ساڵی رابردوو و ئەمساڵ عێراق بێ بودجە بوو، راوێژكارێكی دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە ئامادەكردنی بودجەی 2027 دەستی پێ كراوە و پێشبینی دەكرێت بەر لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو رەوانەی پەرلەمان بكرێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتی، بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران بەر لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێك بودجەی ساڵی داهاتوو ئامادە بكات و پەسندی بكات و رەوانەی پەرلەمانی بكات، ئەوە وادە یاساییەكەیە، دەسەڵاتی داراییش دووپاتی كردووەتەوە كە بودجەی 2027 لە مانگی تشرینی یەكەم ئامادە دەبێت، لیژنەی دارایی پەرلەمانیش هەمان وادەی دیاری كردووە.
روونی كردەوە، گرنگ ئەوەیە پڕۆژەكە بە تەواوكراوی لە رووی خەمڵاندن و داهات و خەرجییەكان و كورتهێنان و سەرچاوەكانی داهات و بەرنامە و پڕۆژەكانەوە بگاتە پەرلەمان، سەبارەت بە شێوەی بودجەكە گوتی، پشت بە بەرنامە و كارەكان دەبەستێت، واتە تەنیا گۆڕانكاری لە خشتە داراییەكان نابێت، بەڵكو ئامانجەكان دیاری دەكرێن و توانا و میكانیزمی جێبەجێكردن و چاودێری و لێپرسینەوە و هەڵسەنگاندنی ئەنجامەكانیشی لە دوای خەرجكردنی پارەكان لەگەڵدا دەبێت.
سەبارەت بە پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچەی فەرمانبەران ساڵح گوتی، ئەو بابەتە شایستەی دارایی یاسایی فەرمانبەرانە و پێویست بە بڕیاری سیاسی ناكات، دەبێت بەپێی یاسا و رێككارەكان و فەراهەمبونی مەرجە یاساییە پێویستەكان جێبەجێ بكرێت، بەڵام جێگیركردنی گرێبەستەكان لە بودجە، ئاڵۆزە، چونكە پێویستی بە تاوتوێكردنی پێویستیی میلاك و ژمارەی گرێبەستەكان و تێچووی ساڵانە و توانای دارایی دەوڵەت هەیە.
















Leave a Reply