ئالنگارییەكانی دەسەڵاتی زەیدی لە نێوان گوشارەکانی واشنتۆن و تاراندا

بینەر: (843)

پرسی کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و دەستبەسەرداگرتنی چەکی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، لە دوای 2003وە تا ئێستەیش، یەکێکە لە ئاڵۆزترین و سەختترین ئالنگارییەکانی بەردەم سەرۆک وەزیرانە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق. بە دەستبەکاربوونی عەلی زەیدی، ئەم پرسە دووبارە بووەتەوە ڕۆژەڤی سەرەکیی سیاسەتی عێراق، بە تایبەت کە لە لایەکەوە ئیدارەی ترەمپ ئەم مەرجەی وەک داواکارییەکی سەرەکی داناوە و لە لایەکی تریشەوە پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا هەنگاو بە هەنگاو بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئێرانیش گوشاری خۆی دەكات بۆ ئەوەی چەكدارەكان بمێنن و دەوڵەتی عێراق نەتوانێ یەكدەست بێ.

ئاڵنگاریی ناوخۆیی و بنبەستی سیاسی

پشتبەستن بە توانای بەغدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی گرووپە چەکدارەکان، بەبێ هاوکاریی دەرەکی، چاوەڕوانییەكی کەمێک ناواقیعی و دوورە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق. گرووپە چەکدارەکان تەنیا هێزی سەربازی نین، بەڵکو خاوەنی باڵی سیاسیی بەهێز، ئابووریی سەربەخۆ و هەژموونن لەناو داودەزگاکانی دەوڵەتدا. حکوومەتەکەی زەیدی لەسەر پایەیەك وەستاوە کە بەشێک لە هاوپەیمانەکانی، خۆیان خاوەنی ئەو گرووپە چەکدارانەن، کەواتە هەوڵدان بۆ چەککردنیان بەبێ ڕەزامەندی یان سازشی سیاسی، دەکرێت بە مانای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ یان ڕووخانی کابینەکەی حكوومەت بێت.

کشانەوەی ئەمەریکا؛ بۆشایی یاخۆ هەلی سەروەری؟

کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە 30 ئەیلوولی داهاتوو، پرسیارێکی بنەڕەتی دێنێتە پێشەوە، ئایا حکوومەتەکەی زەیدی دەتوانێت بە تەنیا ڕووبەڕووی ئەم ئاڵنگارییە ببێتەوە؟

لە ڕووی کەرەستە و هەواڵگرییەوە: سوپای عێراق هێشتا پێویستی بە پاڵپشتیی لۆجستی، هەواڵگری و ئاسمانیی ئەمەریکایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکان و گرووپە چەکدارە سەرەڕۆكان.

لە ڕووی هاوسەنگیی هێزەوە: نەبوونی ئامادەیی ڕاستەوخۆی سەربازیی واشنتۆن، گوشاری میدیایی و سیاسی، شۆڕبوونەوەی ئێران بۆ ناو وردودرشتی دەزگاكانی عێراق و پێگەی كۆمەڵایەتی، ئاستی ململانێكە ئاڵۆزتر دەكات و کەمتر هەلی جێبەجێکردنی بڕیاری دەوڵەت دەبێت لەسەر زەوی.

زیادبوونی هەژموونی ئێران و ئایندەی گرووپە چەکدارەکان

کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بەبێ دروستکردنی دەزگای هەواڵگری و تەناهیی بەهێز و سەربەخۆ لە عێراقدا، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. تاران لەڕێگەی تۆڕی هاوپەیمانێتییە سیاسی و سەربازییەکانییەوە، گرووپە چەکدارەکان وەک بریكارێكی ستراتیجی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، دەبینێت. بە تایبەت لە ئەزموونی كشانەوەی ئەمەریكا لە 2011 كە زۆرینەی چاودێران ئۆباما بەوە تۆمەتبار دەكەن كە عێراقی لەسەر سینییەكی زێڕ پێشكەشی ئێران كردووە.

ئەگەر ئیدارەی ترەمپ گوشارەکان زیاد بکات و هاوکات هێزەکانی بکشێنێتەوە، عەلی زەیدی دەکەوێتە نێوان بەرداشی كاریگەرییەكانی واشنتۆن و هەژموونی تاران. لە حاڵەتێکی وادا ڕەنگە گرووپە چەکدارەکان نەك تەنیا چەک نەکرێن، بەڵکو بەهۆی لاوازبوونی ڕکابەرە ئەمەریکاییەکەوە، دەسەڵات و هەژموونیان لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە زۆر زیاتر ببێت و شەرعییەتی زیاتر بە ئامادەییی خۆیان بدەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *