شەڕی درۆنیی رووسیا و ئۆكراینا بەرەو كوێ؟

بینەر: (26)

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم ڕووسیا بە درۆنێك وێستگەیەكی سەرەكی شەمەندەفەری لە ناوەڕاستی ئوكراینا كردە ئامانج، ئەوە لەو كاتەی خەڵكەكە چاوەڕوانی سەركەوتن بۆ شەمەندەفەر بوون، هێرشەكە بووە هۆكاری كوژرانی 14 كەس، ئەو بۆردمانە یەكەم نییە و دوایینیش نابێت، هاوكات ئۆكرایناش رۆژانە دەیان و سەتان درۆن بەرەو خاكی رووسیا داوێت.

بە پێی ڕاگەیەندراوی دەسەڵاتدارانی ئۆكراینا، لەم هێرشەدا 10 كەسی تر بریندار بوون، ئەمە كۆتا هێرش بووە لە زنجیرە هێرشەكانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانی گواستنەوە و وزە لە ئۆكڕانیا، كە زیانێكی گیانی زۆری لێ كەوتووەتەوە، بە لایەنی كەم 19 كەس، لە نێوانیاندا دوو كچی 15 ساڵان كوژراون.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم ڤۆلۆدمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا لە پۆستێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس ڕای گەیاند، ئەوان بێ بە زەییانە هێرش دەكەنە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و هێرشەكان بە مەبەستن، ڕووسییەكان لە هەمان كاتدا كە ئۆپەراسیۆنی مرۆیی لە شاری ئۆلێشكی بەڕێوە دەچێت، هێرش دەكەن.

لە سێشەم رابردووەوە بە چاودێریی میلانیا ترەمپ خانمی یەكەمی ئەمەریكا، ڕووسیا و ئۆكراینا ئاگربەستێكیان لە ناوچەی خێرسۆن لە باشووری ئۆكراینا دەست پێ كرد، ئەوەش بە مەبەستی گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی بوو بە زووترین كات بۆ شاری ئۆلێشكی كە لە لایەن ڕووسیاوە داگیر كراوە.

لای خۆیەوە سەرۆكی ئوكرانیا داوای لە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەكانی كرد كە گوشار بخەنە سەر ڕووسیا و گوتی، مەبەستی ڕووسیا ڕوونە و دەیانەوێ شەڕەكە بەردەوام بێت، پێشووتریش هێرشەكەی شاری دنیپرۆی بە ترسناك وەسف كردبوو و داوای سزای زیاتری بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانی تری ڕووسیا كرد.

لە سەرەتای ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەستبەرداری كۆمەڵێك سزای سەپێنراو بەسەر رووسیا بوو، كە پێوەندی بە فرۆشتنی سووتەمەنی ڕووسییەوە هەبوو، ئەمەش حكوومەتی ئۆكراینای توڕە كرد، چونكە ماوەیەكی زۆرە داوای سزای توندتر بۆ گواستنەوەی وزەی ڕووسیا دەكات.

چوارشەمی رابردوو میدیاكانی ڕووسیا باسی ئەوەیان كرد كە حكوومەتەكانی ئەمەریكا و ڕووسیا، قسەیان لەسەر نەهێشتنی سزا لەسەر سندوقی دارایی ڕووسیا كردووە كە بەهاكەی چەندان ملیار دۆلارە، ئەوەش نزیكەی دوای پێنج ساڵ كە لە لایەن ئیدارەی سەرۆك بایدن بە هۆی داگیركاریی فراوانی ڕووسیا بۆ ئۆكراینا سەپێنران.

لەو بارەوە ڤلادیسلاڤ ڤلاسیوك كۆمیساری سەرۆكایەتیی ئۆكراینا و بەرپرسی سیاسەتی سزاكان بە “سی ئێن ئێن”ی ڕاگەیاند، وڵاتانی تر ناتوانن یاساكانی سزایان بگۆڕن و پاشان چاوەڕوانی ئەوە بن ڕووسیا ڕەفتارەكانی بگۆڕێت، پێویستە سەرەتا ڕووسیا هەنگاوێكی ڕاست بنێت، دواتر شتەكانی تر بكرێت.

قوربانییەكانی بۆردمانی پێنجشەم دوو كچی 15 ساڵییان تێدا بوو، لە هێرشەكەی ڕووسیا بۆ سەر شاری چێرنیهیڤ لە باكوری ئۆكراینا، هاوكات سێ كەسی تریش لە هێرشێكی تردا بۆ سەر باڵەخانەیەك لە ناوچەی پۆڵتاڤا كوژران.

وێنەی كامێراكان لە شوێنی هێرشەكەی دنپیرۆ، چەندین تەرم نیشان دەدەن كە لەسەر سەكۆی وێستگەكە كەوتوون، بەڕێوبەری ئەو نەخۆشخانەیەی بریندارەكانی بۆ گوازراوەتەوە بە میدیای ناوخۆییەكانی ڕاگەیاندووە كە زۆربەی بریندارەكان بەهۆی پارچەی درۆنەكەوە بریندار بوونە، چوار كەس لەوانە بە پەلە نەشتەرگەرییان بۆ كراوە.

هێرشەكانی ئەم دواییەی ڕووسیا هاوكات لەگەڵ لاوازبوونی بەرگری ئاسمانیی ئۆكراینا بە ڕێژەیەكی بەرچاو روو دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا حكوومەتی ڕووسیا ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە هێرشەكانی بە مەبەست بۆ سەر هاوڵاتییانی مەدەنی بێت.

ڕووسیا بە ڕوونی دووپاتی لەوە كردەوە كە ڕاگرتنی شەڕەكە تەنیا بۆ ناوچەی ئۆلێشكییە، كە هەزاران كەس تێیدا بەبێ كارەبا و خوارن و ئاوی پاك ماونەتەوە، ئەو ئاگربەستەی ڕووسیا و ئۆكرانیا بە مەرجەكانی ڕازی بوون و ڕێكەوتنەكە تا سەعات 10:59 خولەكی شەوی یەكی تشرینی دووەم بەپێی كاتی ناوخۆی ئەو ناوچەیە بەردەوام دەبێت.

شایەنی باسە لە دوای چەند ساڵێك لە شەڕێكی سەختی بەرەكانی جەنگ، لە ماوەی دوایی شەڕەكە جیا لە شەڕی درۆنی و مووشەكی بۆ سەر ژێرخانی وزە و نەوت، ئامانجە مەدەنییەكانیشی گرتووەتەوە، شەڕەكە بەرەو شەڕی شار و كردنەئامانجی هاووڵاتییان، بە تایبەتی لە لایەن رووسیا هەنگاو ناوە، بۆ ناچاركردنی ئۆكراینا بۆ ملكەچی بۆ مەرجەكانی و وەستانی یەكجارەكی شەڕەكە بەو شێوە و نەخشە نوێیەی لە ناوچەكە دروست بووە.

و: ئەوین مەحموود

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *