لە مانگی 10دا رێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی دەروازەكان دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن

بینەر: (834)

سەرۆكی دەستەی گشتیی گومرگەكان رای گەیاند، لە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوودا هەنگاوە كردارییەكانی پڕۆژەی بەئەلیكترۆنیكردنی (ئۆتۆمەیشن)ـی دەروازەكانی هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكات، بەمەش (50٪)ـی داهاتی دەروازەكانی هەرێمی كوردستان دەخرێتە سەر خەزێنەی دەوڵەت، بەمەش داهاتەكانی ناوەند و هەرێم بەهێزتر دەبن.

حكوومەتی عێراق بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی دۆسیەی داهاتە داراییەكان و پاراستنی سامانی گشتی، كۆمەڵێك ڕێكاری خێرا دەگرێتەبەر كە ڕێكخستنی كاری گومرگی لە هەرێمی كوردستان و كۆنترۆڵكردنی باج لەسەر حەواڵە داراییەكانی دەرەوە لەخۆ دەگرێت.

لەو چوارچێوەیەدا د. سامر قاسم داود سەرۆكی دەستەی گشتیی گومرگەكانی عێراق ڕای گەیاند، پێشبینی دەكەن لە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوودا، هەنگاوە كردارییەكانی پڕۆژەی بە ئەلیكترۆنیكردنی (ئۆتۆمەیشن)ـی دەروازەكانی هەرێمی كوردستان دەست پێ بكات، بەمەبەستی ئەوەی تا كۆتایی ئەمساڵ بەتەواوی لە سەرجەم مەرزەكاندا جێبەجێ بكرێت.

سەرۆكی دەستەی گشتیی گومرگەكان بە ڕۆژنامەی (سەباح)ـی فەرمیی ڕاگەیاندووە: بە ڕاسپاردەی سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی، كۆبوونەوەیەك ئەنجام دراوە و تێیدا واژوو لەسەر كۆنووسێكی هاوبەش كراوە، ئەمەش وەك ئامادەكارییەك بۆ پەسندكردنی نەخشەڕێگەیەك لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیراندا، تێیدا لەگەڵ بەئەلیكترۆنیكردنی دەروازە فەرمییەكان، سەرجەم دەروازە نافەرمییەكانیش دادەخرێن.

سامر داود دووپاتی لەوەش كردەوە، جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی ئەوەی لانی كەم (50٪)ـی داهاتی دەروازەكانی هەرێمی كوردستان بخرێتە سەر خەزێنەی دەوڵەت، ئەمەش داهاتەكانی ناوەند و هەرێم بەهێزتر دەكات.

لەلایەكی ترەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕێنوێنی داوە كە لە یەكی ئەیلوولی داهاتووەوە، باج و ڕسووماتی گومرگی بەشێوەی پێشوەختە لە حەواڵە داراییەكانی دەرەوە ببڕدرێت و وەك ئەمانەت لای حكوومەت تۆمار بكرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *