ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی نووسیویەتی، سەرۆك دۆناڵد ترەمپ شكستی هێناوە و پێویستە لە ڕێی سندووقی دەنگدانەوە سزا بدرێ، دەنگدەرانی ئەمەریكا ئێستە لە بەردەم دەرفەتێكی گەورەدان بۆ ئاشكراكردنی شكست و گەندەڵییەكانی دۆناڵد ترەمپ، لە سێی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر دەبێ بڕیار بدەن.
ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، سەرەڕای ئەوەی دیموكراتەكان ئێستە بە دەست كۆمەڵێك كێشە و كەموكورتییەوە دەناڵێنن، دوای شكستیان لە هەڵبژاردنی پێشوو و نەتوانینی پێشكەشكردنی پرۆگرامێكی هەڵبژاردنی یەكگرتووە، بەڵام ئەوان تاكە جێگرەوەن تا ئەمساڵ ئەو زیانەی ترەمپ و حزبەكەی بە ئەمەریكایان گەیاندووە، ڕاستی بكەنەوە و بیخەنەوە سەر ڕێگەی خۆی.
لێرەوە دەنگدانی ئەمەریكییەكان بە كاندیدانی دیموكراتی باشترین ڕێگەیە بۆ ڕەتكردنەوەی كارەكان و شكستی دۆناڵد ترەمپ لە دوو ساڵی رابردوودا.
بەوهۆیەوە دیموكراتەكان دەتوانن كۆنترۆڵی كۆنگرێس بكەن و ژمارەیەكی زۆر لە ویلایەتەكانی ئەمەریكا بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئەوان، ئەمەیش دەبێتە بەڵگە كە ترەمپ نوێنەرایەتیی زۆرینەی ئەمەریكییەكان ناكات و دەوڵەت خۆی دژی لاربوونەوە بە ڕووی تاكڕۆیی دەوەستێتەوە و توانای گەڕانەوەی بۆ دۆخی سروشتی خۆی هەیە.
بە بردنەوەی زۆرینەی كۆنگرێس لەلایەن دیموكراتەكانەوە، چاودێری و لێپرسینەوە لە كارەكانی ترەمپ لە دوو ساڵی داهاتوو زۆر چڕ و كاریگەر دەبێت، ئەمەیش وا دەكات دەستكراوەیی بە ڕەهایی نەمێنێت و پڕۆژەكانی لە كۆنگرێس گرفتیان بۆ دروست بكرێت.
ڕۆژنامەكە باس لە چۆنیەتیی گۆڕانی واشنتن كردووە، ئەگەر دیموكراتەكان زۆرینەی كورسییەكانی كۆنگرێسی ئەمەریكا ببەنەوە، ئەوا سەركەوتنەكە خواستەكانی ترەمپ تا ئاستێكی مەزن سنووردار دەكات و ناتوانرێ چیتر بە ویستی خۆی باجی گومرگی كەم بكاتەوە و ئاستی قەرزی گشتی بەرز بكاتەوە.
ئەگەر جیا لە كۆنگرێس، دیموكراتەكان بتوانن زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانیش ببەنەوە، ئەوا دەتوانن كاری زیاتر بكەن، بەهۆی ئەوەی بەرپرسە لە متمانەدان بە پۆستە باڵاكانی حكوومەت و دامەزراندنی دادوەران، ئەنجوومەنی پیران ئەوكات دەتوانێ ڕێ لە ترەمپ بگرێ بە ویستی خۆی كەسانی نەشیاو لە پۆستە گرنگەكانی حكوومەت دابمەزرێنێت، وەك تۆد بلانش و پیت هێگسێس و ڕۆبەرت ئێف كێندی و كەسایەتیی تری خاوەن هزری توندڕۆ وەك روس فۆگت.
هەروەها ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران، دەتوانن ڕێگریی لە دانانی دادوەرانی فیدڕاڵی بكەن و خۆپارێزانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیە بكەن و پابەندی یاسایان بكەن، بەشێك زۆر لەو دادوەرانەی سەرۆكەكانی ئەمەریكا لە حزبی كۆماری دایانمەزراندوون، ڕۆڵی خۆیان بە ئەمانەتەوە دەگێڕن، بەڵام بەشێكیان ئەو پێوەرە سەرەكییانەیان تێدا نییە كە لەلایەن ترەمپەوە دامەزرێنراون، بۆیە لێرەوە ڕۆڵی ئەنجوومەنی پیران لە متمانەدان بە دادوەران گرنگییەكی زۆری دەبێت، كاتیك لە دوو ساڵی داهاتوو پۆستی بەتاڵ لە دادگای باڵای فیدراڵی ئەمەریكا دروست ببێت.
هێما بۆ ئەوەیش كراوە، هەرچییەك ڕوو بدات، ترەمپ لە زیانگەیاندن بە كۆشكی سپی و دەركردنی بڕیارەكانی جێبەجێكردن و بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەردەوام دەبێ و بە ڕووی دەسەڵاتەكانی كۆنگرێس دەوەستێتەوە و پێشێلیان دەكات، بەڵام ئەوە جیاوازییەكی زۆری دەبێت، كاتێك حكوومەت ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز و خاوەن زۆرترین كورسی لە كۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانی هەبێت.
لەبەرئەوە ئێستە ئەمەریكییەكان لە بەردەم دەرفەتێكی گەورەدان، بۆ ئەوەی ناڕازیبوونی خۆیان لە بڕیار و كارەكانی ترەمپ لە ڕێی سندووقی دەنگدانەوە دەرببڕن و سنوورێك بۆ كارەكانی ترەمپ دابنێن.
لە ماوەی 21 مانگی ڕابردووی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لەلایەن ترەمپەوە، زیانی گەورە بە دیموكراسی و سەروەری یاسا گەیشتووە، هەروەها سوێندی دەستوور پێشێل كراوە، ڕێز لە دەسەڵاتەكانی كۆنگرێس و یاساكانی ئاسایشی نەتەوەیی نەگیراوە و سەركێشی بە ڕووی بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی لەبارەی پرۆگرامی دەستەبەری تەندروستی كراوە.
لە ڕووی كاروباری دەرەوە، ترەمپ هۆكارە بۆ مەرگی ژمارەیەكی زۆری ئەمەریكییەكان و سەرچاوەی سەربازی لە جەنگێكی نایاسایی و دوور لە بیركردنەوە و پلاندانان لەگەڵ ئێران، ئەمە هەڵەیەكی ستراتیجی بوو و پێگەی ئەمەریكای لە گۆڕەپانی دنیا پاشەكشە پێ كردووە.
ئەو جەنگە ئامادەیی ئەمەریكای بۆ جەنگەكانی داهاتوو خستووەتە ژێر پرسیارەوە و هاوپەیمانانی ئەمەریكا لە دنیا نیگەران كردووه، بەمدواییەیش ترەمپ دەیەوێ ئۆكراینا بە تەواوی لاواز بكات و لە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی ڕووسیا نزیك بووەتەوە.
















Leave a Reply