بەپێی دوایین زانیارییەکان، تاران و مەسقەت خەریکن دەگەنە دوا ساتەکانی ڕێککەوتنێک لەسەر گەرووی هورموز، بە دڵنیاییەوە ڕێنوێنی و چاودێریی ئەمەریکای پێوە دیارە. پێش دەستپێکردنەوەی گەڕی سێیەمی شەڕ، گەرووەکە لە چنگی ئێران دەرهێنرابوو، هەم بە گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا و ڕێگری لەو کەشتیانەی باجیان بە ئێران دەدا، هەمیش بە کردنەوە و کاراکردنی گەرووەکە لە بەری عومانەوە. ئێران ئەگەرچی درەنگ تێگەیشت کەوتووەتە چ پیلانێکەوە، بەڵام دوودڵی نەکرد و بێ گوێدانە لێکەوتەکانی پێشێلکردنی ئاگربەست، لە دوو کەشتی دا لە بەری عومانەوە و گەڕی سێیەمی شەڕی هەڵایساندەوە کە بە زۆری و چڕی باشووری ئێران و هەندێ ناوچەی ناوەڕاست و بەشێکیش لە تارانی گرتەوە.
وەک ئەوەی مەکینەی سەربازی و ئەندازیاریی ئەمەریکا لەناو عەقڵێکی زیرەک و هۆشمەندەوە ئاراستە بکرێت، زۆربەی ئامانجەکانی ئەمجارە ئەو بنکە و ناوەند و تاوەرانە بوون کە ڕاستەوخۆ سەربە سوپای پاسداران بوون. ئەم شەڕە هەر لە سەرەتاوە تا ئێستە و گەیشتن بەم دانیشتنە نهێنی و ئاشکرایانەی ئێران و عومان، دەریدەخات ئەمەریکا لە قۆناغێکدا بەو قەناعەتە گەیشتووە کە بە هەر جۆرێک بێت، لەگەڵ ئێران ڕێککەوێت، ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێران یان باشتر وایە بڵێین سوپای پاسداران، گەرووەکەی کرد بە کارتێکی گوشار بەسەر ئابووریی جیهانەوە و هەموو جیهانیش ئەمەریکای بە جۆرێک لە جۆرەکان و بە ئاستێک بە بەرپرس دەزانی و ئێران ئەمەی دەقۆزتەوە.
ڕەوایە بپرسین ئایا ئەمەریکا و ترەمپ بە ڕاستی مەبەستیان نەبوو ڕژێمی تاران بگۆڕن و تەنیا ویستیان لاواز و پەلوپۆی بکەن؟ یا ئەگەر شەڕ لێرەدا کۆتایی پێ بێت، دەتوانین بڵێین کام لایەن براوەیە و ئامانجەکانی پێکاوە؟ ڕایەکی میدیایی تا ڕادەیەک زاڵ هەیە دەڵێت، ئەمەریکا شکستی هێناوە لەوەی ئێران ناچاری خۆبەدەستەوەدان و پاشەکشە بکات، لە ڕواڵەتدا ئەمە ڕاستە و لە جەوهەریشدا هەندێک ڕاستیی تێدایە، بەڵام لە بنەمادا و لە دیمەنە گشتییەکەدا، ئێران ئێستە وڵاتێکی خاپوورکراوە، بێگومان وەک دەڵێن ماوەی 20 ساڵی دەوێ تا ئەو ژێرخانەی هەیبوو كە دیارترینیان پۆڵای موبارەکە و پیترۆکیمیایی و دەیان و بگرە سەتان كارگەی بچووک و درشتی دیکە، بنیات بنێتەوە، ئەمەیش تەنیا لایەنێکی دیاری هاوکێشەی داڕمانی ئابووریی ئێرانە.
