کاتێک پۆستی گشتی دەبێتە بازرگانیی تایبەت

بینەر: (3.5K)

فەرمان یاسین

لە وڵاتانی دیموکراسیدا، کاتێک کەسێک پۆستێکی باڵای حکومی وەردەگرێت، ئەوەی دەستبەرداری دەبێت ئازادییە شەخسییەکانیەتی؛ دەبێت سامانەکەی ئاشکرا بکات، دوور بکەوێتەوە لە هەر جۆرە بازرگانییەک، و بزانێت کە لەژێر چاودێرییەکی وردی کۆمەڵگادایە. بەڵام لەم هەرێمە و عێراقدا، هاوکێشەکە بەتەواوی پێچەوانەیە! وەرگرتنی پۆستی گشتی لێرەدا دەستپێکی لەدەستدانی ئازادی نییە، بەڵکو دەستپێکی کردنەوەی کۆمپانیایەکی زەبەلاحی بێ‌باجە کە تێیدا مۆری فەرمانگەکەت دەبێتە سەرمایە و ئیمزاکەت دەبێتە پشکی بازرگانی. ئەو دۆسیانەی ئەم دواییەی گەندەڵی بە ڕوونی پێمان دەڵێن کە لای بەشێکی زۆر لە بەرپرسان، وەزارەت و فەرمانگەکان تەنها هەلێکی زێڕینن بۆ گۆڕینی پارەی گشتی بۆ ڤێلا، زێڕ، و حسابی بانکیی تایبەت. کاتێک بەڕێوەبەرێکی گشتی یان وەزیرێک دەتوانێت بەناوی دەوڵەتەوە گرێبەست بکات و قازانجەکەی بباتەوە بۆ ماڵەوە، ئیتر ئێمە باس لە “خزمەتی گشتی” ناکەین، بەڵکو باس لە “قۆرخکارییەکی ڕێگەپێدراو” دەکەین کە بەناوی حوکمڕانییەوە دەکرێت.

گەورەترین کارەسات لەم جۆرە حوکمڕانییەدا، ونبوونی ئیتیک و بەرپرسیارێتییە. بەرپرسێک کە دەبوو پاسەوانی خەزێنەی وڵات بێت، خۆی دەبێتە دزی ناو ماڵەکە. ئەو پرسیارەی لێرەدا دروست دەبێت ئەوەیە: باشە ئەو یاسایانەی بۆ “ڕێگریکردن لە تێکەڵبوونی بەرژەوەندییەکان” دانراون، لە کوێن؟ کاتێک بەرپرسێک خۆی یان خزمەکانی کۆمپانیایەکیان هەیە و گرێبەستەکانی وەزارەتەکەی خۆی پێ دەدات، بۆچی هیچ دادگایەک، هیچ دەستەیەکی دەسپاکی، و هیچ پەرلەمانێک ناتوانێت بیوەستێنێت؟ وەڵامەکە سادەیە: چونکە یاساکان تەنها بۆ فەرمانبەرە بچووکەکان نووسراون. ئەگەر فەرمانبەرێکی سادە دوو مووچەی هەبێت، دەوڵەت هەموو هێزی خۆی کۆدەکاتەوە بۆ سزادانی، بەڵام کاتێک وەزیرێک دەیان ملیۆن دۆلار لە پەراوێزی پرۆژەکاندا دەبات، سیستەمەکە کوێر دەبێت. ئەمە بێڕەوشتییەکی سیاسیی قووڵە کە وا دەکات پۆستە باڵاکان لەبری ئەوەی ببنە ئامرازێک بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک، ببنە چەکێک بۆ تاڵانکردنی داهاتوویان.

بۆ ڕێگریکردن لەم بازرگانییە پیسە، تەنها دەرکردنی بەیاننامەی سەرکۆنەکردن و گرتنی کاتیی چەند بەرپرسێک بەس نییە. ئێمە پێویستمان بە دانانی دیوارێکی ئاگرین ی بەهێز هەیە لە نێوان پۆستی گشتی و بەرژەوەندیی تایبەتدا. دەبێت سیستەمێکی وردی ئەلیکترۆنی و کراوە هەبێت کە ڕێگە نەدات هیچ بەرپرسێک، تەنانەت لە ڕێگەی کەسانی سێیەمیشەوە، سوود لە بڕیارەکانی خۆی ببینێت. تا ئەو کاتەی فۆڕمی ئاشکراکردنی سامان تەنها کاغەزێکی بێ‌گیان بێت لەناو چەکمەجەی دەستەی دەسپاکیدا و لێپرسینەوەی بەدوادا نەیەت، وەزارەتەکان هەر بەردەوام دەبن لە بەرهەمهێنانی ملیاردێری نوێ، لەکاتێکدا شەقامەکانیش پڕ دەبن لە هەژار و بێکاری زیاتر. دەبێت ئەو حەقیقەتە تێبگەین کە گەندەڵی کەسایەتی دروست ناکات، بەڵکو سیستەمی بێ‌چاودێر و بێ‌سزا بەرهەمی دەهێنێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *