قاوە یان ئاو؟ کامیان باشترە بەیانیان زوو بخورێتەوە؟

بینەر: (12)

زۆر کەس ڕۆژەکەیان بە کوپێک قاوە دەست پێ دەکەن بۆ ئەوەی خێرا وزە و وریاییان پێ ببەخشێت، لە کاتێکدا هەندێکی تر پێیان باشترە دوای چەندین سەعات خەوتن، ڕاستەوخۆ ئاو بخۆنەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی شلەکانی جەستەیان. بەڵام شارەزایان ڕوونی دەکەنەوە کە هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە بیسەلمێنێت کامیان دەبێت پێش ئەوی تر بخورێتەوە.

شارەزایانی تەندروستی دەڵێن، هەڵبژاردنی نێوان ئاو و قاوە پشت دەبەستێت بە پێویستیی جەستە بۆ شلەکان و ئاستی کاردانەوەی کەسەکە بۆ مادەی کافاین، چونکە هەریەکەیان ئەرکێکی جیاواز لە سەرەتای ڕۆژدا جێبەجێ دەکەن. کافاینی ناو قاوە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و کاتیی هەیە بۆ زیادکردنی وریایی و سەرنج، لە کاتێکدا ئاو گرنگە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شلانەی جەستە لە کاتی خەودا لەدەستی داون.

ئاو توخمێکی سەرەکییە بۆ پێکهاتەی جەستە، پاراستنی هاوسەنگیی شلەکان یارمەتیدەرە بۆ کارکردنی دروستی کۆئەندامی دەمار، سووڕی خوێن و ڕێکخستنی پلەی گەرمیی جەستە. وشکبوونەوەی جەستە لەوانەیە ببێتە هۆی ماندوێتی، سەرئێشە، تێکچوونی مەزاج و دابەزینی ئاستی تەرکیز. هەڵبەتە نەخواردنەوەی ئاو لە کاتی خەودا بەو واتایە نایەت کە هەموو کەسێک بەیانیان تووشی وشکبوونەوەی جەستە بووە، بەڵام بۆ ئەوانەی هەست بە تینوویەتی یان وشکبوونی دەم دەکەن، خواردنەوەی ئاو پێویستە، هەرچەندە ناتوانێت وەک قاوە ببێتە وریاکەرەوەی کۆئەندامی دەمار.

لەلایەکی ترەوە، کاریگەریی قاوە دەگەڕێتەوە بۆ کافاین کە بەشێوەیەکی کاتی کارکردنی وەرگرەکانی (ئەدینۆزین) لە مێشکدا دەوەستێنێت؛ ئەدینۆزین ئەو مادەیەیە کە دەبێتە هۆی هەستکردن بە خەواڵوویی. لە ڕێگەی ئەمەوە، کافاین وریایی و خێراییی کاردانەوە باشتر دەکات، بەڵام زۆر خواردنەوەی لەوانەیە ببێتە هۆی دڵەڕاوکێ و خێرا لێدانی دڵ.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *