لە ماوەی دواییدا چەندان پۆست لە عێراق یەكلا كرانەوە، لەوانە وەزارەتە نوێ و بەتاڵەكان و جێگرانی سەرۆك وەزیران، زەیدی بەرپرسی هەواڵگری عێراقی لە كارەكەی دوور خستەوە و ئێستە خۆی پۆستەكە بەڕێوە دەبات، ئەوە لەوكاتەی میلیشیاكان چاویان بڕیوەتە ئەو پۆستە، كە هاوكات بووەتە خاڵێكی ململانێی واشنتن و تاران، بەو پێیەی سندووقی رەشی تەواوی رووداوە نهێنییەكانی عێراقە.
ئێستە میلیشیاكان هەموو هەوڵێك دەدەن دەستیان بە پۆستی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عێراق بگات، ئەوەش دوای تۆماركردنی ڤیتۆی ئەمەریكا بۆ وەرگرتنی پۆستەكە لە لایەن كەسایەتییەكی سەر بە میلیشیاكان، بۆیە پلانی دووەم ئەوەیە بدرێتە كەسێك كە ناڕەزایەتی لەسەر نەبێت و تەكنۆكرات بێت، بەڵام سەر بەو هێزانە بێت كە داوای پۆستەكە دەكەن.
ئێستە چوار گرووپی چەكدار داوای پۆستی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق دەكەن، ئەوەش دوای ئەو چاوپۆشییەی ئەمەریكا لە دابەشكردنی پۆستە حكومەتییەكان بەم دواییە كرا، ئەگەرچی بەغدا ئاماژە بۆ زەحمەتیی رازیبوونی واشنتن بە دانانی كەسێك لەو پۆستە سەر بە میلیشیاكان دەكات، بەڵام ئەوان دەستیان بە دانانی پلانی تر كردووە بۆ بازدان لەسەر ڤیتۆی ئەمەریكا، لە رێگەی پێشكەشكردنی چەند كاندیدێكی سەربەخۆ بە رووكەش، بەڵام پابەند بە دەسەڵات و هەژموونی ئەوان، تا كاتی یەكلابوونەوەی ئەو پۆستە، رەنگە نزیكبوونەوە لەو پۆستە لە دەرەوەی بازنەی میلیشیاكان باجی قورسی تا ئاستی تۆمەتباركردن و لەداردانی هەبێت.
ئەحمەد یاسری سەرۆكی ناوەندی عەرەبی- ئوسترالی بۆ توێژینەوە ستراتیجییەكان ئاماژە دەكات كە دەزگای هەواڵگریی عێراق بووەتە بەشێك ململانێ و خاڵی بەیەكگەیشتن و دەسەڵاتی ئێران و ئەمەریكا، دەزگاكە بە هاوشێوەی دژەتیرۆر و فرقەی ئاڵتووی لە لایەن ئەمەریكا دامەزراوە و پاڵپشتی و چەكداری كراوە، راستەوخۆ خراوەتە سەر نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و دەزگا تەناهی و سەربازییەكانی ئەمەریكی سەرپەرشتی دەكەن، بۆیە ئەو دەزگایانە بە بەردەوام لە گرێبەستە و دەستەوارە دیلپۆماسییەكانی نێوان بەغدا و واشنتن ئامادەبوون، لەوانە لە رێككەوتنی ستراتیجی، ئەگەر راستەوخۆش رانەگەیەندرابن.
لە بەرانبەردا ئێران هەست بە مەترسیداریی ئەو دەزگایانە دەكات، كە ئەمەریكا دایمەزراندوون، یاسری پێی وایە یەكێك لە پاساوەكانی دامەزراندنی میلیشیاكانی سەر بە سوپای پاسدارانی لە عێراق، بوونی ئەو دامەزراوانەیە كە ئەمەریكا دروستی كردوون و پاڵپشتییان دەكات، لەپێشەوەیان دەزگاكانی هەواڵگری و دژەتیرۆر، بۆیە تاران بە بەردەوام هەوڵی كۆنترۆڵكردنی دەزگای هەواڵگری دەدات، هەرچی واشنتنە، لەگەڵ دامەزراندنی هەر حكوومەتێكی عێراق، هەوڵ دەدات پۆستەكە لە دەسەڵاتی میلیشیاكان دوور بخاتەوە و راستەوخۆ بە سەرۆك وەزیرانی ببەستێتەوە، بۆیەش مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگاكە گەیشتە دەسەڵات و كرایە سەرۆك وەزیران.
لەو كاتەی سوننە باسی ئەوە دەكەن پۆستی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری بەركەوتەی ئەوانە، سەرچاوە شیعەكان نزیك لە چوارچێوەی هاوئهەنگی ئاماژە دەكەن كە زەحمەتە كەسایەتییەكی سوننە بگاتە ئەو پۆستە، هەركەسێك لە پۆستەكە نزیك ببێتەوە بە گوشاری میلیشیاكان رووبەڕووی تۆمەتباركردن و هەڵدانەوەی چەند دۆسیەیەكی یاسایی دەبێتەوە.
سەركردەیەكی شیعە ئاماژە دەكات، پێشتر ناوی محەمەد حەلبووسی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە هات، جیا لە وەقاس حەدیسی، بەڵام بابەتەكە تەنیا بەوە نەوەستا ناوەكان دوور خرانەوە، بەڵكو ئاماژە بۆ هەڵدانەوەی دۆسیەی تۆمەتباركردنی كۆن لە دژی ئەوان كرا، وەك بوونی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، كە سزاكەی زیندانی تاهەتایە و لەسێدارەدانە .
گرنگی پۆستی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری تەنیا وەك پۆستەكە نییە، بەڵكو سروشتی پۆست و دەزگاكە و ئەو زانیارییانەیە كە لایەتی، یاسری دووپاتی كردەوە، ئێستە دەزگاكە لە دەزگا هەواڵگرییە پێشكەوتووەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بە تایبەتی لە بواری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، داتا و زانیارییەكی زۆری پێوەست بە میلیشیاكان و میلیشیا سێبەرەكان و تۆڕەكانی پێوەست بەوان لە دەرەوە، بە تایبەتی لە ئێران لایە.
“هەر ئۆپراسیۆنێكی ئەمەریكی لە عێراق پشت بە هەواڵگریی ئەو وڵاتە و زانیارییەكانی دەبەستێت، ئەوەش لێكدانەوەی رۆڵی گەورەیەتی لە ئۆپراسیۆنە گەورەكان، لەوانە كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی و قاسم سلێمانی، بە هۆی هەستیاریی زانیارییەكانی دەزگاكە و سروشتی ئەو دۆسیانەی كاری لەسەر دەكەن، كارمەند و ئەفسەرانی دەزگاكە بە بەردەوام كراونەتە ئامانج، بۆیە ئەو كێبەركێ سیاسییەی لەسەر پۆستەكە هەیە و هەوڵی هەندێك لایەن بۆ سازشكردن بۆ حكوومەت لە بەرانبەر بە وەرگرتنی، رووێكی نوێی ململانێی دەسەڵاتە لە عێراق”، یاسری وا دەڵێت.
















Leave a Reply