لەبارەی دامەزراندن و گرێبەستی فەرمانبەران حكوومەتی هەرێم سێ بڕیاری نوێ دەردەكات

بینەر: (253)

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە گشتاندنێكی نوێدا بۆ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان، سێ بڕیاری تایبەتی لەبارەی ڕاگرتنی دامەزراندن، گرێبەستی ڕاوێژكاری و ڕاژەی كاتیی فەرمانبەران دەركرد.

بەپێی گشتاندنەكەی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران كە پشتبەستە بە بڕیاری ژمارە (269)ی ڕۆژی پێنجی شوباتی 2025)، داوا لە گشت وەزارەت، دەستە و فەرمانگەكان كراوە پابەندی سێ خاڵی سەرەكی بن.

لە خاڵی یەكەمدا دووپات لە ڕاگرتنی ئاراستەكردنی نووسراوی تایبەت بە دامەزراندن و گرێبەست بە شێوازی (لەجێدانان) كراوەتەوە و ئاماژە بەوە دراوە، هیچ داواكارییەكی پێوەست بەم بابەتە لەلایەن سەرۆكایەتیی دیوانەوە وەرناگیرێت و بۆ فەرمانگەكانیان دەگەڕێنرێتەوە.

لە بەشێكی تری بڕیارەكەدا هاتووە، كاركردن بە گرێبەستی ڕاوێژكاری بۆ دوای قۆناغی خانەنشینبوون، یان درێژكردنەوەی ئەو جۆرە گرێبەستانە بەتەواوی ڕاگیراوە.

هاوكات لە خاڵی سێیەمدا بڕیار دراوە نوێكردنەوەی دانانی كاتی فەرمانبەران (تەنسیب)، تەنیا بۆ دوو جار ڕێگەپێدراوە و بەرزكردنەوەی داواكاری بۆ زیاتر لەو ژمارەیە قەدەغەیە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *