سەردانە چاوەڕواننەكراوەكەی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، بە یاوەری شاندێكی باڵای سەربازی بۆ بەغدا، مشتومڕی زۆری لە بەغدا و ناوەندەكانی سیاسی عێراق دروست كردووە، هەرچەندە لەگەڵ گەیشتنی وا بڵاو كرایەوە كە ئامانجی سەردانەكە باسكردنە لە چەكداماڵینی میلیشیاكان و ئەگەری كردنەوەی گەرووی هورمز، بۆ تێپەڕینی نەوتی عێراق و ڕازیبوونی ئێران بەو داوایەی عێراق، شارەزایانیش باس لەوە دەكەن، بەهۆی ئەوەی تاران لە ڕووی ئابوورییەوە پێویستی بە عێراقە، چاوەڕوان دەكرێ بەرانبەر چەكداماڵینی میلیشیاكان كەمێك نەرمی بنوێنێت.
شرۆڤەكاران دەڵێن، سەردانەكە و هاوكێشەكانی نێوان تاران و بەغدا لەگەڵ نزیكبوونەوە لە 30ی ئەیلوول/سێپتێمبەر، خوێندنەوەی جیاوازی لێ دەكرێ و چارەنووسی چەكی میلیشیاكان و سنووری هەژموونی ئێران لە عێراق تا ئێستە بە تەواوی ڕوون نییە.
غانم عابد سیاسەتوانی عێراقی، بۆ “سكای نیوز عەرەبی” گوتی، لە ماوەی ڕابردوودا گرووپە میلیشیاكانی سەربە ئێران لەگەڵ حكوومەت گەیشتوونەتە ڕێككەوتن، تا بەشێكی چەكەكانیان ڕادەست بكەن، ئەویش بریتییە لە تانك و تۆپهاوێژەكان، بەڵام میلیشیاكان سیستمی درۆن و مووشەكی بالیستیك لای خۆیان دەمێنێتەوە، سەرەڕای ئەو نەرمی نواندنەی میلیشیاكان، بەڵام حكوومەت بەمەوە نەوەستاوە.
غانم عابد ئەوەیشی گوت، ئەو هەنگاوەی میلیشیاكان بە ڕەزامەندی و دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە ئێران بووە، پێویستی ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە بە عێراق ئێستە زۆر گرنگترە لە بوونی میلیشیاكان، ئێران دەیەوێ لەبری گرووپی میلیشیایی گەورە، گرووپی چوار پێنج كەسی لە ناوخۆی عێراق دروست بكات كە توانای بە ئامانجگرتنی ئامانجەكانیان لە عێراق و وڵاتانی ناوچەكە هەبێ و درۆن و مووشەكیان لەلا هەبێت.
ئاماژەی دا، هەژموونی ئێران لە عێراق تەنیا لە بوونی میلیشیاكانی كورت ناكرێتەوە، بەڵكو لە ڕووی سیاسی و هۆزەكان و بازرگانیشەوە ئێران هەژموونی زۆری هەیە، ئەمەیش وایكردووە كە ئێران نەیەوێ لە عێراق بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ رووبەڕووی واشنتن ببێتەوە.
عابد باس لەوە دەكات، بەدیهێنانی دەسكەوتەكان تا 30ی ئەیلوول/سێپتێمبەر گرنگن، ئەوانیش بریتین ڕادەستكردنی چەك بە دەوڵەت و دەرچوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لە عێراق.
لەلایەكی ترەوە سامی نسف وەزیری پێشووی ڕاگەیاندنی كوێت بە دووری زانی كە ئێران دەسبەرداری میلیشیاكانی لە عێراق بێت، تاران گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی كە میلیشیاكان دەتوانن وەڵامی شۆكهێنەر و ناوازە ئەنجام بدەن و لە هێرشی ڕاستەوخۆ ئێران بپارێزن.
نسف باس لە قسەكانی ڕاوێژكارێكی سەرۆك كۆماری ئێران لە وتارێكی لە ڕۆژنامەی “شەرق ئەوسەت” دەكات و دەڵێ، گرووپەكان لە عێراق ڕووبەڕووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەغدا بوونەوە و ئێرانیش لە دەوروبەری دیمەشق هێزەكانی بیانی دەپێكێت.
ئەو وەزیرەی پێشووی كوێت دەڵێ، لەگەڵ دروستكردنی میلیشیاكان، تاران ئابووری شاراوەی لە ڕێی بڵاوەپێكردنی هۆشبەرەكان لە عێراق و سووریا برەو پێ دەدات. لە تەك ئەوە نسف گوتی، هاتنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانیش پێچەوانەی نەریتە دیپلۆماسییەكانە، پێویستە پێوەندیی بەغدا و تاران لەسەر ئاستی سەرۆكی وڵات و حكوومەت و وەزیر و وەزارەتی دەرەوە بێت، بە پێچەوانەوە هاتنی فەرماندەكانی پاسداران، پێشێلكردنی ڕوونی سەروەری عێراقە.
لەلایەكی ترەوە پۆل سالم توێژەر باس لە ئەزموونی خۆی لە لبنان دەكات و دەڵێ، كۆماری ئیسلامی ڕێز لە سەروەری وڵاتان و یاسای نێودەوڵەتی ناگرێ، بێشەرمانە مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەكات كە هەژموونی تەواوی بەسەر سەپاندوون، بۆیە ئێستە خاوەنی گرووپی میلیشیایە لە لبنان و عێراق و یەمەن و شوێنەكانی تریش.
زیاتر گوتی، بەرپرسانی ڕژێم ئێستەیش بەو عەقڵییەتەوە كار دەكەن، نوێنەرایەتیی ئیمپراتۆرییەتێك دەكەن كە تەمەنی سێ هەزار ساڵە و خاكی وڵاتانی ناوچەكە بە بەشێك لە خاكی خۆیان دەزانن، بۆیە دەستوەردان دەكەن و هەژموونی تێدا دەسەپێنن.
هێمای بۆ ئەوەیش كرد كە دۆخی عێراق و لبنان هاوشێوەی یەكترە، سەرۆكی حكوومەتی هەردوو وڵات دەیانەوێ شكۆ و هەیبەتی دەوڵەت بگەڕێننەوە، بەڵام ئێران و میلیشیاكانی زۆر بێشەرمانە ڕێ لەوە دەگرن.
لە بەشێكی تری قسەكانی ئەو توێژەرە گوتی، سیاسەتی ئێران چوار دەیەیە لەسەر دژایەتیكردنی ئیسرائیل و ئەمەریكا هەڵچنراوە، بەڵام لەبری وەڵامدانەوەی ئەمەریكا و ئیسرائیل، ئێران گەلانی ناوچەكە لە لبنان و یەمەن و عێراق دەچەوسێنێتەوە و هەژموونیان دەخاتە سەر و وەك قەڵغان بۆ پاراستنی خۆی بەكاریان دەهێنێت.
















Leave a Reply