ئێوارەی دووشەمی ڕابردوو توركیا چووە ناو قۆناغێكی نوێوە، دوای ئەوەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بڕیاری لەسەر یاسای توركیای خاڵی لە تیرۆر دا و بە پشتبەستن بەو یاسایە، پرۆسەی هاریكاری نیشتمانی و بەهێزكردنی كۆمەڵایەتی جێبەجێ دەكرێت، لەو ڕێگەیەشەوە چەكدارانی پەكەكە چەكەكانیان دادەنێن و دەگەڕێنەوە ناو كۆمەڵگە و دەوڵەت و بەگوێرەی یاسا لە ناو كۆمەڵگە جێگیر دەكرێنەوە.
بەگوێرەی یاساكە لە دوای دەركردنی لە پەرلەمان، ماوەی شەش مانگ مۆڵەت بە چەكدارانی پەكەكە دەدرێ كە ئاشتیانە خۆیان ڕادەستی توركیا بكەنەوە، دوای ئەوەی لێكۆڵینەوە لەگەڵیان دەست پێ دەكات و بە گوێرەی ئەو تاوانانەی كردوویانە سزا دەدرێن، ئەوانەیشی هیچ تاوانێكیان لەسەر نەبێت، ئەوا ماوەی دوو ساڵ تا سێ ساڵ لە چالاكی سیاسی قەدەغە دەكرێن، دواتر دەتوانن كاری سیاسیش بكەن و هاوشێوەی هەر هاووڵاتییەكی تر لە توركیا بژین و تێكەڵی كۆمەڵگە ببنەوە.
لە یاساكەدا تەنیا ئەو تاوانانە هەژمار كراوە كە لە دوای 2005ەوە ئەنجام دراون، نەك لە ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردووەوە، سزاكان بە گوێرەی تاوانەكان دیاری دەكرێن و لە 15 ساڵ چاودێری و كەمكردنەوەی بۆ پێنج ساڵ و 15 ساڵ چاودێریكردن بۆ 10 ساڵ خۆی دەبینێتەوە، هاوكات لیژنەیەكی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی كۆمار و وەزارەتەكان و هەواڵگری پێكدەهێنرێن بۆ چاودێریكردنی پرۆسەی ڕادەستكردنەوەی چەكەكان، بۆ دڵنیابوونەوە لە كۆتاهاتنی پەكەكە و ڕادەستكردنی ڕاپۆرتی كۆتایی بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا، چەكداران دەتوانن لە ڕێی دەروازەكان و ڕێگەی جیاجیاوە خۆیان ڕادەست بكەنەوە، بەڵام یاساكە باس لە چارەنووسی عەبدوڵا ئۆجەلانی دامەزرێنەری پەكەكە ناكات.
سەرەڕای دەركردنی یاساكە، بەڵام پارتی كرێكاری كوردستان ڕەخنەی توندی لێ گرت و بە بوونی هەڵە و كەموكورتی زۆر هێرشی كردە سەر یاساكە، بەتایبەت لەوەی كە ئازادكردنی ئۆجەلان لە ناو یاساكە بوونی نییە، ڕاپۆرتی لێژنەی پەرلەمانی لەبارەی دیموكراسی و چارەسەری دۆزی كورد لە ناو یاساكە جێگیر نەكراوە، لە یاساكە باس لە چەكدانان كراوە بێ ئەوەی یەكجاریش ناوی كورد بهێنرێت، ئەمەیش بەڵگەی ئەوەیە كە چارەسەری دۆزی كورد بەشێوەیەكی ڕیشەیی ناكرێت.
دوای نزیكەی 12 سەعات لە دانیشتنی پەرلەمان، دواجار دەنگ لەسەر 12 مادەی ناو یاساكە بە دەنگی 468 پەرلەمانتار بەرانبەر بە 88 دەنگی نەخێر و دەنگنەدانی شەش پەرلەمانتار دانیشتنەكە كۆتایی هات، زۆرینەی حزبەكانی ناو پەرلەمان دەنگیان بۆ یاساكە دا.
لە تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2024 بە پشتیوانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا پرۆسەی ئاشتی دەستی پێ كرد و شاندی دەمپارتی 17 جار سەردانی ئۆجەلانیان لە ئیمراڵی كرد، تا پەكەكە ڕازی ببن چەك دابنێن و لە بەرانبەردا مافی گەڕانەوەیان بۆ توركیا پێ دەدرێت. لە 27ی شوبات/فێبرایەری 2025 ئۆجەلان بانگەوازی بۆ پەكەكە نارد كە چەك دابنێن و كۆتایی بە شەڕی چەكداری بهێنن، لە 25ی ئایار/مایۆی 2025 پەكەكە هەڵوەشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.
لە 11ی تەمووز/یۆلیۆی پار ساڵ لە ڕێوڕەسمێكی ڕووكەشی لە سلێمانی ژمارەیەك چەكداری پەكەكە چەكەكانیان خستە ناو ئاگر و سووتاندیانن، لە 26ی تشرینی یەكەم / ئۆكتۆبەری 2025 پەكەكە كشانەوەی لە توركیا و ناوچەی زابی سەروو لە نێوان سنووری عێراق و توركیا ڕاگەیاند.
سەرهات ئاران ئەندامی لیژنەی ناوەندی دەمپارتی بۆ ڕۆژنامەی “العربی الجدید” گوتی، یاساكە لە پەرلەمان دەرچوو و دوای بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوكات لیژنەی چاودێریكردنی پرۆسەكە و دانوستان لەگەڵ پەكەكە پێكدەهێنرێت.
ئاماژەی بەوەیش دا، دواتر لیژنەی لۆكاڵی زیاتر دروست دەكرێن و سەرپەرشتی پرۆسەی چەكدانان دەكەن، سەرەڕای ئەوەی ئەستەمە كاتێكی دیاریكراو بوونی هەبێت، بەڵام لەو باوەڕەداین كە پرۆسەكە لە ماوەی دوو تا سێ مانگ كۆتایی پێ دێت.
زیاتر گوتی، دوای تەواوبوونی ئەو پرۆسەیە و ڕادەستكردنی ڕاپۆرت بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، ئەنجوومەنەكە بڕیاری فەرمی لەبارەی هەڵوەشانەوەی پەكەكە و ڕادەستكردنی چەكەكان و بێ چەكبوونیان دەدا و بڕیارەكە كە لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاو كرایەوە، پرۆسەی ئازادكردن لە گرتووخانە و گەڕانەوە لە دەرەوە و چیاكان بۆ ناوخۆی توركیا دەست پێ دەكات.
زیاتر گوتی، كارەكانی لیژنەكە لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆكایەتیی كۆمار دەبێ و نوێنەری وەزارەتی داد و بەرگری و ناوخۆ و ئەمینداریەتی سەرۆكایەتیی كۆمار و هەواڵگریی نیشتمانی لەخۆ دەگرێ، لیژنەیەكی تریش لە ناو پەرلەمان بۆ ئەو دۆسیەیە دروست دەكرێت.
لەبارەی ڕەخنەكانی پەكەكە، ئەندامەكەی دەمپارتی گوتی، گومانی تێدا نییە كە مامەڵەكردن لەگەڵ ململانێیەك كە ماوەی 50 ساڵە بوونی هەیە، تەنیا گۆڕانكارییەك نییە، بەڵكو ڕەهەندی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و یاسایی هەیە كە ئەویش دۆزی كوردە، لەبەرئەوە دانانی چەك گرنگییەكی زۆری هەیە و دواتر دۆزی كورد لە ڕێی ئامرازە دیموكراسییەكانەوە دەكرێ بهێنرێتە بەرباس، ئێمەیش دەزانین كە یاساكە تەواو و كامل نییە، بەڵام دڵنیاین لەوەی پرۆسەكە ساتێكی مێژووییە.
سەرهات ئاران تیشكی خستە سەر چارەنووسی عەبدوڵا ئۆجەلان و گوتی، پێویستە لە ڕوانگەی جیاوازەوە وەڵامی ئەو پرسە بدرێتەوە، ڕوانگەی چارەسەری ململانێكان، كاتێك لە ئەزموونی وڵاتان بۆ چارەسەری ناكۆكی و ململانێكان دەگەڕێین، دەبێ لایەنەكانی ناو ململانێكە ببن بە بەشێك لە چارەسەر، وەك ئەوەی لە باشووری ئەفریقا و كۆڵۆمبیا و نیپال ڕووی دا، كوردەكان لە توركیا ئۆجەلان بە سەركردەی خۆیان دەزانن و متمانەیان پێیەتی و دەوڵەتیش وەك هاوبەشێكی دانوستانەكان قبووڵی كردووە، بۆیە كاری ڕاست ئەوەیە كە ئۆجەلان ئازاد بكرێت، بەڵام ئەو پرۆسەیە كۆتایی نەهاتووە، هەمیشە دەیڵێینەوە ئەمە هەنگاوی یەكەمی جێبەجێكردنی یاسایەكەیە. لە هەنگاوی دواتر پێویستی بەوە هەیە ئۆجەلان ئازاد بكرێت، تا لەگەڵ تەواوی توێژەكانی كۆمەڵگە پێوەندی هەبێ و بگاتە شوێنی ڕاستەقینەی خۆی و بتوانێ ئەوانە ڕازی بكات كە بەرهەڵستی ئەو پرۆسەیە دەكەن.
















Leave a Reply