فێربوونی زمان و چەند زمانێك پێكەوە، تەنیا بۆ زیادكردنی مەعریفە و زانین بۆ مرۆڤ نییە، بەڵكو بەپێی ئەو لێكۆڵینەوە و توێژینەوانەی تا ئێستە كراون، فێربوونی چەند زمانێك كاریگەریی لەسەر دواخستنی مێشك لە پیری دەبێت، بۆیە پسپۆران دەڵێن، ئەوانەی بتوانن فێری چوار زمان بن بۆ ماوەیەكی درێژ بە گەنجی دەمێننەوە.
پێگەی “عەرەبیە” كە هەواڵەكەی لە پێگەی Science Daily وەرگرتووە، لەوێدا پسپۆران لەبارەی فێربوونی زیاتر لە یەك زمان و سوودەكانی قسەیان كردووە، ئاماژە بەوە دەدەن كە فێربوونی زیاتر لە یەك زمان، سوودەكانی تەنیا بۆ زیادكردنی مەعریفە و زانین نییە، بەڵكو لە درێژمەودادا كاریگەریی لەسەر بەهێزكردنی مێشك دەبێت و ئەو كەسەی دەتوانی فێری زیاتر لە یەك زمان تا چوار زمان بێت، تا ماوەیەكی درێژ مێشكی بە گەنجی دەمێنێتەوە و پیر نابێت.
بەپێی توێژینەوە و لێكۆڵینەوەكان كە باس لەوە دەكەن، ئەوانەی توانای ئەوەیان هەیە زیاتر لە یەك زمان فێر ببن و بتوانن قسەی پێ بكەن، لە بەڕێوەچوونی تەمەن و هەڵكشانی، سوودی زۆری تەندروستیی لێ دەبینن، بەوەیش مێشك باشتر بە ئەركی خۆی هەڵدەستێت.
لەوبارەیەوە د. لوسیا ئەموروسو لە دەزگەی باسك بۆ مێشك لە سان سیپاستیان لە ئیسپانیا، بە هاوكاریی لێكۆڵەرەوان لە پەیمانگەی ئەمەریكای لاتین بۆ تەندروستیی مێشك و زانكۆی ئەدۆلڤۆ لە چیلی، هەروەها دەزگەی زانستی كێشك لە زانكۆی سان ئەدریس لە ئەرجەنتین، لەسەر ئەوە كۆكن كە مرۆڤ بتوانێ زیاتر لە یەك زمان تا چوار زمان فێر بێت و بە رەوانی قسەیان پێ بكات، كاریگەریی زۆری لەسەر مێشیان دەبێت، واتە مێشك باشتر بە ئەركی خۆی هەڵدەستێت و هەمیشە بە گەنجی دەمێنێتەوە و زۆر درەنگتر پیر دەبێت.
بۆ ئەوەیش توێژەر و لێكۆڵەرەوان باس لەو وڵات و ناوچانە دەكەن كە لەناو خەڵكەكەیاندا فرەجۆری زمان هەیە، واتە زۆربەیان دەتوانن فێری زیاتر لە یەك زمان ببن، بۆیە نموونە بە هەرێمی باسك لە ئیسپانیا دەهێننەوە كە دانیشتووانی ئەو هەرێمە دەتوانن تا چوار زمان بەكار بێنن، وەك زمانی ئیسپانی، باسكی، فڕەنسی و ئینگلیزی.
















Leave a Reply