هەڵاوسان ئیتر ناوی هەڵاوسان نییە، بەڵکوو شاهەڵاوسانە و مانگانە ڕێژەی گرانبوونی خواردەمەنییە سەرەکییەکان لە 50% زیاتر تێدەپەڕێ، لە ڕووی پێوەندیی و متمانەی نێودەوڵەتی و ناوچەییەوە ڕەنگە ئێران وابزانێت دەتوانێت دڵی وڵاتانی کەنداو بەدەست بهێنێتەوە، بەڵام بە هەوڵەکانی ئیسرائیل و ترەمپ بۆ بەرفرەوانترکردنی پەیمانی ئیبراهیم و ڕەفتارە هیستری و نالۆجیکییەکانی تەنانەت لە فەزای جەنگیشدا، تا ئەم قۆناغە ناتوانین بڵێین ئێران هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست هێناوە، ئەوەی هەیە هەندێک شاخشاخێن و ملەجەڕەی لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل کردووە و دۆخی ناوچەکەی تێک داوە. ئایا ئەوە وەک هێز هەژمار دەکرێت بۆی؟ لە کاتێکدا ڕیز و بەرەی پێشەوەی بەرەی مقاومە لە لبنان و فەلەستینەوە تا سووریا و عێراق لەتوپەت و لاواز کراون و پلانی یاسایی و سیاسی و تەنانەت سەربازیش هەیە بۆ نەهێشتنیان!
لە دەرەوەی بیرکردنەوە لەم بابەتانە، هەڵەیە لەسەر سەرکەوتن یان شکستی هیچ لایەنێک قسە بکرێت، بەڵام ئەوەی هەیە ڕای گشتیی وڵاتانی ناوچەکە بەرەو ئەو ئاقارە دەڕوات کە ئەم هێزە هێزێکە دژی سەقامگیری و پێکەوەژیان، تەنانەت ئەگەر ئەمەریکایش بە قەولی ترەمپ “ئیشەکە تەواو نەکات” ئەوا بە دڵنیاییەوە لە ڕووی ڕای گشتیی کۆمەڵگەکانی ناوچەکە و تێڕوانینی ڕێڕەو و ئاستە سیاسییەکانەوە، ئێران چانسێکی ئەوتۆی نابێت.
ڕایەک هەیە لەناو چاودێراندا دەڵێ، گەرووی هورموز تاقە ئامراز و چەکێکە ئێران بۆی ماوەتەوە و یەک هەڵە لە لێکدانەوە و شیکارییاندا، دەتوانێت ئەو چەکەی دەستیان بکات بە چەکێکی گەورە دژی خۆیان، هەڵبەت ئێرانییەکان ئەمەیان نەشاردووەتەوە و چەندان جار وتوویانە کە چەکی ئەتۆمیی ئێمە گەرووی هورمزە. بەڵام ئاخۆ ئێران دەتوانێت پابەندی لێکتێگەیشتنی پاکستان لەگەڵ ئەمەریکا و ئەمەی تر لەگەڵ عومان بێت؟ ئایا ئەو ناکۆکییەی ڕەنگە خەونی سەرەکیی ناتانیاهۆ بێت بۆ نەهێشتنی ڕژێم، ئێستە لەناو ڕژێم و لە ئاستە باڵاکانیدا دەرنەکەوتووە؟ لە کاتێکدا دەزگای دیپلۆماسیی ئێران دان بە دانوستانەکاندا دەنێت و عەباس عێراقچی پشتڕاستی دەکاتەوە، کەچی ئەنجوومەنی خوبرەگانی ڕێبەری لە بەیاننامەیەکی توند و چەندپاڵوودا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی ئەو بەرپرسە دەوڵەتیانە بکات، دەڵێ، ئەوانەی خوازیاری “ئاشتی” یان ڕێککەوتنن و لە سەنگەری تۆڵەسەندنەوەی “ئیمامی شەهید” (بەوتەی خۆیان) دێنە دەرەوە، خائینن؟
ئایا ئەمە ئەوکاتە نییە کە هێڵی ڕاستەقینەی نێوان باڵی هەرە توندڕۆ و كۆنەپارێز لەگەڵ لایەنانێک کە دەیانەوێت لانیکەم ژێرخانەکانی وزە و کارەبا و ئاو بمێنێتەوە و ئێران لەوە زیاتر خاپوور نەبێت، دیارتر و زەقتر بووە؟ لەمەیش گرینگتر ئەوەیە، هێزی کرداری و یەکلاکەرەوە بە کامیانە؟ دەوڵەت یان سەروودەوڵەت؟ ئەمە ئەو مەتەڵەیە کە بۆ زۆر كەسی ژیر و شارەزای ئێران، هەڵهێنراوە و بۆ ئەوانیتر و ترەمپ و ڕوانگە ڕێککەوتنخوازەکە، زەمەن هەڵیدەهێنێت.
















Leave a Reply