سعوودیە بووە 20مین هاوپەیمانی سەرەكیی ئەمەریكا.. مانای چییە؟

بینەر: (1.4K)

ئێستە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە لە ئەمەریكایە، لە هەنگاوێك بەرجەستەی قووڵیی پێوەندیی ستراتیجیی ئەمەریكا و سعوودیە دەكات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەفەرمی سعوودیەی وەك هاوپەیمانێمكی سەرەكیی ئەمەریكا لە دەرەوەی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسیی (ناتۆ)، پۆلێن كرد، بەوەش بووە 20مین دەوڵەت ئەو پۆلێنەی پێ ببەخشرێت.

ئێستە جیا لە سعوودیە، هەریەك لە ئەرجەنتین و ئوسترالیا و بەحرێن و بەرازیل و كۆڵۆمبیا و میسر و ئیسرائیل و ژاپۆن و ئوردن و كینیا و كوێت و مەغریب و نیوزلەندا و پاكستان و فیلیپین و قەتەر و كۆریای باشوور و تایلاند و توونس هاوپەیمانی سەرەكیی ئەمەریكان لە دەرەوەی هاوپەیمانی ناتۆ، كە بەرزترین پلەی هاریكاریی تەناهی و سەربازییە ئەمەریكا بە وڵاتانی دەرەوەی هاوپەیمانی ناتۆی ببەخشێت، كۆنگرێس لە 1987 بە پێی مادەی 22ی یاسای ئەمەریكا دەستی بە دانی ئەو ناسناوە كردووە.

ئەوەی گرنگە وڵاتانی هاوپەیمانی سەرەكیی ئەمەریكا لە دەرەوەی ناتۆ چەند دەستكەوتێكیان دەبێت، لەوانە بەدەستهێنانی چەك و تەكنۆلۆجیای پێشكەوتووی ئەمەریكی و كڕین و بەكرێگرتنی ئامرازی زیادی سەربازیی ئەمەریكی بە نرخی هەرزان و بە مەرجی ئاسان، جیا لە بەشداریكردنیان لە بەرنامەی هاوبەشی پەرەپێدانی چەك لەگەڵ ئەمەریكا و بەدەستهێنانی پاڵپشتیی واشنتن بۆ پڕۆژەكانی توێژینەوە و پەرەسەندنی سەربازی.

جیا لەوانە ئەو پۆلێنە سوودی بۆ ئەمەریكاش هەیە، دەتوانێت ئامرازی سەربازی تایبەت بە حاڵەتی فریاگوزاری لەسەر خاكی ئەو وڵاتانە ئەمبار بكات، جیا لە ئاسانكاریكردنیان بۆ مەشق و هاریكاریی هەواڵگریی هاوبەش، بەڵام ئەمەریكا ناچار نییە بەرگری لەو وڵاتانە بكات، بۆیە سعوودیە دەیەوێ ئاستی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا بگەیەنێتە رێككەوتنی بەرگریی هاوبەش، یان هاوبەشییەكی فرەوانی ستراتیجی، ئەوكات هەردوو وڵات پابەند دەبن بە بەرگریكردن لە یەكتر لەكاتی هەر هێرشێك بۆ سەر ئەویتریان، واتە دەبێت ئەمەریكا هێز بۆ بەرگریكردن لە سعوودیە رەوانە بكات ئەگەر پێویست بكات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *