مەسرور بارزانی هاوڵاتیی خستە نێوان هەڵبژاردنی نان، کارەبا و غازەوە؟

بینەر: (8.0K)

ئەندام کەیفی

کابینەکەى مەسرور بارزانى زستانێکی سەخت دروستکرد، بەڵام داربڕەکان نەک هەر دارستانەکەیان تاڵان کردووە، بەڵکو ئێستا پارچە دارەکان بە نرخی خوێن بەو کەسانە دەفرۆشنەوە کە خۆیان خاوەنی ڕاستەقینەی دارستانەکە بوون! لێرەدا سەرما قەدەر نییە، بەڵکو سیاسەتێکە بۆ ئەوەی خەڵک لە ترسی ڕەقبوونەوە، تەواوی ماڵ و شکۆی خۆیان بدەنە دەست هەمان ئەو چەتانەی کە درەختەکانیان بڕیوەتەوە! ئەمە ڕێک واقیعی ئەو گاڵتەجاڕییەیە کە ئەمڕۆ بە ناوی حوکمڕانییەوە بەسەر کۆمەڵگای ئێمەدا سەپێنراوە؛ کابینەیەک کە بەڵێنی گەشەسەندن و خۆشگوزەرانیی دا، بەڵام لە کۆتاییدا هاوڵاتیی گەیاندە ئەو ئاستەی ڕۆژانە لە نێوان کڕینی پاروویەک نان، پڕکردنی غازی ماڵەوە، یان پێدانی کرێی کارەبا، ناچار بێت تەنها یەکێکیان هەڵبژێرێت!

ئەم دەسەڵاتە، لەبری دروستکردنی ئابوورییەکی بەهێز، کەرامەتی مرۆڤی کردووەتە قوربانیی حوکمی خێزانی و بەرژەوەندیی تاڵانچییەکان. کاتێک هاوڵاتییەک دەبێت بۆ مانەوەی سادە لە ژیاندا بجەنگێت و لەبەردەم سۆپایەکی سارددا بیر لە داهاتووی منداڵەکانی بکاتەوە، ئیتر باسی پێشکەوتن و ژێرخان دەبێتە سووکایەتییەکی قێزەون بە عەقڵی کۆمەڵگا. ئەم قەیرانە دروستکراوە تەنها بۆ ئەوەیە خەڵک هێندە ماندوو بکرێت، کە هیچ کەسێک بوێری و کاتی ئەوەی نەبێت پرسیار لەسەر سامانی ونبوو و داهاتی نەوتی دزراو بکات.

ئەوەى مەسرور بارزانى دەیکات  “هەژاری، دڕندەترین جۆری توندوتیژییە”! ئەم حەقیقەتە تاڵە ڕێک پێناسەی ئەو سیاسەتە ئیمپریالیستییەیە کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا بەریتانیا لە هیندستان پەیڕەوی دەکرد، کاتێک ملیۆنان مرۆڤیان خستە ناو برسێتییەکی کوشندەوە، نەک لەبەر ئەوەی زەوییەکە بێبەر بوو، بەڵکو لەبەر ئەوەی بەرهەمەکان بۆ خەزێنەی ئیمپراتۆریەت تاڵان دەکران! ئەمڕۆ لە نیشتمانی ئێمەشدا هەمان توندوتیژیی ئابووری لەسەر دەستی ئەم نوخبە گەندەڵە دووبارە دەبێتەوە؛ کوردستان هەژار نییە، بەڵکو بودجەی شاراوە و قاچاخی سنوور لەلایەن کۆمپانیاکانی حیزبەوە دەمژرێت، و ئەوەی بۆ گەل دەمێنێتەوە تەنها ئابووریی سێبەر و باجی قورسە!

لە سایەی ئەم سەرمایەدارییە دڕندەیەدا، هاوڵاتییان بوونەتە دیلی قۆرخکاریی بازاڕ. کارەبای نیشتمانیی تیرۆرکراو بە ئەنقەست وێران کراوە تا دەسەڵاتداران لە ڕێگەی مۆنۆپۆڵی وزەوە دوو جار پارە لە خەڵک وەربگرن، و نرخی غاز و سووتەمەنیش لەسەر دەستی قۆرخکاران ڕۆژ بە ڕۆژ بەرزتر دەبێتەوە. ئەم کابینەیە، نیشتمانی کردووەتە مەیدانێک کە تێیدا ژیان بووەتە باجێک و دەبێت ڕۆژانە بیدەیت بۆ ئەوەی تەنها هەناسە بدەیت.

. ئەم دەسەڵاتە ترسنۆکە کە ژیانی ئێوەی کردووەتە دۆزەخ، لە هاوار و یەکگرتوویی ئێوە زۆر زیاتر دەترسێت تا لە هەر دادگایەک، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کاتێک گەلێک بڕیاری کۆتاییهێنان بەم توندوتیژییە ئابوورییە دەدات، لافاوی تووڕەیی هەم کۆمپانیا قۆرخکارەکان و هەم کۆشکەکانی حوکمی خێزانی بۆ هەمیشە لە ڕەگەوە هەڵدەتەکێنێت!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *