چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆی بۆ چی ئامادە دەكات؟

بینەر: (858)

لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق دەسەڵاتی جێبەجێكردن، واتە حكوومەت و بەرنامەكەی و زۆرینەی پۆست و وەزارەتە گرنگەكان بە دەستی شیعەوەن، ئەوانیش، واتە هێزە شیعەكان خەریكی جێبەجێكردنی ئەجیندای ئێرانن، كە نەیار و ركابەری سەرسەختی ئەمەریكایە، كە رژێمەكەی بۆ رووخاندن و بنیاتنەری عێراقی نوێیە، ئێستە دۆخەكە تەواو گۆڕاوە و هێزە شیعەكان كە خۆیان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رێك خستووە، خەریكی بەرنامەیەكی كاری جیاوازن بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخەكە و مانەوەیان لە دەسەڵات.

چەند سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژەیان كرد كە هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر ئەوە رێك كەوتوون كە لە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ پەلە بكەن، ئەوەش هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و دنیا، و ئەگەری رووچوونی ناوچەكە بۆ ناو بوومەلەرزەیەكی نزیك.

بەپێی سەرچاوەكە، ئەو ئاراستەیەیەی كاری چوارچێوە تەنیا پێوەندی بە وادە دەستوورییەكان بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكەوە نییە، بگرە رەنگدانەوەی ئەو قەناعەتەی ناو ماڵی شیعەیە بەوەی بەردەوامبوونی بۆشایی سیاسی و رێكنەكەوتن لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران، لە سایەی پەرەسەندنە تەناهییەكانی دەوروبەری عێراق بژارەیەكی سەلامەت نییە.

سەرچاوەیەكی تری نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی روونی كردەوە كە بڕیاری گۆڕینی میكانیزمەكانی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكی حكوومەت هی ئێستە نییە و بەهۆی گفتوگۆكانی چەند هەفتەی رابردووە، بەتایبەتی دوای راپۆرتە تەناهییەكانی باسی چەند سیناریۆیەكیان لە پەرەسەندن لە دژی ئێران كرد و ئەگەری هێرشی راستەوخۆی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر باڵەكانی لە ناوچەكە، لەپێشەوەیان میلیشیاكانی عێراق، ئێستە هێزەكانی چوارچێوە وای دەبینن بوونی حكوومەتێكی خاوەن دەسەڵاتێكی تەواو و سەرۆك وەزیرانێكی خاوەن پاڵپشتیی بەهێزی سیاسی، پێویستییەكی تەناهییە بەر لەوەی بابەتێكی سیاسی بێت،بەتایبەتی ئەگەر عێراق بكەوێتە ژێر گوشاری ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ كۆنترۆڵكردنی میلیشیاكان یان قەدەغەی بەشداریكردنیان لەهەر ئاڵۆزیەك لە ناوچەكە.

بڕیارە ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆ ببێتەوە ئەوان دوای رووداوەكانی ناوچەكە دەیانەوێ پەلە لە یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران بكەن بەر لەوەی بەسەریان بێتە سەپاندن، سەرچاوەیەكی نزیك لە چوارچێوەكە ئاماژە دەكات كە ئاراستەیەك هەیە بۆ رێككەوتن بەوەی تەنیا ئەو هێزانەی خاوەن سەنگی گەورەی سیاسی و پەرلەمانین بەشداری لە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بكەن، محەمەد خالیدی ئەندامی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییەی محەمەد شیاع سوودانی كاندیدێكی سەرۆك وەزیران ئاماژە دەكات كە لە حاڵەتی نەگەیشتن بە رێككەوتن لەسەر یەك كاندید، دوو بژارە بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆكی حكوومەت هەن.

ئاماژەی كرد، لە حاڵەتی نەگەیشتن بە رێككەوتن لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، یەكەم بژارە بریتییە لە دەنگدان لەناو چوارچێوە بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستەكە، دووەم بژارە لە حاڵەتی رێك نەكەوتن، چوونە ناو پەرلەمان و یەكلاكردنەوەی لەوێ، لە رێگەی كۆكردنەوەی واژوو بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن و خستنەرووی كاندیدەكان و بە دەنگدانی ئەندامان یەكلا دەكرێتەوە و ناوی كاندیدی براوە دەدرێتە سەرۆك كۆمار بۆ راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.

پرسی دیاریكردنی سەرۆك وەزیران لە لایەن شیعە بۆ ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە، لە سایەی تێكچوونی هاوسەنگیی هێز لە نێوان ئەمەریكا و ئێران دێت، كە دوو لایەنی گرنگ و كاریگەرن لەسەر گۆڕەپانی عێراق، ئێستە گوشارەكانی ئەمەریكا زۆر زیاتر بووە، سەرچاوەیەكی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژە دەكات كە ئەوەی لەناو چوارچێوەدا دەگوزەرێت، بەرجەستەی گۆڕانی شێوازی بیركردنەوە دەكات، واتە هێزە شیعەكان لەوە تێگەیشتوون كە قۆناغی داهاتوو پێویستی بە حكوومەتێكی بەهێز و یەكگرتوو هەیە، بەتایبەتی لە سایەی ئەو قسانەی لەبارەی نزیكبوونەوەی هێرشێكی تر بۆ سەر ئێران و میلیشیاكانی لە عێراق دەكرێت.

نزار حەیدەر شرۆڤەكار و توێژەری سیاسی لە پۆستێك ئاماژە دەكات، بەپێی سەرچاوە ئەمەریكییەكان، تەواوی سەركردە سیاسییەكان و سەركردەی میلیشیا چەكدارەكان بە هەموو رێگەیەكی بەردەست هەوڵی كردنەوەی كەناڵی پێوەندیكردنیان لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریكا داوە، ئەوان تەواوی خزمەتگوزاری و دڵسۆزیی خۆیان بۆ خستووەتە روو، بەڵام لێیان قبووڵ نەكراوە و وەڵامیان نەدراوەتەوە و هەموو دەرگەكان بەروویان داخراوە، هەر هەوڵێكی تریان بۆ ئەو مەبەستە سوودی نابێت، سەرچاوە ئاگەدارەكان دەڵێن، ئاستی ئەو هەوڵانە لە دوای ئۆپراسیۆنەكەی كاراكاس زۆر زیاتر بووە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *