سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای بەغدا رای گەیاند، لە ماوەی چەند سەعاتێكی رابردوودا دوو ئافرەت لە شاری بەغدا خۆیان كوشتووە، یەكیان كچێكی هەرزەكارە و ئەوی تریشیان پزیشكێكی بواری ددانە.
سەرچاوە تەناهییەكە بۆ پێگەی “شەفەق نیوز” قسەی كردووە و گوتی، كچێكی تەمەن 15 ساڵ و لەدایكبوونی ساڵی 2011، لە گەڕەكی بەیاعی باشووری بەغدا و لەناو ماڵكەی خۆیاندا، خۆی كوشتووە و وەك كەسوكارەكەی بۆ پۆلیس رایان گەیاندووە، كێشەی دەروونیی هەبووە، بۆیە هیچ سكاڵایەك لەبارەی ئەو رووداوە تۆمار نەكراوە.
سەرچاوەكە زیاتر لەبارەی جۆری خۆكوشتنەكە گوتی، ئەو كچە لەناو ژوورە تایبەتەكەی لە ماڵەكەیاندا و لە رێگەی گوریسەوە بە سەقفی ژوورەكە، خۆی خنكاندووە. وێڕای ئەوەی كەسوكارەكەی دەڵێن كێشەی دەروونیی هەبووە، بەڵام لێكۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەكە دەكرێت.
ئەو رووداوە دوای ئەوە دێت لە چەند سەعاتێكی پێشتری ئەو رووداوەی خۆكوشتنی كچە هەرزەكارەكە، لایەنی تەناهی و تەندروستیی بەغدا، تەرمی ئافرەتێكی تریان لە گەڕەكی ئەعزەمیە و لە پردی 14ی رەمەزان دۆزیوەتەوە، ئەویش پزیشكێكی بواری ددانە و رووداوەكەیش بەهەمانشێوە خۆكوشتنە.
سەرچاوەكە زیاتر روونی دەكاتەوە، ئۆتۆمبێلی ئەو پزیشكە ئافرەتە لەسەر پردی 14ی رەمەزان بەجێهێڵرابوو و خۆیشی خۆی فڕێ داوەتە ناو رووبارەكە، پۆلیس تەرمەكەی هەڵگرتووەتەوە و لێكۆڵینەوەی زیاتری لێ دەكرێت.
دۆخی خراپی دەروونی و تەناهی و ئابووری لەلایەك و دواكەوتوویی بەشێكی زۆری كۆمەڵگە و هاوكات داونەریتە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەكی تر، هۆكارگەلێكن بۆ دیاردەی خۆكوشتن لە عێراقدا، بۆیە خۆكوشتن لەو وڵاتە بووەتە دیاردە و بەتایبەتی بەغدا زۆرترین ژمارەی ئەو رووداوانەی تێدا روو دەدەن، بەڵام بەراورد بە هەرێمی كوردستان، ئەو رووداوانە زۆر كەم بوونەتەوە و لە ئاستی دەگمەندایە.
















Leave a Reply