هەردوو باڵی هێز و ڕێز، ڕوانگەیەکی نوێ بۆ ڕۆڵی پۆلیس

بینەر: (687)

لە پرۆسەی نوێبوونەوە و بەردەوامیی ڕیفۆرمە کارگێڕی و تەناهییەکانی وەزارەتی ناوخۆدا، تێگەیشتنێکی هاوچەرخ بۆ ڕۆڵ و ئەركی دامەزراوەی پۆلیس بەرەو پێشەوە دەچێت. لە کاتێکدا لە ڕابردوودا وێنەی پۆلیس تەنیا لە ڕەهەندی هێز و سەپاندنی سزاکاندا کورت دەکرایەوە، وتەیەکی وردی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، چوارچێوەیەکی ته‌واو جیاواز و گشتگیر بۆ ئەم دەزگایە دیاری دەکات، کاتێک گوتی: “پۆلیس دوو باڵی هەیە (هێز و ڕێز).

ئەم تێڕوانینە تەنیا گوزارشتێکی زمانەوانی یان دروشمێکی میدیایی نییە، بەڵکو فەلسەفەیەکی پیشەیی بەرزە بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان سەروەریی یاسا و خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا.

باڵی هێز: پەرژینی سەروەریی یاسا

هێز لە ئەدەبیاتی دەوڵەتداری و ئاسایشدا، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی و بەرپەرچدانەوەی تاوان. باڵی هێز لای پۆلیس بە مانای زۆرداری یان بەکارهێنانی دەسەڵات نایەت بەبێ یاسا، بەڵکو نوێنەرایەتیی ئەم هەنگاوانە دەکات:

1-چەسپاندنی سەروەریی یاسا: جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و یاسا بەبێ هیچ جیاوازییەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی یا ناوچەیی.

2-پاراستنی ئاسایشی گشتی: بەرەنگاربوونەوەی تاوانکاری، دروستکردنی ئارامی و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان.

3-پاراستنی هەیبەتی هەرێمی کوردستان: نیشاندانی دەسەڵاتی یاسا بەرانبەر بەوانەی دەیانەوێت پشێوی بڵاو بکەنەوە، یان سەلامەتی کۆمەڵگە بخەنە مەترسییەوە.

باڵی ڕێز: ئەخلاقی پیشەیی و خزمەتگوزاری

بەبێ باڵی دووەم، هێز دەبێتە ڕەفتارێکی ڕەق و دوور لە گیانی دادپەروەری. باڵی ڕێز جەخت لەسەر لایەنە مرۆیی و ئەخلاقییەکەی ڕێکخستنی کۆمەڵگە دەکاتەوە کە بریتییە لە:

1-خزمەتگوزاری بە بەرزترین ئاست: مامەڵەکردنی موحتەرەم و ئاسانکاری لەگەڵ هاووڵاتییان لە فەرمانگە کارگێڕییەکان و خاڵەکانی پشکنیندا.

2-ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ: پاراستنی کەرامەتی تاک لە هەموو قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دەستبەسەرکردن و ڕاپەڕاندنی مامەڵەکاندا.

3-فەرهەنگی گفتوگۆ و هاوسۆزی: پەرەپێدانی ئیتیکی ئاخاوتن و دروستکردنی کەشێکی پیشەیی کە تێیدا هاووڵاتی هەست بە ئاسودەیی و ڕێز بكات.

هاوسەنگیی هەردوو باڵەکە: کلیلەکە بۆ متمانەی جەماوەر،

گرنگیی ئەم ڕوانگەیە لەوەدایە کە پۆلیس ناتوانێت بە تەنیا بە یەک باڵ لە ئاسمانی دادپەروەریدا بفڕێت. هێز بەبێ ڕێز دەبێتە هۆی دروستبوونی مەودا لە نێوان هاووڵاتی و پۆلیسدا، هەروەها ڕێز بەبێ هێز دەبێتە هۆی لاوازبوونی سەروەریی یاسا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *