زمان و شوناس (بەبۆنەی ڕووداوەکانی خانەقین)

بینەر: (946)

لەبارەی پێوەندیی مرۆڤ، زمان و شوناس لە فەلسەفە و زانستە مرۆییەکان و بە تایبەتی کۆمەڵناسی و دەروونناسیدا، زۆر قسە و باس کراون، بەڵام پێش هەر شتێک ئەم سەردێڕەی من مەبەستی سیاسی و پراکتیکیی هەیە. لەوەدا کە زمان هەڵگر و گوازەرەوەی شوناسی هەموو مرۆڤێکە، گومان نییە و زمان یادەوەری و گێڕانەوەیە، پاراستنی کاتە لە سۆنگەی ئەم توخمانەوە و دروستکردنی داهاتووە بەهۆی ئەم پاراستن و هێشتنەوەیەوە. لەو ساتەوەی کورد تووشی دابەشبوون و لێکدابڕن بووە و لەناو بازنەی ململانێی خۆجێی و نایەکانگیریی، دەستی دەرەکیی ستەمکار هاتە ژوورەوە و داهاتووی خەڵکانێکی خاوەن مێژوو و زمان و چاندی خستە ژێر باندۆری خۆیەوە، تا ئێستە زمانی کوردی بە هەموو هێزییەوە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریدا بووە.

بێگومان بەو ڕوانگەیەی زمان بە بەرگریکاری ناو سەنگەر وێنا بکەین، بەو مانایە نییە دیدگایەکی ئامرازیانەمان بۆ زمان هەیە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە زمان خۆی هێندە پێکهاتەیەکی خۆبژێو و ئامانجمەندە، دەتوانێت وەک یادەوەرییەکی گشتی بەرگری لە خۆی بکات. زمان لێرەدا ئامانجێکە بەرگریی وەک ئامراز و تەکنیک بەکار دێنێت. مێژووی کورد لە هەموو ئەو قۆناغانەی ستەمکاری ناسیوە و ڕووبەڕووی بووەتەوە، شایەتحاڵی پەرچەکرداری زمانیش بووە، لە هەمبەر هاتنی ئیسلامدا بەردنووسراوەی هورموزگانمان هەیە، لە سەردەمی هێرش و هاتنی ڕووس و گاوردا، بەیتە کوردییەکان هەن، لە سەردەمی نادیدەگرتنی کورد لە هاوکێشە و حوکمڕانیدا، مەم و زین لە دایک دەبێت و لە سەردەمی نوێبوونەوەی قوستەنتینەدا، زمانی کوردپەرەوەر و ڕەخنەگرانەی حاجی قادر لەدایک دەبێت و لە سەردەمی شاخیشدا زمانی ئاگراوی شێرکۆ بێکەس گڕ دەگرێت.

هەموو ئەم قۆناغانە هاوکات قۆناغی زمانی کوردیشن، قۆناغی زەینییەتێکی مێژوویی کوردیشن وەک ئاخێوەری ئەو زمانە و هەڵگری ئەزموون و ئازار و چێژ و یادەوەرییەکانی ئەو زمانە. زمان لە هەموو ئەم قۆناغانەدا بە کۆمەڵێک ئایدۆلۆجیای پێشمۆدێڕن و پاشمۆدێڕن، واتە هەم حكوومەتە پاشایەتییەکانی وەک عوسمانی و سەفەوی و هەمیش حکوومەتە مۆدێڕنەکانی وەک تورکیای کەمالی، گەمارۆ دراوە و لە هەموو ئەم قۆناغانەیشدا بەرگری و بەرخۆدانی کردووە. بەڵام دەبێت ئاگامان لەوە بێت کە ئەم زمانە بێ برین نییە، زامار و ماندوویشە، بەڵام هێشتایش بەهێز و سەرفراز و زیندووە، بۆیە دەبێت ئاگامان لەو جێ برینانە هەبێت زۆر تەشەنە نەکەن. لەم ڕوانگەیەوە زمان پارێزەری کیان و بوونێکە، دیاریکەری قەبارە و جیۆگرافیایەکی واقیعیە و هەندێ جاریش سەروو واقیعە.

بەم ڕوانگە گشتییەوە، گرینگیی زمان بۆ پاراستنی کیانی سیاسی و لەشکری مەیدانیی بۆ بەرگری لەم کۆڵەکەیە، زیاتر بەرجەستە دەبێتەوە. ڕاستییەکەی من بەپێی ئەزموونی خوێندنەوە و تێگەیشتنم لە گوتار و هەڵوێستی سیاسییەکانی کوردستان، بەو قەناعەتە گەیشتووم، زمان ئەو پێگە باڵا و شایستەیەی نییە لەناو یاریی و پێکهاتی سیاسیی کوردستاندا. بێگومان غەدرە بڵێین خزمەت نەکراوە و زەوینەی گەشە و پێشکەوتنی لەلایەن دەزگا حکومی و ناحکوومی و ڕۆشنبیرییەکانەوە بۆ نەڕەخساوە، بەڵام بەراورد بەو ئەرکە قورسەی دراوە بەسەر شانی زمانی کوردیدا و ئەو برینە تیمارنەکراوانەی لێیکەوتوون، وەك پێویست نەبووە. واتە زمان کە هەلێکی ڕێژەیی بۆ دەڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی بەرهەمی پێ بئافرێنرێ، پێویستی بە پارێزەری نازمانیش هەیە، كەواتە ئەگەر هێز و دەسەڵاتێک نەبێت خۆی بە پارێزەری ئەو زمانە و سەر بەو زمانە بزانێت، چۆن دەتوانێت لە ڕووێ دەروونی و کولتوورییەوە بەرگرییەکی سیاسی و یاسایی لێ بکات؟

هیچ دەسەڵاتێکی سیاسیی بێلایەنیی خۆی بەرانبەر زمان و بوونی خۆی ڕاناگەیەنێت، ئیتر چ بە شێوەی راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ. با بابەتەکە بەرهەستتر پێشان بدەم، لەم ڕۆژانەی دواییدا کاتێك خانەقین وەک ناوەندی چڕبوونەوەی تەعریب دەنگی زڕا، /بەداخەوە لەمێژە لەلایەن پرۆژەی سیاسیی کورد و گوتاری کوردییەوە پشتگوێ خراوە و ئێستە دنەی هەستانەوەی دەدرێتەوە/، بە ئاسانی بینیمان ئەگەر هێزێک نەبێت بەرگریی لە زمانەکەت بکات، هێزی دیکە دێت و سەرکوتی دەکات، هەم بە یاسا و زرێپۆش و لەشکر، هەم بە زمان و کولتوور و هەژموون و فێڵەکانییەوە دێت.

پارێزگاری دیالە لەبارەی ئەو کەسەی تابلۆی دووکانەکەی کردووە بە زمانی کوردی، دەلێت “لەبەرئەوە نەگیراوە، بەڵکوو لەبەر هاندانی ڕای گشتی و گێرەشێوێنی گیراوە و هەڵبەت من ئاگام لە وردەکارییەکان نییە. ئەمە دیارە چ جۆرە یارییەکە، بۆ ڕۆژی دواتر کە شارەوانی هەولێر ڕای گەیاند تابلۆی هەر دووکانێک بە زمانی کوردی نەنووسرابێت، لێ دەکرێتەوە، شیاوترین پەرچەکردار بوو لە هەمبەر ئەو یاساشکێنییەی عرووبە و بەغدا لە خانەقین.

هەڵبەت ئەمە دیسان بەو واتایە نایەت پێگەی زمان لە هەولێر و سلێمانی و ئاستی بەهاپێدان و خزمەتكردنی زمانێکی دەوڵەمەند و کەڵەگەت بەڵام بریندار، لە ئاستێکی شیاودایە. ئەم ڕوانگەیە بۆ زمان و هێز و شوناس، دەبێت بە شیلگیرانە و لەبیرنەکراوانە پشتگیریی بکرێت و بەردەوام بێت، ئەگینا کردەوەی سیمبولی هیچ بە ئێمە نابەخشێت، قۆناغی سیمبولسازیی کلاسیک وەک خەون و دروشم تێپەڕێ، زمان ئێستە دەبێت لە ناو داودەزگا و سیستم و تۆڕی سیاسی و دەسەڵات و دامەزراوە ئیداری و کۆمەڵایەتییەکاندا ئامادەیی چالاکی هەبێت، ئەگینا هەروەک ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووی دا، دیزەبەدەرخۆنە دەکرێت و بەناوی وانەی ئارەزوومەندانەوە سنووردار دەكرێت و وەک سەرکەوتنی درەوشاوەی مێژوویی پێمان دەفرۆشنەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *