بۆچی كۆبوونەوەكەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوا خرا؟

بینەر: (223)

دوای ئەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق داوای لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی كرد وەك گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان، كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری بكات بۆ هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، بڕیار بوو ئەمشەو چوارچێوەكە كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە ساز بكات، بەڵام هاتە دواخستن.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاشكرای كرد كە كۆبوونەوەكە بەمەبەستی بواردان بۆ بەشداریكردنی تەواوی هێزە سیاسییەكانی چوارچێوە هاتووەتە دواخستن، بۆ تاوتوێكردنی بابەتاكانی دەخرێنە روو، لەوانە خستنەڕووی ماوی كاندیدی سەرۆكی حكوومەت، تا ئێستە وادەی كۆبوونەوەی داهاتوو دیاری نەكراوە، بەڵام پێشبینی دەكرێت بەر لە كۆتایی ئەم هەفتەیە بێت، واتە چوارشەم، یان لە هەفتەی داهاتوو، چونكە بواری پێشكەشكردنی ناوی كاندیدی سەرۆكی حكوومەت بەپێی دەستوور 15 رۆژە.

ئێستە ناكۆكییەكی گەورە لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی كاندیدی سەرۆكی حكوومەت هەیە، نۆ ناو لەناو چوارچێوە تاوتوێ دەكرێن، بەڵام هیچیان كۆدەنگیان لەسەر نییە، جیا لەوەی كاندیدەكان سازش بۆ یەكتر ناكەن و ركابەری لە نێوانیان هەیە، بەتایبەتی نووری مالیكی و محەمەد شیاع سوودانی، لەو ناوەدا سەرچاوەیەكی تر باسی جموجۆڵێكی سیاسی دەكات بۆ رازیكردنی نووری مالیكی بۆ دەستبەرداربوون لە كاندیدكردنی بۆ پۆستەكە.

بەپێی سەرچاوەكە هەوڵێك هەیە بۆ كاراكردنی پۆستی جێگرانی سەرۆك كۆمار، بەوەی دوو جێگری هەبێت و پێشنیاز هەیە بۆ نووری مالیكی و محەمەد حەلبووسی بێت، لە چوارچێوەی دەستەوارەیەكی سیاسی، بەڵام فیراس موسەلەماوی گوتەبێژی فراكسیۆنی ئیعمار و تەنمییەی سوودانی دووپاتی كردەوە كە ئەو بابەتە بۆ گفتوگۆ خراوەتە روو و پێویستە سازانی لەسەر بكرێت.

ئاماژەی كرد، پێشتر مالیكی پۆستەكەی رەت كردووەتەوە و ئەگەر ئەو دوو پۆستە ئەكتیڤیش بكرێن، زەحمەتە وەری بگرێت، سەبارەت بە سەرۆك وەزیران سوودانی چانسی زیاترە و خاوەنی 51 كورسییە و پاڵپشتیی پێكهاتەكانی چوارچێوەی هەیە، ئەگەرچی سەرچاوەیەكی تر باسی كرد كە چەند سەركردەیەكی شیعە بە سوودانیان راگەیاندووە كە دڵی خۆی بە ئەنجامی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار خۆش نەكات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *