ئەمڕۆ سێشەم هەڵبژاردنی 26ەمین خولی پەرلەمانی ئیسرائیل دەستی پێ كرد، ئەمەیش یەكەم هەڵبژاردنە دوای هێرشە خوێناوییەكەی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و جەنگ دژی ئێران و لبنان و بەردەوامی پێكدادانەكان، هەڕەشەی دەستكردنەوە بە بۆردمانكردنی ئێران لە دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.
لەو هەڵبژاردنەدا بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئێستەی ئیسرائیل، دەیەوێ دووبارە دەسەڵات بگرێتەوە دەست و خولێكی تر سەرۆكایەتیی حكوومەتی ئەو وڵاتە بكات، ئەمەیش لە كاتێكدا نەتەنیاهۆ ماوەی 19 ساڵ سەرۆكی حكوومەتی ئیسرائیل بووە، ئێستەیش خۆی و حزبەكەی “لیكۆد” و هاوپەیمانی ڕاستڕۆ توندڕۆكانی نەتەنیاهۆ، بە گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات تۆمەتبار دەكرێن، لە بەرانبەردا بەرەی ئۆپۆزسیۆن كە لە حزبە جووە میانڕۆكان پێكهاتووە، دەیانەوێ زۆرینەی پەرلەمان ببەنەوە و كۆتایی بە حوكمی نەتەنیاهۆ و هاوپەیمانییەكەی بهێنن.
بەگوێرەی داتاكانی لیژنەی ناوەندی هەڵبژاردن لە ئیسرائیل، 7.3 ملیۆن هاووڵاتی تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵە و مافی دەنگدانیان هەیە، بەیانی ئەمڕۆ سەعات حەوت دەرگەی بنكەكانی دەنگدان بە ڕووی هاووڵاتییان كرایەوە و تا 10ی شەو پرۆسەكە بەردەوامی دەبێت، هەمووان دەرفەتی ئەوەیان پێ دەدرێ بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگی خۆیان ئازادانە بدەن.
هەر حزبێكی بەشدار لە هەڵبژاردن كەمتر لە 3.25%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، ئەوا هیچ كورسییەكی پەرلەمانی ئیسرائیلی پێ نادرێ و ماوەی كاری هەر خولێكی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیش چوار ساڵە. دەنگدەرانی ئیسرائیل دەنگ بە لیستی حزبەكان دەدەن، نەك كاندیدەكان، هەر حزبێك و هاوپەیمانییەكیش پێویستی بە دەنگی 61 پەرلەمانتارە لە كۆی 120 پەرلەمانتار، تا ئێستە ڕووی نەداوە حزبێك بە تەنیا 61 كورسیی پەرلەمان بباتەوە.
بەمشێوەیە حزبێك بە تەنیا ناتوانێ حكوومەت پێكبهێنێت، بگرە هاوپەیمانی دەبێ دروست بكرێ لەگەڵ حزبەكانی تر، تا بتوانن زۆرینەی پەرلەمان مسۆگەر بكەن، دوای هەڵبژاردن و دەركەوتنی ئەنجامی فەرمی و كۆتایی، سەرۆكی ئیسرائیل كەسێك بۆ پێكهێنانی حكوومەت لە 28 ڕۆژ ڕادەسپێرێت و دەتوانرێ ئەو ماوەیە 14 ڕۆژی تر درێژ بكرێتەوە، تا لەو ماوەیە هاوپەیمانی دروست بكات و حكوومەت ئاراستەی پەرلەمان بكات. ئەگەر لە ماوەی 28 ڕۆژ و 14 ڕۆژی درێژكراوە كاندیدی ڕاسپێردراو نەتوانێ هاوپەیمانی دروست بكات و حكوومەت پێكبهێنێت، ئەوا كەسێكی تر ڕادەسپێردرێت، ئەگەر ئەمیش نەیتوانی زۆرینە مسۆگەر بكات، ئەوا هەڵبژاردنێكی نوێ ئەنجام دەدرێت.
كورسییەكانی پەرلەمان بەگوێرەی ڕێژەی ئەو دەنگانەی حزبەكان لە هەڵبژاردن بەدەستیان هێناوە، دابەش دەكرێت، ئەو حزبەی 30%ی دەنگەكانی بەدەست هێنابێت، ئەوا 30%ی كورسییەكانی پەرلەمانی دەبێت، ئەوەیشی 20% هەبێت، ئەوا 20%ی كورسییەكان وەردەگرێ، ئەو حزبانەیشی 3.25%ی دەنگەكانیان هێنابێ، هیچ كورسییەكان پێ نادرێ و دوور دەخرێنەوە.
سەرەڕای ئەوەی لیژنەی ناوەندی هەڵبژاردن دووپات لەوە دەكاتەوە كە 7.3 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام ملیۆنان كەسی تر لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ئیسرائیل هەن، ڕێگەیان پێ نادرێ بەشداری هەڵبژاردن بكەن، لەوانە سێ ملیۆن هاووڵاتی لە غەزە و بەرەی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی قودس كە سەرجەمیان فەلەستینین و لە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ئیسرائیل دەژین، بەڵام مافی دەنگدانیان نییە. لە كۆی گشتیی فەلەستینییەكان تەنیا 1.2 ملیۆنیان مافی دەنگدانیان پێ دراوە و لیستی فەلەستینی 48 بوونی هەیە و بەشداریی لە هەڵبژاردن كردووە.
جیا لەوە ئەو هاووڵاتییانەی ئیسرائیل كە لە دەرەوەی وڵاتن، مافی دەنگدانیان نییە و لەو مافە بێبەش دەكرێن، چونكە سندووقی دەنگدان لە وڵاتانی دنیا دانانرێ و تەنیا دیپلۆماتكار و نێردە تایبەتەكانی حكوومەت بۆیان هەیە لە كونسوڵگە و باڵوێزخانەكان دەنگ بدەن.
حكوومەتی ئێستە بە سەرۆكایەتیی نەتەنیاهۆ بە 60 كورسیی پەرلەمانەوە دەسەڵاتی وەرگرتووە كە ئەو 60 كورسییە، 32ی هی حزبەكەی نەتەنیاهۆ “لیكۆدە”، هەروەها 11 كورسیی حزبی شاس و حەوت و كورسیی جووە ئاینییەكان و شەش كورسیی هێزی جووەكان، چوار كورسیی حزبی هیوای نوێ. حزبی ساش لە تەمووز/یۆلیۆی 2025 لە حكوومەت چووە دەرەوە، بەڵام لە ناو هاوپەیمانی حكوومەت لە پەرلەمان مایەوە.
















Leave a Reply