خورما یەكێكە لە خۆراكە بە سوود و بە تامەكان و پڕە لە ریشاڵ و خۆراكە مادەی بە سوود، شارەزایانی بواری خۆراك رێنوێنی دەدەن بە خواردنی رۆژانەی خورما، ئەوەش بەهۆی بەها خۆراكییە زۆرەكەی و كارگەری ئەرێنی لەسەر تەندروستی.
شارەزایانی خۆراك روونی دەكەنەوە كە خورما شوێنگرێكی تەندروست و نموونەیی شیرینی و شەكرە دەستكردەكانە، شەكری ئاسایی وەك گلوكۆز و فرەكتۆزی تیادایە كە وزەیەكی خێرا و بەردەوام بۆ لەش دابین دەكەن، جیا لەوە خورما سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی ریشاڵەكانە، كە راستەوخۆ دەبنە هۆی باشكردنی پرۆسەی هەرسكردن و رێگرتن لە قەبزی و باشكردنی تەندروستی قۆلۆن و ریخۆڵەكان.
خورما بەوە جیا دەكرێتەوە كە چەندان جۆر كانزای وەك پۆتاسیۆم و مەگنسیۆم و ئاسنی تیادایە، كە رۆڵی گەورەیان لە رێكخستنی پەستانی خوێن و پارێزگاریكردن لە تەندروستی دڵ و چالاككردنی سووڕی خوێن و دەمارەكان هەیە، جیا لەوە رێژەیەكی گەورەی دژەئۆكسێنەری تیادایە كە خانەكان لە تێكچوون دەپارێزن و یارمەتی كەمكردنەوەی هەوكردن لە لەش و بەهێزكردنی سیستمی بەرگری لەش دەدەن.
پزیشكان ئاماژە دەكەن رۆژانە دوو تا چوار دانە خورما بخورێت، دەشكرێت لەگەڵ شۆفان و ماست بخورێت، دەتوانرێت لە بری شەكر بەكار بهێنرێت یان لەگەڵ چەرەزاتی وەك بادام و گوێز و فستق سوودانی بخورێت، بەڵام ئەوانەی شەكرەیان هەیە پێویستە بە وریایی بیخۆن و راوێژ بە پزیشك بكەن.












Leave a Reply