داڕشتنەوەی پێکهاتەی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەستپێشخەرییەکانی چین

بینەر: (4)

ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست قەیرانی درێژخایەن و ئاڵۆزییە بەردەوامەكانەوە دەناڵێنێت، نەک تەنیا ئاسایشی ناوچەکەیان خستووەتە مەترسییەوە، بگرە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتییان بە تەواوی پەکخستووە و ئابووری جیهانی خستووەتە مەترسییەوە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە، قووڵبوونەوەی ململانێکان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەکتەرە نادەوڵەتی و ناوچەیییەکانی ڕووبەرووی پرسیارێکی جەوهەری کردووەتەوە، چۆن دەکرێت ئاشتی بەردەوام و پێکهاتەیەکی ئاسایشی پتەو دروست بکرێت؟ لەم چوارچێوەیەدا، دیپلۆماسییەتی چین هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ خستنەڕووی مۆدێلێکی جێگرەوە کە دوایین هەنگاویان خستنەڕووی پێشنیارێکی چوارخاڵی بوو لەلایەن سەرۆک شی جینبینگەوە، لە كاتی سەردانەکەیدا بۆ میسر.

پێشنیارەكە لەسەر چوار تەوەری سەرەکی ڕاوەستاوە کە هەوڵ دەدەن ململانێ ئاسایشییەکان لە ڕەگوڕیشەوە چارسەر بکەن، ئەوانیش:

تەوەرەی یەکەم، بریتییە لە سەربەخۆیی ناوچەیی لە بڕیارداندا، بڕوای وایە چارەسەری بەردەوام تەنیا کاتێک بەدەست دێت کە گەلانی ناوچەکە خۆیان گفتوگۆی ڕاستەوخۆ بكەن و پێوەندییەکانییان بەڕێوە ببەن و دەستێوەردانی دەرەکی کەم ببێتەوە.

تەوەرەی دووەم، جەخت لەسەر بەڕێوەبردنی هەمەلایەنەی ئاسایش دەکاتەوە، بە شێوەیەک کێشە گرنگەکانی وەک پرسی فەلەستین، بە ناوەندیی بهێڵرێنەوە و نەکڕێنە قوربانی بەرژەوەندییە کاتییەکان.

تەوەرەی سێیەم، بەستنەوەی چەمکی ئاسایش بە گەشەپێدانی ئابوورییەوە، پاراستنی ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی بازرگانی و دروستکردنی هاوکاریی ئابووری وەک ئامرازێک دەبینرێن بۆ سڕینەوەی زەوینەی ململانێکان.

تەوەرەی چوارەمیش بریتییە لە پابەندبوون بە ئــاكاری نێودەوڵەتی و ڕەتکردنەوەی سیاسەتی دوالیزمی هێزە گەورەکان.

تێگەیشتن لەم چوار پێشنیارە بەبێ بەستنەوەیان بە دەستپێشخەرییەکانی پێشتری پەکینەوە، تەواو نابێت. لە مانگی نیسانی ڕابردوودا، چین بەڵگەنامەیەکی چوار خاڵیی بۆ پاراستنی ئاشتی لەسەر بنەماکانی پێکەوەژیان و سەروەریی نیشتمانی ڕاگەیاند، لە مانگی ئابیش چوار بنەمای تایبەتی بۆ چارەسەری پرسی فەلەستین خستە ڕوو.

بەراوردکاریی ئەم هەنگاوانە دەریدەخات کە چین کار لەسەر داڕشتنی ستراتیجێکی کۆنکرێتی و سیستماتیک دەکات، ئامانج لێی کەمکردنەوەی باڵادەستیی تاکلایەنەی ڕۆژئاوایە لە داڕشتنی نەخشەی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەلایەکی ترەوە، کردەییبوونی ئەم هەڵوێستە لە رووداوە مێژوویییەکانی وەک ڕێککەوتنی نێوان ئێران و سعوودیە و هەروەها نێوەندگیری لە نێوان لایەنە فەلەستینییەکاندا لە (راگەیەندراوی پەکین)، ڕەنگی داوەتەوە.

بە شیکردنەوەی ئاراستەی ئەم دەستپێشخەرییانە، دەکرێت بگوترێت ئامانجی سەرەکی خستنەڕووی نەخشەڕێیەكە ئاسایش لە هەناوی گەشەپێدانەوە بەرهەم بهێنێت، نەک لە ڕێگەی گوشار و هاوپەیمانییە سەربازییەکانەوە. مێژووی ناوچەکە سەلماندوویەتی سەپاندنی ئاشتی لە دەرەوە یان بەکارهێنانی هێزی ڕەق، ناتوانێت ئارامی و ئاسایش و ئاشتییەکی درێژخایەن دەستەبەر بکات، بەڵام سەرکەوتنی ئەم مۆدێلە نوێیە بەستراوەتەوە بە ئیرادەی ڕاستەقینەی وڵاتانی ناوچەکە و ئامادەیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کارکردن لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش.

لەسەر ئاستی ناوخۆ، ئەم کێشە ئاسایشی و ئابوورییانە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆیان لەسەر هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە. هەرێمێک کە بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی ئازاری زۆری لە شەڕ و ناسەقامگیری چێشتووە، زۆرتر لە هەر ناوچەیەکی تر پێویستی بە ژینگەیەکی سەقامگیر و ئارام هەیە.

ئامانجی سەرەکی هەرێمی کوردستان تەرخانکردنی تواناکانیەتی بۆ گەشەپێدانی ئابووری، ڕاکێشانی وەبەرهێنان و باشترکردنی ئاستی بژێویی هاووڵاتییانی. بەم پێیە، هەر مۆدێلێک یان پێشنیارێک کە ئاسایش و گەشەپێدان بە یەکەوە ببەستێتەوە و ڕێز لە ئارامیی هەرێمەكە بگرێت، دەتوانێت خزمەت بە داواکارییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی کوردستان بکات.

لە کۆتاییدا، داڕشتنەوەی پێکهاتەیەکی نوێی ئاسایش، پرۆسەیەکی خێرا و ئاسان نییە، بەڵکو پێویستی بە هەنگاوی ورد و هاوئاهەنگیی بەردەوام هەیە. ئەو دیدگایەی جەخت لەسەر بەهێزکردنی ڕەگە ناوخۆییەکان و بنەما ئابوورییەکان دەکاتەوە، دەتوانێت دەرفەتێکی نوێ بێت بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت هەرێمی کوردستان، لە بازنەی مەترسییەكانی شەڕ و پشێوی ڕزگاریان بێت و بەرەو سەردەمێکی نوێی گەشەپێدان و هاوکاریی ناوچەیی هەنگاو بنێن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *