ئیسرائیل هێرشی كردە سەر حزبوڵا لە باشووری لبنان

بینەر: (968)

هاوكات لەگەڵ گوشارەكانی ئەمەریكا و رۆژئاوا و كەنداو لەسەر حكوومەتی لبنان بۆ داماڵینی چەكی حزبوڵا و دەستكردن بە گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل، وەك مەرجێك بۆ ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكانیان لەگەڵ لبنان و یارمەتیدانی لە رووی داراییەوە، ئیسرائیل لە كردنەئامانجی فەرماندە و ژێرخانی سەربازیی حزبەكە لە باشووری لبنان بەردەوامە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە دەستی بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ژێرخانی حزبوڵا لە باشووری لبنان كردووە، كاتێك پێگەكانی حزبوڵای لە هەردوو ناوچەی شحوور و دێر كیفا لە باشووری لبنان كردەو ئامانج، بەر لە ئەنجامدانی هێرشەكانیش بەپەلە خەڵكی ئەو ناوچانەی لە هێرشەكەی ئاگەدار كردبووەوە بەوەی چۆڵی بكەن.

كەناڵی 12ی ئیسرائیلی دەووپاتی كردەوە كە هێرشەكان درێژكراوەی هەوڵی سەپاندنی رێككەوتنە بەسەر حزبوڵا.

دوێنێ جۆزێف عەون سەرۆكی لبنان رای گەیاند، حزبوڵا وەك باڵی سەربازی كۆتایی هاتووە، بەڵام دەیەوێ كۆتاییەكی شەرەفمەندانە و شایستەی هەبێت، ئەوان دێن بۆ لای من و ئەو راستییە و ئەو ئەنجامە دەزانن، بەڵام دەیانەوێ كۆتاییەكی شەرەفمەندانە و شایستەیان هەبێت، ئەوەش تەواو ئەوەیە كە ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین.

روونی كردەوە، لبنان جگە لە گفتوگۆ هیچی تری لەبەردەم نییە، ئەوە غەزە لە دوای شەڕێكی سەخت بەتەواوەتی وێران بوو، ئێستەش بەیەكەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشن، شیعەی لبنان ماندوون، 40 ساڵە ئەوان بێهوودە ئەرك دەكێشن، وەك مووسا سەدر گوتی، ئەوكاتەی هەمووان بەشداری دەكەن لەپێشەوەی بەرگریكاران لە فەلەستین دەبین، بەڵام بەتەنیا شەڕ ناكەین و گفتوگۆ دەكەین، بۆیە هیچ بژارەیەكمان لەپێش نییە جگە لە گفتوگۆكردن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *