۆ ئەو كەسانەی كێشەی بینینیان هەیە.













Leave a Reply