دوای شۆڕشی 14ی تەمووزی1958 گۆڕانكاری گەورە بەسەر بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتیی عێراقدا هات كە لە بەرژەوەندیی تەواوی گەلانی عێراقدا بوو، لە گرنگترین دەسكەوتەكانی شۆڕش بۆ كورد، جێگیركردنی بەندی سێی دەستوور بوو، كە تێیدا هاتبوو (كورد و عەرەب هاوبەشن لە عێراقدا، مافە نەتەوەییەكانیشیان لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوودا ددانیپێدانراوە لەلایەن دەستوورەوە). لە ڕووی ئازادیی كاری سیاسی و ڕێكخراوەییشەوە، مۆڵەتی فەرمیی كاركردن بە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك تاكە حزبی كوردی لە عێراق درا.
هاوبەشی كورد و عەرەب لە عێراقدا ماوەیەكی كورتی خایاند و بەندی سێیەمی دەستوور هەرگیز جێبەجێ نەكرا، بارودۆخی سیاسی تا دەهات ڕووی لە گرژی دەكرد، حكوومەت لەو بەڵینانەی بە كوردی دابوو پاشگەزبووەوە، دەستی كرد بە دەركردنی ئەفسەر و فەرمانبەرانی كورد لە سوپا و فەرمانبەرانی كورد لە فەرمانگەكانیان بە تایبەت لە پارێزگا كوردییەكان، خوێندنی كوردی لە ناوچە كوردییەكان ڕاگیرا و دەرچوونی پەرتووكی سیاسی و ئەدەبی لە كوردستان قەدەغەكرا و دەسەڵات بۆ ڕازیكردنی دڵی دەرەبەگەكان كەوتە گیانی جووتیاران.
پارتی دیموكراتی كوردستان دژی ئەو سیاسەتەی حكوومەت وەستایەوە، بەتایبەتی دوای ڕاگەیاندنی دەستووری كاتی عێراق و جێگیركردنی بەندی دووی دەستوور كە تێیدا هاتبوو (عێراق بەشێكە لە ئومەی عەرەبی)، لەسەر ئەم بابەتە و بارودۆخەكە بەگشتی، ڕۆژنامەی خەبات بابەتێكی لە 19ی تشرینی یەكەمی 1960 بڵاوكردەوە، لە بابەتەكەدا هاوكات لەگەڵ خستنەڕووی بەندەكانی دوو و سێی دەستوور، داوای كۆتاییهێنان بە فەرمانە عورفییەكان و ماوەی گواستنەوە (الفترە الانتقالیە)، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد و دیموكراتی و ئازادكردنی زیندانیانی سیاسی و دەستهەڵگرتن لە ڕاونانی ئەندامانی حزبە سیاسییەكان و ڕیكخراوە سەندیكایی و جووتیارییەكان كرد. لە بەرانبەردا حكوومەت ڕۆژنامەی خەباتی داخست و سەرنووسەرەكەی دادگایی كرد، بەتایبەت دوای دەركردنی ژمارە 462 لە ڕێكەوتی 28ی ئاداری 1961، كە بابەتێكی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە بڵاوكردەوە.
دواتر لەلایەن حكوومەتەوە دەستكرا بە گرتنی ژمارەیەك لە كادر و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بەمەش جارێكیتر بارودۆخی حزب گەڕایەوە وەك ئەوەی پێش شۆڕشی 14ی تەمووز و دەستی بە چالاكی و خەباتی نهێنی كردەوە.
مستەفا بارزانیی نەمر لەسەر بانگهێشتی حكوومەتی سۆڤیەت بە مەبەستی بەشداریكردن لە ئاهەنگەكانی ئۆكتۆبەر، لە پێنجی تشرینی دووەمی 1960 سەردانی مۆسكۆی كرد، لەكاتی چاوپێكەوتن لەگەڵ كاربەدەستە باڵاكانی سۆڤیەت داوای لێكردن یارمەتی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و حكوومەتی عێراق بدەن، هەر لەو كۆبوونەوانەشدا زۆرێك لە كێشەكانی نێوان پارتی و حزبی شیوعی عێراق چارەسەركران.
لە 13ی كانوونی دوومی 1961 بارزانیی نەمر گەڕایەوە بەغدا و پاش ماوەیەك چاوەڕوانی لە مانگی شوبات چاوی بە عەبدولكەریم قاسم كەوت، لە دیدارەكەدا هەوڵی ڕەواندنەوەی گومانەكانی دا و تەواوی بەڵگەكانی نیازپاكی كوردی بەرانبەر بە حكوومەتی بۆ عەبدولكەریم قاسم خستەڕوو، بەڵام هیچ ئاكامێكی نەبوو.
سیاسەتی شۆڤێنی حكوومەتی عەبدولكەریم قاسم بەرانبەر بە گەلی كورد درێژەی هەبوو، تا دەهات بارودۆخ لە تەقینەوە نزیكتر دەبووەوە، بەمەبەستی بەرگرتن لە شەڕ، وەك ناڕەزایەتیی بەرانبەر سیاسەتی حكوومەت، لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، لە شەشی ئەیلوولی 1961 مانگرتنی گشتی لە سەرانسەری كوردستان ڕێكخرا، مانگرتنەكە تەواوی ناوچەكانی كوردستانی گرتەوە، ئەمەش دەرخەری سەنگ و هێزی پارتی بوو، مەبەست لە مانگرتنەكە ئەوەبوو ڕێگری لە حكوومەت بكرێت لەوەی هێز بنێرێتە سەر ناوچەكانی كوردستان.
ئەم مێژووە بۆ پارتی بە پڕشنگداری مایەوە تا ئێستەیش كە حزبەكە بەردەوامە لە خەباتی نەپساوە بۆ هەر ستەمێك كە دژی كورد دەكرێت، كورد ئێستە لە دنیادا لە پێگەیەكی گەورە و فراواندایە كە دەتوانێ لەسەر بریاری چارەنووسساز رۆڵی خۆی ببینێ.
ئامادەكردنی/ ئەحمەد سەردار
















Leave a Reply