هەرێمی کوردستان خاوەنی دەسەڵاتی سیاسیی ڕاستەقینەیە؟

بینەر: (1)

مە ريوان قادر حسن

له‌ بونیادی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا، سەرجەم هێما، ڕوکار و شێوە ڕەسمییەکانی حوکمڕانی بە ڕوونی ئامادەییان هەیە؛ سەرۆکایەتییەکان، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکان، پەرلەمان، و بارەگای بەپێزی حیزبەکان. بەڵام پرسیارە جەوهەری و قووڵەکە لەوەدا سەرهەڵدەدات: ئایا خاوەندارێتیکردنی ئەم هەموو هێما و دامەزراوە حوکمڕانییە، بەرامبەرە بە ئەنجامدانی پرۆسەی حوکمڕانیی ڕاستەقینە و پەیڕەوکردنی دەسەڵاتی سیاسیی سەربەخۆ؟ کاتێک تێبینیی ئاراستەی بڕیارەکان دەکەیت، دەبینیت کە دەسەڵاتی دامەزراوەییی دەوڵەت پارچەپارچە بووە لە نێوان پێکهاتە کێبڕکێکارەکانی حیزب و بەرژەوەندییەکانی هێزە دەرەکییەکاندا.

ئەم دابەشبوونە قووڵە وادەکات کە جومگە سەرەکییەکانی وەکو هێزی چەکدار، دارایی، پەیوەندییە دەرەکییەکان، و بڕیارە ستراتیژییەکان، لەبری ئەوەی لە ژێر چەتری یەک دامەزراوەی نیشتمانیدا کۆبکرێنەوە، لە ناوەندە حیزبییەکاندا بەکارهێنرێن. کاتێک ڕێکخراوە حیزبییەکان لە سەرەوەی یاسا و ئەنجومەنە ڕەسمییەکانەوە ڕەفتار دەکەن، حوکمڕانی ڕاستەقینە دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە ڕێککەوتنی بەردەوام لە نێوان باڵە بەهێزەکاندا، بەبێ ئەوەی دامەزراوە دەوڵەتییەکان توانای سەپاندنی ئیرادەی خۆیانیان هەبێت. بەم شێوەیە، پەرلەمان و وەزارەتەکان دەبنە تەنیا شاشەیەک بۆ پەسەندکردنی ئەو بڕیارانەی کە پێشتر لە دەرەوەی بینای حکومەتدا یەکلایی کراونەتەوە.

لە هەناوی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، تاڵترین تەنز لەوەدا بەرجەستە دەبێت کاتێک بگوترێت: “کێشەی سەرەکی لە هەرێمی کوردستاندا ئەوە نییە کە کەمپینی هەڵبژاردن یان بارەگای حیزبی نییە، بەڵکو ئەوەیە کە دەسەڵاتداران توانیویانە حکومەتێک دروست بوبکەن کە تێیدا وەزیرەکان تەنیا فەرمانبەرانی جێبەجێکاری بڕیاری بارەگا حیزبییەکانن!” کاتێک هێزی ڕاستەقینە لە دەست کۆمەڵێک ناوەندی ناڕەسمیدا دەمێنێتەوە، چەمکی بەپرسیارێتیی سیاسی لە بەرامبەر جەماوەردا بەیەکجاری پووچەڵ دەبێتەوە.

داڕمانی دەسەڵاتی دامەزراوەیی، توانای کۆمەڵگە بۆ چاکسازی و پاراستنی سەروەریی نیشتمانی لاواز دەکات. چاکسازیی بنەڕەتی کاتێک دەست پێ دەکات کە کۆمەڵگە ڕەتینەکاتەوە تەنیا بە هێما و ناونیشانە ڕووکەشەکانی حوکمڕانی قایل بێت، و بە ئاگایییەوە داوای گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی سیاسی بوبکات بۆ ناو دامەزراوە نیشتمانییە یەکگرتووەکان، تا یاسا و بەژەوەندیی گشتی لە سەرەوەی هەموو ئیرادەیەکی حیزبی و دەرەکییەوە بن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *