ئومێد عومەر
لەکاتێکدا دانوستانە سیاسییەکان لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بەردەوامن، مەیلی مەسرور بارزانی بۆ وەرگرتنی خولێکی تری سەرۆکایەتی حکومەت بووەتە چەقی هاوکێشەکان. بەڵام لە دەرەوەی ژووری کۆبوونەوە تاقەتپڕووکێنەکانی حیزبەکان، شەقامێکی ماندوو و پڕ لە پرسیار وەستاوە کە چیتر بە دابەشکردنی پۆستەکان ناخەڵەتێت. مێژووی چەند ساڵی ڕابردوو نیشانی دا کە کێشەی سەرەکی، نەبوونی پلان یان کابینە نییە، بەڵکو نادیاریی چارەنووسی ئەو بەڵێنانەیە کە پێشتر درابوون. بۆیە ئێستا کە باسی خولێکی نوێ دەکرێت، هاوڵاتیان پێش هەموو شتێک داوای وەڵامی ڕوون دەکەن.
پرسیارەکان لەناو دڵی هەموو ماڵێکی ئەم نیشتمانەدا دەخولێنەوە: کەی بژێوی و کەرامەتی فەرمانبەران لەژێر ڕەحمەتی ململانێ و لێکتێنەگەیشتنە بەردەوامەکان ڕزگاری دەبێت؟ چەند لەو بەڵێنانەی لەسەر چاکسازی، ڕووبەڕووبوونەوەی قۆرخکاری و سەربەخۆیی دامەزراوەکان درابوون، چوونە بواری جێبەجێکردنەوە؟ کاتێک هاوڵاتیی ئاسایی دەبینێت کە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان هێشتا وەک کێشەیەکی گەورە ماونەتەوە و گەنجان ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتووی خۆیان نابینن، چۆن دەکرێت متمانە بە چوار ساڵی تری هەمان بیرکردنەوە بکات؟
داواکاریی خولێکی تری حوکمڕانی ناتوانێت تەنیا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی حیزبی و هاوسەنگیی هێز بێت، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای بەرهەم و کارنامەی ڕابردوو بێت. هاوڵاتیانی کوردستان چیتر تینووی بیستنی دروشمی نوێ و کارنامەی سەر کاغەز نین، ئەوان دەیانەوێت بزانن بۆچی کاتژمێری ژیانی ئەوان چەندین ساڵە لەناو قەیراندا چەقیوە، لە کاتێکدا سیاسەت داوای دەرفەتی نوێ دەکات. تا ئەو کاتەی وەڵامێکی ڕاستگۆیانە و کردارەکی بۆ کێشە کۆنەکان نەدرێتەوە، هەر کابینەیەکی نوێ تەنیا درێژکردنەوەی هەمان قۆناغی چاوەڕوانی و نائومێدی دەبێت.
















Leave a Reply