شاندی هەرێم ئەمڕۆ مووچە و بەرزكردنەوەی پلە و دامەزراندن لە بەغدا دەچەسپێنێت

بینەر: (7)

مووچە و بەرزكردنەوەی پلە و دامەزراندن، ئەو سێ داواكارییە بنەڕەتییەن كە شاندی باڵای كوردستان لە بەغدا پێداگریی لەسەر كردوون و بڕیارە ئەمڕۆ بیچەسپێنێت.

بەپێی زانیاریییەكانی “وشە” كە لە یەكێك لە ئەندامی شاندە باڵاكەی كوردستان بۆ بەغدا دەستی كەوتووە، مووچە و بەرزكردنەوەی پلە و دامەزراندن، گفتوگۆی رژدیان لەسەر كراوە و شاندەكەی هەرێم سوورە لەسەر ئەو سێ بابەتە وەك سێ بابەتی بنەڕەتی لەناو پڕۆژەیاسای بودجەدا بێت، هاوكات پشكی بودجەی هەرێمیش بابەتێكی تری گرنگە كە ئەمجارە حكوومەتی هەرێم سازشی لەسەر ناكات.

دوو رۆژە شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتووە لە سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سكرتێری ئەنجوومەن، وەزیرانی دارایی و نەوت و كارەبا و شاندێكی تەكنیكی دارایی لە بەغدان.

شاندی هەرێمی كوردستان ئەنجامی سێ كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیرانی دارایی و نەوت و بریكاری وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ خستەڕوو، لەمبارەیەوە ئومێد سەباح ئەندامی شاندەكە رای گەیاندووە، وەزیری دارایی فیدراڵ گوتوویەتی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەین، هەرێمی كوردستانیش بەڵێنی جێبەجێكردنی پابەندییە دەستوورییەكانی داوە.

بەپێی زانیارییەكان، شاندی هەرێمی كوردستان لەم كۆبوونەوەیەدا گوتوویانە داواكارییەكانمان جێبەجێ كردووە، نەوت لە ڕێگەی سۆمۆ هەناردە دەكرێت، داهاتەكەی بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێتەوە و ئەركی بەغدایە شایستەی دارایی خۆی بەرانبەر هەولێر جێبەجێ بكات.

شاندەكەی هەرێمی كوردستان، دووپاتی لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی خۆی و بەرپرسیاریەتییەكانی حكوومەتی فیدراڵ، بۆ دابینكردنی مووچە و ماف و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی هاوتاكانیان لە حكوومەتی فیدراڵ كردەوە.

لە كۆبوونەوەی شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لە بەغدا، داوای جێگیركردنی نزیكەی ۲۹ تریلیۆن دینار و چەسپاندنی پشكی ٪١٤.١ی هەرێم كراوە، بەپێی ئامارەكانی سەرژمێریی دانیشتووان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا.

پاكێجی داواكارییەكانی شاندی هەرێم، خۆی لە تەرخانكردنی زیاتر لە ۲۳ تریلیۆن دینار بۆ بودجەی بەكاربردن و ٥.٥ تریلیۆن بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دەبینێتەوە، هاوشانی تەرخانكردنی زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار وەك قەرەبووی پاداشتی خانەنشینان.

هەروەها شاندەكە داوای جێگیركردنی ۹٤ ملیار دیناری مانگانەی كردووە بۆ خەرجكردنی بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی، لەگەڵ دامەزراندنی ۱٦ هەزار لە یەكەمەكانی زانكۆكان و بەهەمیشەییكردنی گرێبەستەكان، هاوكات لەگەڵ پابەندبوون بە گەڕاندنەوەی ٪٥٠ی داهاتە نانەوتییەكان بۆ گەنجینەی فیدراڵ.

لە دۆسیەی نەوت و بەڕێوەبردنی سەرچاوەكاندا، ناكۆكی لە نێوان هەردوو لایەنەكەدا بەردەوامە، بەجۆرێك وەزارەتی دارایی عێراق بە سەرۆكایەتیی فالح ساری، كار لەسەر داڕشتنی “بودجەی پرۆگرام و دەرئەنجام” دەكات و داوای جێگیركردنی ڕادەستكردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەكات، لە كاتێكدا شاندی هەرێم پێداگری لەسەر جێگیركردنی ٣٠٠ هەزار بەرمیل بۆ هەناردەكردن و بەرزكردنەوەی پشكی بەكارهێنانی ناوخۆ بۆ ١٤٠ هەزار بەرمیل دەكاتەوە.

بڕیاریشە گفتوگۆكانی شاندی هەرێم لەگەڵ وەزارەتەكانی نەوت و پلاندانان بەردەوام بێت بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *