كەمتر لە مانگێك ماوە بۆ میوانداریی چین لە لووتكەی هاریكاری ئابووری وڵاتانی ئاسیا و زەریای هێمن “ئاپیك” لە شاری شینزین و چاوەڕوان دەكرێ لە پەراوێزی ئەو لووتكەیە، هەریەك لە پوتین و ترەمپ و شی كۆبوونەوەیەكی سێ قۆڵی ئەنجام بدەن، ئەو بیرۆكەیە لەلایەن پوتینەوە خرایە ڕوو و ترەمپ ئامادەیی پێشان داوە، بەڵام وەك ڕوونە ترەمپ سنووردانان بۆ چەكی ئەتۆمی و پوتین ئۆكراینای دەوێ، لێرە شی جینپینگی سەرۆكی چین دەمێنێتەوە، ئەو چیی دەوێ و بە دوای چی دەگەڕێت؟
هەرچەندە ترەمپ و پوتین ئامادەییان بۆ بەشداریی لەو لووتكە سێقۆڵییە ڕاگەیاندووە، بەڵام چین تا ئێستە بۆچوونی خۆی دەرنەبڕیوە و پێوەندیشی بۆ ئەو مەبەستە پێ نەكراوە، وەك ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال باسی لێوە دەكات، هەروەها كارنامەی كۆبوونەوەی سێقۆڵی ترەمپ و پوتین و شیش قسەی لەسەر نەكراوە و یەكلا نەكراوەتەوە.
پوتین لەو دیدارە دەیەوێ سەرنج بخاتە سەر دۆسیەی ئۆكراینا و بۆ بەرژەوەندیی مۆسكۆ جەنگەكە یەكلا بكاتەوە، ترەمپ پێشنیازی دانانی سنوورێك بۆ چەكی ئەتۆمی دەخاتە ڕوو، لە كاتێكدا پێشتر پەكین ڕەتی كردووەتەوە سنووردانانی ئەتۆمی لەگەڵ واشنتن و مۆسكۆ تاوتوێ بكات.
بۆ سەرۆكی چین بیرۆكەی كۆبوونەوەی سێقۆڵی سەرنجڕاكێشە و پڕیشە لە مەترسی لە یەك كاتدا، میوانداریكردنی دوو زلهێزی دنیا لەسەر خاكی چین بەڵگەیە لەسەر زلهێزی و بەهێزی چین، بەڵام ئەگەر كارنامەی دانیشتنەكە بە جۆرێك دابڕێژرێ لە بەرژەوەندیی پەكین نەبێت، ئەوا ئەو دەرفەتە دەبێتە هەڵم بەر لەوەی دەست پێ بكات و ئەنجام بدرێت.
دەمێكە پەكین هەوڵ دەدات ڕۆڵی ناوەندگیر بگێڕێت، بەڵام لەوەدا سەركەوتوو نەبووە، نزیكبوونەوەی زۆری لە مۆسكۆ بێلایەنی پوتینی لە دەست دا، لە 2023 پەكین پلانی ئاشتی بۆ ئۆكراینا ڕاگەیاند، بەڵام هیچ یەكێك لە خاڵەكانی ناو پلانەكە باسی لە كشانەوەی هێزەكانی رووسیا لەسەر خاكی ئۆكراینا نەدەكرد، ئەمەیش وایكرد پلانەكە و هەوڵە دیپلۆماسییەكانی بێ ئەنجام و كاریگەری بمێننەوە، تەنیا وەك بەڵگەیەك و پێشنیازێكی مردوو ماوەتەوە.
هەرچەندە هەرسێ وڵات دەیانەوێ ئەو دۆسیانە بخەنە كارنامەی دانیشتنەكەوە كە لە بەرژەوەندیی خۆیاندایە، لەوبارەیەشەوە پێشتر ماركۆ ڕۆبیۆ ئەو بیرۆكەیەی بە باش ناو برد و گوتی، ئەوە دەرفەتێكە بۆ سێ هێزە ئەتۆمییەكەی دنیا گفتوگۆ بۆ دانانی سنوورێك بۆ خۆ پڕچەككردن بكەن و لەسەر ئاستی سەركردەی پلە یەك ئەمە تاوتوێ بكرێت، هەنگاوێكی گرنگە. لێرەوە چین تووشی گرفت دەبێت، چونكە نایەوێ سنوور بۆ پێشكەوتنی بواری سەربازی دابنرێ و بەردەوامە لە خۆپڕچەككردن.
ماوەیەكی زۆرە چین خۆی لە گفتوگۆكردن لەبارەی دانانی سنوور بۆ چەكی ئەتۆمی بە دوور گرتووە، بەهۆی ئەوەی لەو بوارە دواكەوت و بەمدواییە پێشكەوتنی بەدی هێنا، بۆیە ئەندامی ڕێككەوتنی سنووردانان بۆ چەكی ئەتۆمی نەبوو و بەردەوام بوو لە پەرەپێدانی تواناكانی. هەریەك لە ڕووسیا و ئەمەریكا ئێستە خاوەنی هەزاران كڵاوەی ئەتۆمین، بەڵام ژمارەی ئەو كڵاوە ئەتۆمییانەی كە چین هەیەتی زۆر كەم و سنووردارن.
لە روانگەی پەكینەوە چوونە ناو گفتوگۆیەكی لەمجۆرە، واتە كەمكردنەوەی بەهای بەرنامە ناوكییەكەی و هیچ سەرۆكێكی چینیش ئامادە نییە سنوور بۆ بەرنامەی ئەتۆمی دابنێت، بەتایبەت شی جینپینگ كە لە سەردەمی ئەودا توانای چەكی ئەتۆمی چین زۆرترین پێشكەوتن و فراوانبوونی بەخۆیەوە بینی.
یۆن سەن بەڕێوەبەری پرۆگرامی چین لە ناوەندی ستیمسۆن لە واشنتن گوتی، ئەو هەنگاوە چاوەڕوانكراوە لەلایەن پەكینەوە كە بەرهەڵستی ویستێكی لەمجۆرە بكات، ئەگەر ترەمپ سوور بێ لەسەر ئەوەی چەكی ئەتۆمی سنووری بۆ دابنرێ و ئەمە ببێتە تەوەرێكی لووتكەكە، ئەوا بەر لە ئەنجامدانی لووتكەی سێقۆڵی هەرەس دەهێنێت.
لە میانەی سەردانی شی جینپینگ بۆ واشنتن لە 24ی ئەیلوول/سێپتێمبەری ڕابردوو و دیداری لەگەڵ ترەمپ، وەك لە ڕاگەیەنراوێكی كۆشكی سپیدا هاتووە، لە گفتوگۆی نێوان ترەمپ و شی باسی سنووردانان بۆ چەك كراوە، بەڵام ئەوە تەنیا لەلایەن ئەمەریكاوە خراوەتە ڕوو و نەبووە بە كارنامە و تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەكان و پابەندبوونی هەردوو سەرۆك بە باسكردنی ئەو تەوەرە.
وەك لە ڕاگەیەنراوەكەی ئەوكاتی كۆشكی سپیدا هاتووە، ترەمپ دووبارە داوای لە چین كردووەتەوە بێتە ناو گفتوگۆی سێقۆڵی بۆ دانانی سنوورێك بۆ چەكی ئەتۆمی و پڕچەككردن لە تەك ئەمەریكا و رووسیاوە، بەڵام ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتیی چین لەبارەی دیدارەكە بە هیچ شێوەیەك باسی ئەو دۆسیەیەی لێ نەكراوە و ئاماژەی پێ نەدراوە.
تەوەرێكی تر دەمێنێتەوە كە دەكرێ چین باسی لێوە بكات، ئەویش دۆسیەی تایوانە، بەڵام چەندان ساڵە پەكین ڕەتی دەكاتەوە تایوان وەك دۆسیەیەی نێودەوڵەتی بناسێنی و كێشەیە بە گرفتێكی ناوخۆیی چین ناو دەبات، بۆیە باسكردنی لە لووتكەی سێقۆڵی، واتە بە نێودەوڵەتیكردنی دۆسیەی تایوان، ئەمەیش پێچەوانەی سیاسەتەكانی پەكینە.
















Leave a Reply