پزیشكێك هۆكارە نەزانراوەكانی ئازاری مل ئاشكرا دەكات

بینەر: (1.6K)

پزیشكێكی پسپۆری بواری ئێسك و ماسولكە و بڕبڕە لەبارەی هۆكارەكانی ئازاری مل دەڵێت، هۆكارەكان زۆرن، مەرج نییە كێشەكە دروست لە مل بێت، بەڵكو ئەگەری هەیە پێشتر هەر برین یان هەوكردنێك لە هەر ئەندامێكی جەستە هەبووبێت، لە قۆناغێكدا بگوازرێتەوە بۆ سەر جومگەكانی مل و تووشی ئازاری بكات.

پێگەی “شەفەق نیوز” رۆشنایی خستووەتە سەر زانیارییەكانی د. دیمێتری سیمكین كە پسپۆری بواری ئێسك و ماسولكە و بڕبڕەیە و لەبارەی ئازارەكانی مل دەدوێت و ئاماژە دەدات، مەرج نییە ئازارەكانی مل پێوەندیی بە مل خۆیەوە هەبێت، بۆ نموونە ئەگەر هەیە جومگەیەكی پاژنەی پێ لە كۆنەوە تووشی لێدان یان برینێك بووبێت، لە دوورمەودادا كاریگەریی بكاتە سەر تەواوی جەستە و جومگەكانی تر، لەناویاندا جومگەكانی مل و ببێتە هۆی ئازار.

زیاتر روونی كردەوە، ئەگەر هەیە كەسێك لە قۆناغی منداڵیدا تووشی حاڵەتێكی لەو شێوە لە لێدان یان برین بووبێت، لە دوورمەودادا كاریگەرییەكەی بكەوێتە سەر ماسولكە و جومگەكانی تر و تووشی ئازاری درێژخایەنی بكات.

پزیشكەكە ئەوەش دەڵێت كە هەندێك برین و لێدان هەیە لەكاتی لەدایكبووندا دروست دەبێت، بۆ نموونە لە شان و مل و سەر و تەنانەت حەوزیش، كاریگەریی ئەو لێدانە تا ساڵانێكی زۆریش لەسەر جەستە دەمینێت و دەگوازرێتەوە بۆ ئەندامەكانی تری جەستە، لە ناویاندا مل و جومگەكانی.

د. سیمكین دووپاتی كردەوە كە بەهەمانشێوە ئەگەری زۆرە هەوكردنێكی كۆن بۆ نموونە لەسەر گەدە یان ریخۆڵە یاخۆ هەر ئەندامێكی تر جەستە، شوێنەوارەكەی بۆ ئەندامێكی تری جەستە بگوازرێتەوە، لە ناویاندا ماسولكەكانی مل و جومگەكانی، ئەویش بەهەمانشێوە ئازار دروست دەكات.

دواتریش پزیشكەكە دەڵێت ئەو نموونانەی بۆ ئازاری مل هێنامەوە، حاڵەتێكی گشتیی جەستەیە، بۆیە دووپاتی دەكەمەوە هەر برینێك یان لێدانێكی كۆن یان هەوكردنێكی كۆن، ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی ئازار لە ئەندامێكی تری جەستە، بۆیە پێویستە پزیشكی پسپۆر پشكنین بۆ ئازاری مل بكات و هۆكاری دروستی ئازارەكە دەستنیشان بكات و دواتریش چارەسەری بكات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *