تەنیا دوو ڕۆژ بۆ هەڵبژاردنی نوێكردنەوەی نیوەیی ئەمەریكا ماوە، زۆرینەی ڕاپرسی و پێشبینییەكانیش دووپات لە زیادبوونی ڕێژەی دەنگی دیموكراتەكان و بردنەوەی زۆرینەی كورسییەكانی كۆنگرێس دەكەنەوە، بۆیە ئەگەر زۆرینەی كورسییەكانی كۆنگرێس یان ئەنجوومەنی پیران ببەنەوە، ئەوا هەژموونی سیاسیی ترەمپ و كۆمارییەكان لەسەر سیستمی سیاسیی ئەمەریكا بە تەواوی كەم دەكەنەوە و بۆ خۆیانی دەگێڕنەوە.
زۆرینەی دیموكراتەكان لە كۆنگرێس و سێنات، واتە بڕیاردان لە ئامرازی بەهێز و نوێ بۆ چاودێری و لێكۆڵینەوە لە كارەكانی ترەمپ و حكوومەتەكەی، سەرەڕای ئەوەی ڕۆڵێكی كاریگەرییان دەبێت لە دیاریكردنی ئاراستەی خەرجییەكانی حكوومەت، هەروەها ئەگەری چەندان گۆڕانكاری دێتە ئاراوە كە پێشتر ترەمپ بڕیاری لێ داوە و دووبارە دۆسیەی ژیری دەستكردیش ڕێك دەخرێتەوە كە ترەمپ بەردەوام بەرهەڵستی دەكات.
سەرەڕای ئەوەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا دیموكراتەكان لە كۆنگرێس چەندان پڕۆژەیاسایان پێشكەش كردووە و بەشێكیان دەنگیان هێناوە و دەركراون، بۆ ئەوەی دووپات لە كاری لە پێشینەی سیاسیی حزبی بكەنەوە، بەڵام توانایان لە بەدەستهێنانی دەرئەنجامی ئەو یاسایانە بە تەواوی سنووردارە.
جیا لەوەیش پاراستنی یەكڕیزیی حزب و هاوهەڵوێستیان لە كۆنگرێس لە ئەگەری بردنەوەی زۆرینەی كورسییەكانیش هەوڵ و كاری زۆری دەوێ، بەتایبەت كە ترەمپ باس لە هەمواری دەستوور و خۆكاندیدكردنەوەی بۆ ویلایەتی سێیەم دەكات، بۆیە ئەستەمە ئامادە بێ لەگەڵ دیموكراتەكان هاریكار بێ بۆ بەردەوامیی كاری حكوومەتەكەی.
هەفتەی ڕابردوو ترەمپ ئاشكرای كرد، ئەستەمە مامەڵە لەگەڵ كۆنگرێس بكەم كە زۆرینەی بە دەست دیموكراتەكان بێ، بۆیە من مافی ڤیتۆ بەرانبەر بە هەموو شتێكی كۆنگرێس بەكار دەهێنم، تا ئەو كاتەی دیموكراتەكان خۆیان دێن و داوای ڕێككەوتنم لێ دەكەن. چاوەڕوان دەكرێ دیموكراتەكان ڕێوشوێنە داراییەكان بكەن بە یاسا و بیانەوێ دەریبكەن، بەتایبەت یاساكانی پشتبەستن بە ساڵی دارایی. بۆ ئەمە پێویستیان بە دانوستانە لەگەڵ كۆمارییەكان، چونكە كۆمارییەكان زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانیان بە دەستەوەیە.
هەر یاسایەك كۆنگرێس دەریبكات و ئەنجوومەنی پیران ڕەزامەندیی لەسەر نەدات، ئەوا بۆ كۆنگرێس دەگەڕێنرێتەوە، چونكە پێشبینی ناكرێ كە دیموكراتەكان بتوانن زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران بەدەست بهێنن، ئەوەی پێشبینی بۆ دەكرێ تەنیا زۆرینەی كۆنگرێسە. بۆیە بێ دەنگی كۆمارییەكان لە ئەنجوومەنی پیران، دیموكراتەكان ناتوانن هیچ یاسایەك تێپەڕێنن.
تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمەریكی دیارترین ئەو بوارانەی ڕاگەیاندووە كە دیموكراتەكان دەیانەوێ كاری لەسەر بكەن، ئەگەر زۆرینەی كۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران بەدەست بهێنن كە دیارترینیان بریتییە لە تێچووی گوزەران و بەرزی ئاستی هەڵئاوسان، ئەو دوو بوارە هۆكاری پاشەكشەی دەنگدەران بوو لە دەنگدان بە جۆ بایدنی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، ئێستە ئەو دوو بوارە بەهەمانشێوە بووەتە هۆكاری سەرەكی بۆ دوورخستنەوەی ترەمپ و كۆمارییەكان لە زۆرینەی كۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران.
دیموكراتەكان بەڵێن دەدەن كە كاری لە پێشینەیان بۆ كەمكردنەوەی تێچووی ژیان و گوزەران بێ لە ئەمەریكا، بەڵام توانایان لە بەدیهێنانی گۆڕانكاری ڕاستەقینە سنووردار دەبێت، تا ترەمپ لە كۆشكی سپی بوونی هەبێت، چونكە بە دوور دەزانرێ زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران بەرنەوە، جیا لەوەیش مافی ڤیتۆی سەرۆكی ئەمەریكا بەردەوام دەتوانێ هەموو پڕۆژەكانیان ڕەت بكاتەوە.
بۆ ئەو مەبەستە دیموكراتەكان دەبێ ڕێژەی گومرگ كەم بكەنەوە و تێچووی جەنگ و كۆتایی جەنگی ئێران بەدی بهێنن، بەڵام بۆ ئەمە پێویستیان بە پشتیوانیی كۆمارییەكان دەبێت. هاكیم جیفرێز سەركردەی دیموكراتەكان لە كۆنگرێس دەڵێ، دیموكراتەكان دەیانەوێ كار لەسەر پێنج بوار بكەن تا نرخیان كەم ببێتەوە، ئەوانیش نیشتەجێكردن و دەستەبەری تەندروستی و خزمەتگوزاری چاودێری كەسانی پێویست، سووتەمەنی و بواری وزە، كەلوپەلی خۆراك و كاڵا زۆر خواست لەسەرەكان.
زیاتر گوتی، دەستبەجێ دوای سەركەوتنی دیموكراتەكان كار لەسەر سێ پرس دەكەن، یەكەمیان كۆتاهێنان بە جەنگ بۆ كەمكردنەوەی نرخی سووتەمەنی، دووەم چاوپێخشاندنەوە بە كەمكردنەوەی بەهای پرۆگرامی دەستەبەری تەندروستی بۆ كەسانی خاوەن داهات سنووردار، سێیەم، ڕەتكردنەوەی باجی گومرگی كە ترەمپ سەپاندوویەتی.
یەكێك لە بەهێزترین ئامرازەكان كە دیموكراتەكان دەبنە خاوەنی لە ئەگەری بردنەوەیان، بریتی دەبێ لە زاڵبوون بەسەر مامەڵەكردن بە تێچووی پارەی باجدەران و توانایان لە گوشارخستنە سەر ترەمپ و هاندانی بۆ سازشكردن تا ئاستێكی زۆر، لە بەرانبەر هەڕەشەكردن بە وەستاندنی پارەداركردن یان كەمكردنەوەیان.
بەهەمانشێوە ترەمپ پێویستی بە یاسای زۆر دەبێت لە كۆنگرێسەوە دەربكرێت، بۆ گەرەنتی بەردەوامی كاركردنی حكوومەتی فیدراڵی، سەرەڕای ئەوەی لە سەردەمی سەرۆكایەتیی ئەودا چەندان حاڵەتی داخستنی حكوومی بوونی هەبووە.
















Leave a Reply