گەشتیاری ئایدۆلۆجی

بینەر: (1.0K)

ئەم چەند مانگەی دوایی و لە گەرمەی شەڕی نێوان ئەمەریکا-ئیسرائیل و ئێران و هەموو ئەو پێشهاتە وردانەی بەدوای خۆیدا هێنای، کوردستان شایەتحاڵی بەڕێوەچوونی دەیان کۆڕ و کۆبوونەوە و هەروەها ئاراستەکردنی دەیان هەڵوێست و ڕا و بۆچوونی جیاواز لەبارەی دیمۆگرافی و دەسکاریکردنی ڕێژەی دانیشتوان بوو. هەموو ئەم دانیشتنانە بێگومان لە جۆرێک وشیاری و هەستیاریی نەتەوەییەوە دێن کە درکی بە مەترسیی ستراتیجی نوێی تەعریب و شێواندنی جیۆگرافیا و باری حەشیمەت كردووە.

هەموو ئەم ڕووداوانە لە تۆڕەیلی کۆمەڵایەتی لێکەوتەی خۆی دەبێت و لانیکەم لە ئاستی ناوچەکەدا داگیرکەرانی کوردستان بە ڕژدی چاوەدێریی دەکەن. شتێک کە ڕەنگە لە کۆی ئەم بابەتانەدا کەمتر ئاوڕی لێ درابێتەوە، پەروەردەی بەعسیزمانە یان پەروەردەی فاشیزمی هەناوی عرووبە بوو. بێگومان بابەتی زۆر و بەپێز خرایە ڕوو، بەڵام ئەمە زۆر لەنگەری لەسەر نەگیرا، ڕەنگە هۆکارەکەیشی ئەوە بێت ئەو تێڕوانینانە نەیانەوێت ڕاستەوخۆ بەر واقیعێکی تاڵ بکەون کە ئێستە لە بەرانبەرمان ڕاوەستاوە، ئەویش لەشکرێک لە هاووڵاتیی پەروەردەکراو بە کولتووری دژەکورد و بە عرووبە سواغدراون کە لە عێراقدا ئامادەن و لە شیوەی جۆراوجۆر و بە ناوی گەشتیاریشەوە ڕوو لە کوردستان دەکەن. دوو نموونەی گەرماوگەرمی ئەم ڕۆژانەتان بۆ دەگێڕمەوە کە ڕەنگە لە تۆڕەیلی كۆمەڵایەتیش ڤیدیۆکانتان بینیبێت.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستە، گەشتیارێکی عەرەب گوایە بۆ سەردانی ئەشکەوتی قزقاپان هاتووە، گرتەیەكی ڤیدیۆیی خۆی تۆمار كردووە و دەردەكەوێت كە دەیەوێت لەو تەلبەندەی حکوومەت بۆ پاراستنی ژینگەی شوێنەکە دروستی كردووە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مادەکان و گۆڕدەخمەیە، تێكبدات و بچێتە ژوورەوە، دەچێت و فەزای شوێنەکە دەڕووشێنێت.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەم کردەوەیە هەمان ئەو کردەوە باوەیە کە هەندێ کەسی دواكەوتوو لە هەموو شوێنە مێژووییەکان دەیكەن، گوایە دەیانەوێت یادگاریی جێبێڵن؟ واتە بەشێوەیەک (ئەگەرچی زۆر نزم و چرووکە) دەیانەوێت بەشدار بن لە مانەوەی ناوی خۆیان لە شوێنێکی درەوشاوەدا. ئایا سایکۆلۆجیایەکی ساویلکانەی وەها لە پشت کردەوەی گەشتیارە عەرەبەکەیە یان خواستێکی ئایدۆلۆجی بۆ دژایەتیکردنی هەموو شوێنەوار و هێمایەکی بوونی کورد؟ بە باوەڕی من ئەمەی دووەمیان زیاتر ڕێی تێ دەچێت. با چاوێک لە مێژووی عێراق و گوتاری میدیا و کەناڵە عەرەبییەکان بکەین، فاشیزمێک دژی کورد لە گەڕدایە لە سەردەمی سەدام زیاترە.

نموونەی دووەم ئەو کچەیە کە وەک لە ڕاگەیاندنەکاندا دەردەکەوێت لەشفرۆش بووە و لەگەڵ کەسێکدا وەک مامەڵە ڕێککەوتووە و دواتر کەسەکە پارەکەی نەداوەتێ و ئەویش هاتووە شتەکەی ئاشکرا کردووە و جاڕی ڕیسوابوونی خۆی داوە. بەڵام لە پاڵ ئەمەدا /گوایە ویستوویەتی وا مافەکانی خۆی وەرگرێتەوە/ هەموو کورد تاوانبار دەکات. واتە هەموو کورد دادەبەزێنێتە سەر ئاستی کەسێک کە خۆی لەگەڵیدا ڕۆیشتووە و دواتر کەسەکە پارەکەی نەداوەتێ. بۆیە دیسان پرسیارەکەی سەرەوەمان بەشێوەیەکی دیکە لە بەردەمدا قوت دەبێتەوە، ئایا ئەم لەشفرۆشە لە ساویلکەیی خۆیەوە وایکرد و کوردی یەکسان کردووە بە کڕیارێک یان نا بەشێوەیەکی وشیارانە ئەمەی کردووە؟

بێگومان لای من وەڵامەکە لە دەرەوەی هەردوو ئەگەرەکەیە، واتە ئەگەر وشیارانە نەبێت، پەروەردەیەک کراوە کە ناوشیارانە کورد وەها ببینێت و بەم کارەی کەناڵ و مێدیا عێراقییە فاشییەکان لە دژی کورد و هەرێمی کوردستان هان دا. ئەمە ئەو تەلیسمەیە ڕەنگە ئێمە زۆر کەم لەسەری بوەستین. لە نموونەی یەکەمدا وشیارانە و لە نموونەی دووەمدا ناوشیارانە کورد وەک بوون و شتێکی شیاوی لەناوبردن و ڕەتکردنەوە دەنوێنرێتەوە.

کارەساتەکە هەر لێرەدا کۆتایی نایەت، لە نموونەیەکی وەک ئەمەی دووەمیان بەهۆی ئەوەی خانمێکی گەنجە و فرمێسکیش دەڕێژێت و خشپیلەشە، ڕای گشتیی زیاتر دەورووژێنێ، زۆرینەی خەڵکی ئاسایی بیر لەوە ناکەنەوە وردەکاریی ڕووداوەکە چۆن و چی بووە، ئەوان تەنیا ساتێکی هەستیار و سۆزاوی دەبینن کە خانمێک بەهۆی کەتنێکی شاراوەوە خولقاندوویەتی. ئەم سۆزدارییە دەچێتە پاڵ هەستێکی وشیار یان ناوشیارانەی عرووبە و عەرەبپەرستیی مێژووییەوە و کوردستان وەک زەوی حەرام و شیاوی ئەنفال لە زەینیاندا پێناسە دەکاتەوە.

کاتێک هەندێک توێژەر و چاودێری کورد لێرەولەوێ دەڵێن ئێستەیش لەناو ئەنفالدا دەژین، بێگومان بەهۆی ئەم نیشانە و ئاماژە شۆڤێنییە کۆمەڵایەتیانەوەیە، پوختە و گوشراوەی ئەم نووسینە ئەوەیە، سیاسەت و کۆمەڵگە دوو جەمسەری پێکەوە گرێدراون و ناوەندی ئەم گرێدانەیش ئەو کولتوورەیە کە ڕەگەزی هەردووکیانی لێوە هەڵقوڵاوە. ئایا ئەم دوو جەمسەرە لەناو دیالیکتیک و دانوستانێکی سەردەمیانەدا ژیاون و دەژین تا تۆزێک لە ڕۆحی ئەویتر قبووڵ بکەن و پێکەوە بژین؟ هەر کەس بە ئەرێنی وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، دیارە نە زاکیرەیەکی مێژوویی تەندروست و پتەوی هەیە، نە هێندە قاڵبوونەوەی هەیە تا لە کاڵفامی و خەیاڵپڵاویی دەربازی بووبێت.

بۆ چارەسەری كێشەكانی گەشتیاری شۆڤێنی، پێشنیار ئەوەیە داودەزگای حکوومەت ڕێوشوێنی یاسایی توند بگرنە بەر، بەشێوەیەک نە خەسار بەر لایەنە ئابوورییەکەی گەشتیاریی بکەوێت و نە شوێنەوار و شوێنە مێژووییەکانی کوردستان و هەروەها کەرامەتی کۆمەڵگەی کوردی بڕووشێت، بە هۆی وەها دۆسیەگەلێكەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *