حكوومەتی ئێران لە شارەكانی رۆژهەڵات هەڵمەتێكی چڕی گرتن و ڕاوەدونان و كوشتنیان دەست پێ كردووە

بینەر: (147)

سوپا و پۆلیسی ئێران لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەڵمەتێكی چڕی گرتن و ڕاوەدونان و كوشتنیان دەست پێ كردووە، لەماوەی 10 رۆژدا چەندان كەس رفێنراون و چەندین كەسيكیش كوژراوە.

فوئاد شادی و ئیسماعیل خاتری دوو هاووڵاتیی كورد و خەڵكی گوندی شاهێنیی سەر بە شاری كامێران و دوو ئەندامی “دامەزراوەی خێرخوازیی “شایەنی”، لەلایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەركراون و بۆ شوێنێكی نادیار گوازراونەتەوە و تا ئێستە هیچ زانیارییەك لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.

كۆماری ئیسلامی ئێران رۆژهەڵاتی كوردستان بەمەترسیدارترین شوێن بۆ دەسەڵاتەكەی دەبینێت، بۆیە لەم ماوەدا زۆرترین هێزی لەناوچە كوردییەكان خڕ كردووەتەوە و فشارێكی زۆری خستووەتە سەر دانیشتوانی رۆژهەڵات و رۆژانە بەگومانی ئەندام بوون لەهێزە كوردیییەكان خەڵك دەگرێت.

بەپێی بەدواداچوونی رێكخراوەكان زۆرینەی ئەو گرتنانە بەفەرمانی ئیتڵاعات بەرێوە دەچن و ئەم هەوڵەش بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسیانەیە كە ئێران هەست دەكات لەو ناوچانەوە لەسەر دەسەڵاتەكەی دروست بوون بەهۆی نەبوونی ئینتەرنێت و فشاری زۆری سەركوتكەرانە لەسەر بنەماڵەی گیراوەكان زانیاری زۆر ناگاتە راگەیاندنەكان.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئیسماعیل خاتری خەڵكی گوندی شایەنی و دانیشتووی شارستانی پاوا، لە ئەنجامی هەڵكوتانی هێزەكانی ئیدارەی ئیتڵاعات بۆ سەر ماڵی دایكی لەو گوندەدا دەستبەسەركرا. هاوكات فوئاد شادی بەبێ پێشاندانی هیچ بڕیارێكی دادوەری دەستبەسەركرا و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.

هاوكات بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ڕێگەی مەریوان بۆ بانە، مەهدی تەوەكولی چالاكی فەرهەنگی و هونەری، بەڕێوەبەری ماڵی وێنەگرانی كوردستان و دامەزرێنەری ماڵی هونەریی «چاو» و بەندكراوی سیاسیی پێشوو، لەگەڵ دایكی بەناوی مریەم ئەسلانی و خوشكی بە ناوی سومەیە تەوەكولی درانە بەر دەستڕێژی گلولە و گیانیان لەدەست دا. تەرمی ئەم سێ هاووڵاتییە لەژێر ڕێكاری توندی پۆلایسیدا لە سنە بە خاك سپێردرا.

هێزەكانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ئۆتۆمبێلی تایبەتیی مەهدی تەوەكولی (لە جۆری سەمەند)یان لە ڕیگەی مەریوان بۆ بانە داوەتە بەر دەستڕێژی گولە. لە ئەنجامی ئەم تەقەكردنەدا، مەهدی تەوەكولی بە بەركەوتنی سێ فیشەك، مریەم ئەسلانی بە بەركەوتنی دوو فیشەك و خوشكی بە ناوی سومەیە تەوەكولی بە بەركەوتنی چەندان فیشەك گیانیان لەدەست دا.

ترسی ئێران لەو جموجوڵە چەكدارییەی ناوخۆیەتی كە جارجار دەكرێنە سەر هێزەكانی و ئەمەش وای كردووە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی خەڵك بگرێت و تەقە لە هاوڵاتیانیش بكات، تەنانەت دوای وەستانی شەڕیش بەهۆی ترسی لە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوام باشووری كوردستان بۆردومان دەكات.

دوای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر دەستبەسەركرانی كیوومەرس حەسەن‌بەیگی، هاووڵاتیی كورد و خەڵكی ئیلام لەلایەن هێزە حكوومەتییەكانەوە، هیچ زانیارییەك لەسەر چارەنووس، بارودۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی هەواڵە خۆجێییەكانی رۆژهەڵات هێزەكانی حكوومەت رۆژانە لەناو شار و شارۆچكە و گوندەكاندا هەڵدەكتنە سەر ماڵ و هاوڵاتیانی كورد دەگرن و بۆشوێنی نادیار دەیانبەن.

ئاماری وردی گیراوان لەبەردەستدا نییە بەڵام سەرچاوە خۆجێییەكان باس لەوە دەكەن لەماوەی تەنیا دەرۆژدات زۆیاتر لە 90 كەس لەناوچە جیاجییاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بێسەر و شوێن كراون.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *