نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە کارەساتێکی جیهانی دەدات بەهۆی تەنگژەی گەرووی هورمزەوە

بینەر: (75)

ئەمڕۆ دووشەم 13ی نیسانی 2026، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دا لەوەی بەردەوامبوونی تەنگژەی گەرووی هورمز، لەوانەیە ببێتە هۆی کارەساتێکی جیهانی لە بواری کشتوکاڵ و خۆراکدا. هاوکات ڕای گەیاند کە هەوڵێکی دیپلۆماسیی چڕ لە ئارادایە بۆ پاڵپشتیکردنی پێشنیازێک کە ئامانج لێی مسۆگەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەتی بارەکانی پەینی کشتوکاڵییە بە ناو گەرووی هورمزدا، ئەمەش لە سێبەری کەمبوونەوەیەکی توندی دابینکردنی ئەو مادەیە لەسەر ئاستی جیهان.

جولیێت تۆما بەڕێوەبەری پێوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە نووسینگەی خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕوونی کردەوە کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا کۆبوونەوەی چڕ لە نیویۆرک بەڕێوە چوون، بە مەبەستی تاوتوێکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی پێشنیازەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم کۆبوونەوانە بە سەرۆکایەتیی خۆرخێ مۆرێرا دا سیلڤا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نووسینگەکە بەڕێوە دەچن و ئامانج لێیان، ئاسانکاریکردنە بۆ تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییە بارکراوەکان بە پەینی کشتوکاڵی، لەگەڵ کەمکردنەوەی لێکەوتە مرۆییەکان لەسەر ئەو وڵاتانەی پشتی پێ دەبەستن، بەتایبەتی لە ئاسیا و ئەفریقا.

لەلای خۆیەوە، ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداریی دا لەوەی کە دابەزینی جووڵەی کەشتییەکانی بارهەڵگر بە ڕێژەی زیاتر لە 90%، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و ئاسایشی خۆراکی جیهانی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دەستپێشخەرییەکە، دووپاتی کردەوە کە پێویستی بە چارەسەرێک زۆر خێرایە، ئاماژەی بەوەش دا کە جووتیاران لە ئەمەریکای لاتین پێشتر ناچار بوون وەرزی دووەمی چاندنی گەنمەشامی ڕابگرن، لە کاتێکدا جووتیاران لە ئەفریقا ڕووبەڕووی تەنگژەیەکی قووڵ بوونەتەوە بە ئەگەری زیانی گەورە لە بەروبوومەکان بەهۆی کەمیی پەینەوە. سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو کە کۆمپانیاکان فشار دەخەنە سەر دروستکردنی میکانیزمێک کە ئازادیی کەشتیوانی مسۆگەر بکات بەبێ پێویستی بە یاوەریی دەریایی یان پێدانی رسووماتی تێپەڕبوون، هەروەها ئاماژەی بە ئەگەری فراوانکردنی دەستپێشخەرییەکە لە داهاتوودا کرد بۆ ئەوەی کاڵا سەرەکییەکانی تریش بگرێتەوە.

ئەم هەنگاوانە دوای پشێوییەکی گەورە دێن لە زنجیرەکانی دابینکردن بەهۆی ئەو شەڕەی شەش هەفتە بەردەوام بوو، کە دوای هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەڵگیرسا و بەرەو لبنان و وڵاتانی کەنداو تەشەنەی کرد، ئەمەش بووە هۆی وەستانی نزیکەی تەواوەتیی جووڵەی کەشتیوانی بە ناو گەرووەکەدا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *