وێڕای سوودەكانی بۆ دڵ.. ئەگەری هەیە ئەسپرین لە درێژمەودادا مەترسیی هەبێت

بینەر: (6)

پزیشكێكی دەمانساز لەبارەی حەبی ئەسپرین و كاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەكانی بۆ تەندروستی رای گەیاند، ئەو راستە كە حەبی ئەسپرین سوودی زۆری بۆ دڵ هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی قەستەرە یان نەشتەرگەریی دڵیان كردووە، بەڵام ئەگەری هەیە لە بەكارهێنانی لە درێژمەودادا مەترسیدار بێت.

راج پاتیل پزیشكی دەمانسازە و لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی تیتك توك كە پێگەی “ئەهرام”یش بڵاوی كردووەتەوە، باس لە سوودەكانی حەبی ئەسپرین دەكات كە بۆ تەندروستیی دڵ زۆرباشە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی قەستەرە یان نەشتەرگەریی دڵیان كردووە و بەپێی رێنوێنیی پزیشكەكانیان، پێویستە تاهەتایە رۆژانە ئەسپرین بەكار بێنن. بەڵام ئەو پزیشكە ئاماژە بە مەترسییەكانی دەدات كە ئەگەری هەیە لە درێژمەودادا مەترسیی بێت.

ئەو پزیشكە دەڵێت، وێڕای سوودەكانی ئەسپرین، هاوكات لە درێژمەودادا كاریگەریی نەرێنیی لەسەر گەدە و خوێن دەبێت. روونی كردووەتەوە كە ئەگەری زۆرە بەهۆی زۆر بەكارهێنانی ئەو حەبە، كەسەكە تووشی برینی گەدە “قورحە” بێت و دوور نییە تووشی خوێنبەربوونی ناوەوەی گەدە بێت، هاوكات زیانێكی تری زۆر بەكارهێنانی، مادەی ئاسن لە خوێندا كەم دەكاتەوە، بۆیە ئەگەر هەیە لە هەندێك حاڵەتدا كەسەكە تووشی خوێنبەربوونی مێشك بكات.

وێرای هۆشدارییەكانی پێشتر، دەستەی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانی “ئێن ئێچ ئێس” روونی كردووەتەوە، ئەگەری زۆرە لە درێژمەودا و زۆر بەكارهێنانی ئەسپرین، شوێنەواری مەترسیداری هەبێت. ئەویش دووپات دەكاتەوە كە بەتایبەتی برینی گەدە و ئەگەری خوێنبەربوون تێیدا، یەك لە مەترسییەكانی ئەو حەبەیە ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆر بەكار بهێنرێت، هاوكات تووشبوون بە ئازاری سك و خوێن لە پاشەڕۆ كە رەنگی رەش دەبێت، جیا لە تووشبوون بە پشووسواری و هەستیاریی زۆر.

دواتریش پزیشكانی پسپۆر لە بواری نەخۆشییەكانی دڵ دووپات دەكەنەوە، وێڕای ئەوەی لە درێژمەودادا ئەسپرین زیانی دەبێت، لەگەڵ ئەوەیشدا نابێ نەخۆش لەخۆیەوە و راستەوخۆ وازی لێ بێنێت، بەتایبەتی ئەوانەی تووشی جەڵتەی مێشك و نەشتەرگەریی دڵ بوون و ئەسپرین یەك لە چارەسەرەكانیانە، بەڵكو پێویستە لە هەستكردن بە زیانەكانی، راستەوخۆ سەردانی پسپۆری بوارەكە بكەن و رێنوێنی وەربگرن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *