سەرچاوەیەكی تەناهی ئەمڕۆ رای گەیاند، شەوی رابردوو دوو رووداوی خۆكوشتن لە بەغدا روویان دا، یەكیان ئافرەتێكە و گیانی لە دەست داوە، ئەویش تر گەنجێكە و دۆخی لەوپەڕی خراپیدایە، ئەوە لە كاتێكدایە رۆژی پێشتریش دوو رووداوی هاوشێوە لەو شارە روویان دا.
سەرچاوە تەناهییەكە بۆ “شەفەق نیوز” زیاتر گوتی، شەوی رابردوو ئافرەتێك لە ناو ماڵەكەی خۆی لە گەڕەكی حەی سیحەی سەربە دۆرە لە بەغدا، لە رێگەی گوریس و هەڵواسینی بە پانكەی ژوورەكەیەوە، خۆی خنكاندووە. هاوكات گەنجێكیش كە لەدایكبووی ساڵی 2000ـیە و نیشتەجێی گەڕەكی ئوم ئەكبەر لە رۆژهەڵاتی بەغدایە، بەنزینی بە جەستەی خۆدا كردووە و ئاگری لەخۆی بەرداوە، رێژەی سووتانەكەی 80%یە و دۆخی لەوپەڕی خراپیدایە.
لەبارەی ئافرەتەكەیشەوە سەرچاوەكە تەناهییەكە گوتی، كەسوكارەكەی لە لێكۆڵینەوەدا گوتوویانە كێشەی دەروونیی هەبووە، هاوكات لێكۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەكە دەكرێت.
لەبارەی رووداوی خۆسووتاندنەكەی گەنجەكەیشەوە سەرچاوەكە گوتی، كەسوكاری ئەویش لە لێكۆڵینەوەدا ئەوەیان گوت كە پاڵەپەستۆیەكی زۆری دەروونیی لەسەر بووە. ئەوە لە كاتێكدایە لە زۆربەی رووداوە خۆكوشتنەكاندا كەسوكاریان ئاماژە بەوە دەدەن، هۆكارەكەی تێكچوونی دۆخی دەروونیی قوربانییەكان بووە.
دۆخی خراپی دەروونی و تەناهی و ئابووری لەلایەك و دواكەوتوویی بەشێكی زۆری كۆمەڵگە و هاوكات داونەریتە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەكی تر، هۆكارگەلێكن بۆ دیاردەی خۆكوشتن لە عێراقدا، بۆیە خۆكوشتن لەو وڵاتە بووەتە دیاردە و بەتایبەتی بەغدا زۆرترین ژمارەی ئەو رووداوانەی تێدا روو دەدەن، بەڵام بەراورد بە هەرێمی كوردستان، ئەو رووداوانە زۆر كەم بوونەتەوە و لە ئاستی دەگمەندایە.
















Leave a Reply