پەرلەمان باسی چاکسازی دەکات لە کاتێکدا میللەت بە مۆەلیدە دەژی

بینەر: (7.9K)

محمد سەمەد مەحمود

ئۆرکێسترایەکی گەورە لەناو هۆڵێکی داخراودا جوانترین ئاوازی باران دەژەنێت، بەڵام جەماوەرەکەی لە دەرەوەی دیوارەکان بەدەست تینوویەتییەوە دەمرن و پارە دەدەن بۆ کڕینی یەک قوم ئاوی پیس. هاوڵاتییەکی ماندوو دەبەیەکی خاڵی بەدەستەوەیە و گوێ لە هاژەی مۆەلیدەی گەڕەکەکەی دەگرێت، لە کاتێکدا لە شاشەی تەلەفزیۆنەکەیەوە دەبینێت نوێنەرەکانی لەسەر کورسییە نەرمەکانیان دانیشتوون و بە زمانێکی پاراو باس لە “چاکسازی” دەکەن. ئەم دەسەڵاتە شارەزایە لە دروستکردنی وەهم؛ ئەوان لەناو پەرلەماندا یاسا دەردەکەن، بەڵام لەسەر شەقامەکان ڕێگە دەدەن خەڵک تەنها بە واستە و کلکایەتی بۆ حیزب بتوانن مافی هەناسەدانیان هەبێت.

کاتێک باس لە چاکسازی دەکرێت لەناو ئەم دامەزراوەیەدا، مەبەست لێی ڕزگارکردنی میللەت نییە لە قەیرانی دروستکراو، بەڵکو تەنها شانۆگەرییەکە بۆ شاردنەوەی ئەو تاڵانچییانەی کە ڕۆژانە باجی ناڕەوا دەسەنن. چۆن پەرلەمانێک دەتوانێت باسی گۆڕانکاری بکات، کاتێک ئەندامەکانی خۆیان بەشێکن لە سیستەمی پشک پشکێنە و بە فەرمانی کۆمپانیا حزبییەکان دەنگ دەدەن؟ لێرەدا دەوڵەت نەماوە؛ ئەوەی هەیە کۆمەڵێک مشەخۆرن کە بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن و ئاوی پاک و کارەبایان کردووەتە کاڵایەکی گرانبەها لەناو ئابووری سێبەری خۆیاندا، تا هاوڵاتی ناچار بێت بۆ بچووکترین مافی ژیان لە دەرگای دەسەڵاتی بنەماڵە بدات.

“ئەوان زۆر باش دەزانن چی دەکەن، کەچی هێشتا دەیکەن” ئەمەش هەمان ئەو شانۆگەرییە قێزەونەیە کە لە پەرلەمانی لوبنان لە کاتی داڕمانە گەورەکەی ئابووریدا ڕووی دا، کاتێک سیاسییەکان بە کەشخەییەوە باسیان لە پلانی ستراتیژی دەکرد، لەکاتێکدا مافیاکانی مۆەلیدە و ئاو دەوڵەتیان قوتدابوو و خەڵک لەسەر نان یەکتریان دەکوشت. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لەوانەی لوبنانیش ڕووقایمترن؛ ئەوان دەزانن کە میللەت لە تاریکی و بێئاویدا دەژی، بەڵام بێشەرمانە درۆی چاکسازی دەفرۆشنەوە بەو کەسانەی کە پارەی دزراوی میللەتەکانیان کراوەتە پرۆژەی وەهمی و مۆنۆمێنتی بێسوود.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *