سەرکەوت رەمەزان علی
کوردستان وە کو پردێکی گەورە کە بۆ پێکەوەبەستنی دوو شار دروست کراوە، بەڵام پایەکانی لە خۆڵەمێش دروستکراون و دەروازەکانی لەلایەن چەتەکانەوە پاسەوانی دەکرێن کە تەنها بۆ سەیرکردنی ئەودیو باج وەردەگرن ! لە کاتێکدا ئەندازیارەکان لەسەر پچڕاندنی قردێلەی دەستپێکردن شەڕ دەکەن، خەڵکە سادەکە لە درزە داڕماوەکانی پردەکەوە دەکەونە ناو چاڵێکی بێکۆتاییەوە ! ئەمە ڕێک وێنەی ئەو پەیوەندییە نەخۆشە و ئەو ململانێ سیاسییەیە کە لە نێوان هەولێر و بەغدا بەڕێوە دەچێت، کە تێیدا دەستوور و هەڵبژاردنەکان تەنها پەردەیەکن بۆ شاردنەوەی تاڵانی، و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیش بووەتە قوربانیی ئەم داڕمانە دامەزراوەییە !
لەناو ئەم جەنگەڵستانە سیاسییەدا، سندوقەکانی دەنگدان و دەقە دەستوورییەکان هیچ نین جگە لە نمایشێکی وەرزی بۆ هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەکاتێکدا ژیانی ڕاستەقینەی هاوڵاتییان لەلایەن دیموکراسیی ساختە و خاوەن کۆمپانیاکانی حیزبەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت ! کاتێک گەنجێک لە بێکاریدا دەناڵێنێت و نەخۆشێک ناتوانێت چارەسەر بکڕێت، نوخبەی فەرمانڕەوا خەریکی دابەشکردنی پۆستەکان و داڕشتنی ڕێککەوتنەکانی ژێر مێزن ! ئەوان کێشە چارەسەر ناکەن، بەڵکو قەیرانەکان دەکەنە سەرمایە، تا لە ڕێگەی دوو ئیدارەیی و ئابووریی سێبەرەوە، گیرفانی حیزب پڕتر بکەن و نیشتمانەکەش بەرەو وێرانبوونێکی ئەبەدی ببەن !
“ڕادیکاڵترین شۆڕشگێڕ، تەنها ڕۆژێک دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکەی، دەگۆڕێت بۆ پارێزەرێکی سەرسەختی ئەو سیستەمە گەندەڵەی کە پێشتر دژی دەجەنگا” ! ئەمە ڕێک هەمان ئەو تراژیدیایەیە کە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقادا بینیمان، کاتێک ئازادیخوازەکان دوای ڕزگارکردنی وڵاتەکانیان چەکیان دانا و بوونە گەورەترین بازرگانی ئەڵماس و تاڵانچیی سامانی گەل ! لەم نیشتمانەی ئێمەشدا، ئەو سەرکردانەی کە ڕۆژگارێک بە ناوی ڕزگاری و شۆڕشەوە بانگەشەیان دەکرد، ئەمڕۆ بوونەتە مافیای بازرگانی، پاسەوانی دەروازە سنوورییەکان، و ئەندازیاری ئەو ئیفلیجییە دامەزراوەییەی کە ژیانی ملیۆنان کەسی کردووەتە دۆزەخ !
ئەو ململانێ سیاسییەی کە ڕۆژانە لەسەر شاشەی میدیاکانی سێبەرەوە نیشانی دەدەن، تەنها زۆرانبازییەکی ساختەیە بۆ شاردنەوەی سیستمێکی قووڵی بەشبەشێنە، کە تێیدا داهاتی گشتی لە نێوان ئەکتەرە سیاسییەکاندا بە نهێنی دابەش دەکرێت ! دامەزراوەکانی دەوڵەت، لە پەرلەمانەوە تا دادگاکان، کراونەتە دامەزراوەی بێگیان کە توانای هیچ بڕیارێکی سەربەخۆیان نییە، چونکە بڕیارە ڕاستەقینەکان لە دەستی وەزیرەکانی سێبەر و سەرکردە میلیشیاییەکاندایە ! لێرەدا دەستوور تەنها پارچە کاغەزێکە کە هەر کاتێک بەرژەوەندیی تاڵانچییەکان بخوازێت دەیپچڕێنن، و هەر کاتێکیش پێویستیان بە شەرعییەتی ساختە بێت بەرزتری دەکەنەوە بۆ چاوبەستنی گشتی !
















Leave a Reply