ئێران نرخی بەنزین بۆ دوو هێندە بەرز دەكاتەوە

بینەر: (271)

ئەمڕۆ یەکشەم شەشی ئەیلوولی 2026، حكوومەتی ئێران بڕیاری دا نرخی بەنزینی بازرگانی (بەشی سێیەم) بۆ 10,000 تمەن بەرز بکاتەوە کە لە بەیانیی سێشەمی داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە بەهۆی گەمارۆکانی ئەمەریکاوە ڕووبەڕووی تەنگژەیەکی توندی سووتەمەنی بووەتەوە.

فاتمە موهاجەرانی گوتەبێژی حكوومەتی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، دوای تاوتوێکردنی چەندین ژمارە لە کۆبوونەوە هونەرییەکاندا، حكوومەت بڕیاری دا نرخی هەر لیترێک بەنزینی پشتیوانینەکراو (ئازاد) بکاتە 10,000 تمەن (4.76 سەنت)، ئەوەش وەک پابەندبوونێک بە بەڵێنەکانی مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بۆ هاووڵاتییان. پێشتر ئەو جۆرە بەنزینە بە 5000 تمەن دەفرۆشرا.

گوتەبێژی حكوومەت دووپاتی کردەوە کە نرخی بەنزینی پاڵپشتیکراو لە بەشی یەکەم و دووەم هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت، بە جۆرێک 60 لیتر بەنزین لەسەر کارتی حكوومەتی بە 1500 تمەن (0.71 سەنت) و 50 لیتریش بە 3000 تمەن دەمێنێتەوە. ئاماژەی بەوەش دا کە داهاتی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزینە بازرگانییەکە بۆ باشترکردنی گوزەرانی هاووڵاتییان تەرخان دەکرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *