ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەو ئاماژانەی دەرخەری قەیرانن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زیاتر زەق دەبنەوە و بێگومان یەکێک لە ئەرکەکانی ئێمە پێشاندانی قەیرانەکان و دروستکردنی ئەو زەوینەیەیە کە ڕێگەی چارەسەریان بۆ بڕەخسێنیت. ئەم ڕۆژانە بەرنامەیەکم لەسەر ئاستی کتێبخوێنی و کۆی تۆڕی کتێبفرۆشی و کتێبسێنەکان بینی، ئەوەی دەبینرا زۆر نائومێدکەر بوو. یەکێک لە کتێبفرۆشەکان ڕاستییەکی مانادار و تاڵی درکاند و وتی، ئەگەر تەڕەتیزەم بفرۆشتایە لە کتێب باشتر بوو. ئەم قسەیە لە واقیع و ڕوانگەیەکی سەر شەقامەوە دەبیسترێت و دەرخەری کەڵکەڵەی کۆمەڵگەیە لە زاری دەمڕاستی ڕەسەن و ڕاستەوخۆوە.
هێنانی ناوی تەڕەتیزە شتێکی بە هەڵکەوت نییە، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ دوو شتی گرینگ: یەکەم ئەوەی ژینگەی کورستان هێشتا ژینگەیەکە لە خەمی بژێوییە سەرەتاییەکاندایە و ئاماژەی دووەمیش ئەوەیە کە مەسرەفکردن (جیاواز لە ئاستە پێویست و ژیانەکییەکەی) لە سەرووی ڕیزی خشتەی پێویستییەکانی مرۆڤی ئێمەوەیە. بەداخەوە هەردوو ئاماژەکە لە واقیعدا دەبینرێن و کاریگەرییان بەسەر بەشی کولتوور و کتێبخوێندنەوەوە دیارە.
پێویست بە گوتن ناکات كە کتێب و کتێبخوێندنەوە لە هەموو ژیار و کولتوورەکاندا پێوەرێکی سەرەکییە بۆ دەستنیشانکردنی ئاستی پێشکەوتن و زیندوویی کۆمەڵگە. خوێندنەوەی کتێب تەنیا تەواوکردنی پەڕەكان نییە، بەڵکوو جووڵەی هێزی عەقڵ، جوانیپەرستی و حەزی گفتوگۆ و تاسووقی پێوەندیی کۆمەڵایەتییە کە پێكەوە کۆمەڵگەیەکی زیندوو و پڕ لە جووڵە دروست دەکەن. بەرنامەكە چووە ناو هۆڵەکانی کتێبخانەی گشتیی سلێمانی و ئەو چۆڵەوانییە خەمناکەی پێشان دا کە چەپڵە دەنگی دەدایەوە تێیدا. ئێمە ئەو کتێبانە دەبینین کە جگە لە چەند دەستێکی ماندوو هیچ کەسێک توخنیان ناکەوێت و تۆزی سەر بەرگ و لاپەڕەکانیان ناتەکێنێ.
بێگومان هەڵەیە ئێستە تەنیا فۆکس بخەینە سەر شاری سلێمانی و بە دەربڕینانێکی لایەندارانەوە گلەیی تەنیا لە شاری ڕۆشنبیریی بکەین و بڵێین ڕۆشنبیری و کولتوورەکەی لە کیس داوە. نەخێر. سلێمانی هێشتا شارێکی زیندووە، مێژوویەکی کولتووری و ئەدەبی و ڕۆشنبیریی هەیە، بەڵام لە دۆخێکی قەیراناویدایە و ئەو سیمایەی جارانی شێوێندراوە، هەڵبەت هەر ئەو وزە و پوتانسێڵەی جاران، ئەگەرچی شاراوە و خەوتوو بێ، هەر لە هەناویدا هەڵگرتووە.
ئێمە دەبێت باسی قەیرانی غەریبکەوتنی کتێب و کتێبخوێنی لە ئاستێکی سەرانسەریی کوردستاندا بکەین، کام ئامارانە پێمان دەڵێن ڕێژە و ژمارەی کتێبخوێندن لە هەولێر و دهۆک زیاترە لە سلێمانی و کەرکووک و شارەکانی دیکە؟ بێگومان مەبەستی ئەم پرسیارە ئەوەیە دۆخێکی زاڵ و گشتگیر لە ئاستی کولتووریی، زمان، ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردستاندا هەیە و دەبێت لەو ئاسۆ بەرفرەوانەوە بیبینین، ئەگینا شیکاری و خوێندنەوەکەمان کورتبڕ و کاڵ دەردەچێت.
وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، بژێویی ژیان و دۆخی ئابووری، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کاتی ئازاد و تاقەتی تاک هەیە تا خۆیان لە گوشاری ڕۆژانە داتەکێنن و دەست بۆ کتێبێکی ببەن. کەواتە تا باشترنەبوونی دۆخی ئابووری، نابێت چاوەڕوانی ئەوە بکەین خەڵک کتێب بخوێننەوە؟ وەڵامی من نەخێرە. بۆ وردبوونەوە لەم بابەتە دەتوانین بەو پرسیارەوە دەست پێ بکەین، ئایا لەو وڵاتانەی کێشەی ئابوورییان هەیە، کتێب ناخوێنرێتەوە؟ یا کتێب تەنیا دەبێت لەوپەڕی ئازادی و بەتاڵیدا بخوێنرێتەوە؟ ئایا ژمارەی ئەو کەسانەی لە دەستڕٶیشتوویی و زەنگینیدا کتێب دەخوێننەوە زیاترن لە ئاپۆرا و گشت خەڵکی؟
پێم وایە دۆخی کتێب و کتێبخوێنی، گرێ دراوە بە کۆمەڵێک مەرجەوە یەکیان باری ژیان و بژێوییە، بەڵام ئەمە تەنیا مەرج و دوامەرج نییە بۆ ئەوەی جیهانی کتێب و خوێندنەوە غەریب بکەوێت، ئەگەر بە زەینێکی کراوەوە چاو لە کتێب و دیارییەکەی کە مەعریفە و فکر و جوانییە بکەین، تێدەگەین کتێب بەرلەوەی دژی تاقەت و توانا و کاتی ئێمە بێت، ڕێنیشاندەر و فریادڕەسە.
لە کاتی قەیران و دەستەوەستانیدا کام مرۆڤ و چ مامۆستایەک هێندەی کتێب ڕاستگۆ و بێمنەتانە بەرچاومان ڕوون دەکەنەوە و هێوریمان دەدەنێ؟ ئایا لە سەردەمی قەیرانە گەورە مرۆییەکاندا و تەنانەت لە بەرەکانی شەڕە جیهانییەکاندا، کتێب نەدەخوێنرایەوە؟ مێژوو پێمان دەڵێت، کتێب هاوشانی ترسی مەرگ و گولە و توێشەبەرە و مەتارەی ئاو، لە سەنگەرەکاندا بووە و بگرە یەکێک لە ژێدەرەکانی هیوای مانەوە و ئاسۆی ژیان بووە. کەواتە دەتوانین بڵێین، سەرباری قەیرانی بژێوی کە بێگومان مەرجی هەرە سەرەکییە بۆ ئەو پرۆسەیە و سەرەڕای زاڵبوونی کولتووری مەسرەفگەرایی و سەرمایەدارانە، ئەم بایە لە درزێکی دیکەوە دێت، ئەویش جێگیرنەبوونی قووڵی کولتووری خوێندنەوە و ڕێکنەخستنەوەیەتی لە کاتی ئەو قەیرانانەی کە ڕیز و یەکێتیی کتێب و خوێنەر تێکدەدات و ئامرازی پێویستە تا دووبارە ڕێک بخرێتەوە.
كەواتە پەرەپێدانی کولتووری خوێندنەوە و هەستانەوە لەژێر ئەو گوشار و قەیرانانەدا، ئەرکێکە دەبێت کۆڵی لێ نەدەین، مێژووی مانەوەمان سەلماندوویەتی کولتووری زەنگین و بەهێزمان بڕبڕەی پشتی مانەوە و بە پێوە وەستانمان بووە و ئەم دۆخەی ئێستە، دەتوانێت ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی بڵێت فەرموون کێشەکان چارەسەر بکەن، دەکرێت نیشانەیەکیش بێت بەوەی تووشی نوشوستییەکی کولتووری و شارستانی بووین. هەركامیان بێت، مایەی تێڕامانە.
















Leave a Reply