كەسانێكی زۆر هەن لە زستاندا سەرەڕای لەپێكردنی گۆرەویی ئەستوور و زستانەیش، هەمیشە هەست بە ساردی پێیەكانیان دەكەن، پسپۆرێكیش ئەمە بۆ كەمیی گەیشتنی خوێن بۆ پێیەكان دەگەڕێنێتەوە، لە ئەنجامی كەمیی جووڵەكردن، هەروەها لە پێكردنی گۆرەوی تەسك و توندیش هۆكاری ئەم كێشەیە.
سڤیاتۆسلاڤ كرۆبینین پزیشكی پسپۆر لەوبارەیەوە دەڵێ، كەمبوونی گەیشتنی خوێن بۆ پێست و دەوروبەری پێیەكان، وا دەكات پلەی گەرمی ئەو ناوچانە بە نزمی بمێننەوە و هەمیشە هەست بە ساردی پێیەكانمان بكەین، ئەمەیش بەهۆی لاوازیی دەمارەكانی ناوچەی پێ و كەمیی جووڵەكردنەوەیە.
زیاتر گوتی، داپۆشینی پێیەكانمان بە گۆرەویی ئەستوور بە تەنیا بەس نییە بۆ گەرمبوونەوە، بگرە بۆ ڕۆیشتنی خوێنی تەواو بەو ناوچەیە پێویستە جووڵە و وەرزش بكەین، جیا لەوە گۆرەوی و پێڵاوی تەسك دەبنە هۆی گوشینی پێیەكان و پەستان خستنە سەر دەمارەكانی خوێن، بەمشێوەیەیش خوێنێكی كەم بۆ ئەو ناوچەیە دێت.
زۆر پۆشینی جلوبەرگی زستانە چارەسەری ئەو گرفتە ناكات، بگرە كێشەكە زیاتر دەكات، چونكە بەوهۆیەوە پێیەكان ئارەق دەكەن و گۆرەوییەكان تەڕ دەبن، ئەمەیش وا دەكات ئەو كەمە پلە گەرمییەی كە هەیشە نەمێنێت، بەهۆی تەڕبوون و ساردبوونەوە.
ئەو پزیشكە پسپۆرە پێشنیاز دەكات، پێڵاوی فراوان و ئاسایی لەپێ بكەن، نەك ئەوەی پێیەكانتان بگوشێت، هەروەها پێویستییە گۆرەوییەكانیش سووف و قوماشی گونجاو بن، بۆ ئەوەی پێیەكانتان ئارەق نەكەن و بە وشكی بمێننەوە.
لە بەشێكی تری قسەكانی پزیشكەكە دەڵێ، هەموو كەسێك لە زستاندا پێیەكانی تا ئاستێك سارد دەبێت، بەڵام ساردبوونی پێیەكان لە ژوورێكی زۆر گەرمیش ئەوە گرفتە، ئەگەر ڕەنگی پێستی پێ بگۆڕێت یان سڕ ببێ و لە كاتی ڕۆیشتن ئازاری هەبێت، پێویستە سەردانی پزیشك بكەن، چونكە ئەمانە نیشانەی كەمی خوێن و شەكرە و گرفت لە دەمار و مولوولەكانی خوێنن.













Leave a Reply