هۆڵی چۆڵ و بڕیاری پێشوەختە

بینەر: (7.8K)

بەهرۆز حەویز رەسوڵ

شانۆیەکە ڕووناکییەکانی بە تەواوی هەڵکراون، ئەکتەرەکان بە جلوبەرگی گرانبەهاوە لەسەر کورسییە سوورەکان دانیشتوون و مایکرۆفۆنەکانیان تاقی دەکەنەوە، بەڵام دەقی شانۆنامەکە پێشتر لەلایەن دەرهێنەرێکی شاراوەوە لە دەرەوەی هۆڵەکە و لە تاریکیدا نووسراوە. هاوڵاتییەکی ماندوو کە لە شاشەی تەلەفزیۆنەکەیەوە سەیری ئەم دیمەنە دەکات، وا دەزانێت یاسا و چارەنووسی لێرەدا دەستنیشان دەکرێت، لە کاتێکدا ئەم بینا مەزنە هیچ نییە جگە لە ژوورێکی چاوەڕوانی بۆ پەسەندکردن و واژۆکردنی فەرمانی تاڵانچییەکان. ئەوانەی لەوێ دانیشتوون، باش دەزانن کە کامێراکان دەتوانن ڕوخساریان گەورە بکەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئەو پەتی بوکەڵانە بشارنەوە کە پێیەوە بەستراونەتەوە.

کاتێک باس لە مافی گشتی و چاودێریکردنی نەوتی دزراو یان وردبینی خەزێنەی گشتی دەکرێت، ئەم هۆڵە دەبێتە گۆڕستانێکی بێدەنگ و هیچ نوێنەرێک ناوێرێت پەنجە بخاتە سەر برینە ڕاستەقینەکە. بەڵام کاتێک پێویستیان بە یاسایەکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی کۆمپانیا حزبییەکان یان شەرعیەتدان بە سیستەمی پشک پشکێنە، دەبینیت بەپەلە هەموویان دەست بەرز دەکەنەوە. ئەمە پەرلەمان نییە، بەڵکو کۆمپانیایەکی هاوبەشە بۆ ڕێکخستنی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتی بنەماڵە، کە تێیدا دەنگدەر تەنها کەرەستەیەکە بۆ پڕکردنەوەی سندوقەکانی هەڵبژاردن و دواتر فڕێدەدرێتە دەرەوەی هاوکێشەکە.

“تەنها دەرکەوتنی ڕواڵەتی حکومەتێک زۆرجار بەسە بۆ ئەوەی خەڵک ملکەچی بن” ئەمەش هەمان ئەو گاڵتەجاڕییەیە کە لە سەناتی ڕۆمای سەردەمی ئیمپراتۆرەکاندا ڕووی دەدا، کاتێک سێناتۆرەکان تەنها بۆ ڕازاندنەوەی کورسییەکانیان دەچوونە کۆبوونەوەکان، بەڵام بڕیارە ڕاستەقینەکان لە ناو کۆشکەکانی ئیمپراتۆردا دەدران و یاسادانەران تەنها مۆریان بەسەردا دەدا. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لەو ئیمپراتۆرانەش ترسنۆکترن؛ ئەوان لە پشت پەردەی دیموکراسییەکی درۆینەوە خۆیان حەشارداوە و دەیانەوێت بە دروستکردنی دادگای کارتۆنی و بەکارهێنانی هێزی تاریکی، ئەم شانۆگەرییە وەک واقیعێکی نەگۆڕ بەسەر میللەتدا بسەپێنن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *