هەندێك نیشانە لەناو دەم ئەگەری هەیە نەخۆشیی مەترسیداری بەدواوە بێت

بینەر: (4)

پسپۆرانی تەندروستی و بەتایبەتی پسپۆرانی بواری دەم و ددان پێیان وایە، مەرج نییە هەر گۆڕانكارییەك لە دەمدا دەركەوت، راستەوخۆ پێوەندیی بە پووك و ددانەوە هەبێت، چونكە ئەگەری زۆر هەیە ئەو گۆڕانكارییانە ئەوە دەربخەن هەندێك كێشەی تری تەندروستی تووشی كەسەكە بووبێت، بەتایبەتی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و دڵ و هەندێكی نەخۆشیی تر.

پێگەی “شەفەق نیوز” رۆشنایی خستووەتە سەر لێدوانی پسپۆرانی بواری دەم و پووك و ددان كە بە وردی باسیان لەوە كردووە، مەرج نییە هەر گۆڕانكارییەك لە دەمدا دەركەوت، راستەوخۆ پێوەندیی بە پووك و ددانەوە هەبێت، چونكە ئەگەری هەیە بەهۆی باكتریاوە هەندێك نەخۆشی لە رێگەی دەمەوە تووشی مرۆڤ ببن. بۆ نموونە هەوكردن و شەكرە و نەخۆشییەكانی دڵ و هەندێك جۆری شێرپەنجە، ئەگەری زۆرە لە رێگەی دەمەوە تووشی مرۆڤ ببن.

د. ییڤ دافیدۆڤ كە پزیشكی ددانی گشتییە دەڵێت، دەم بەشێكی گرنگی جەستەیە كە پزیشك لە رێگەوە بەبێ نەشتەرگەریی، دەتوانێ تەواوی ئێسك و ماسولكە و دەمارەكان و تەنانەت بەكتریاكانیش ببینێت، بۆیە ئەگەری زۆرە زۆر نەخۆشی لە رێگەی دەمەوە تووشی مرۆڤ ببن، ئەویش وەك خواردن و هەناسەدان هەر لە رێگەی دەمەوەیە و ئەگەر هەیە زۆر بەكتریا لەخۆ بگرن.

د. كامی هۆس كە ئەویش پزیشكی پسپۆری ددانە و باس لە ئازارەكانی ددانەكان دەكات و دەڵێت، كاتێك ئازار لە ددان نەما، مانای ئەوە نییە كێشەتان لە كۆڵ بووەتەوە، رەنگە دەماری ددان بمرێت بەهۆی بچڕانی لەلایەن پزیشكەوە و ئیتر ئازاری نەمێنێت، بەڵام نەخۆشیی ددانەكە هەر دەمێنێت و ئەگەر چارەسەر نەكرێت، بێگومان گەشە دەكات و نەخۆشیی تری بەدواوە دەبێت، وەك ئێسكەكانی دەم و پووك و كێشەی تەندروستیی وەك هەوكردن و كۆبوونەوەی باكتریا. بەشێوەیەكی گشتی ئەو هەوكردنەی تووش دەبێت، ئەگەری هەیە گەشە بكات بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و مێشك و شەكرەیش، تا ئاستی جەڵتەی مێشك.

ئەو پزیشكە دووپاتی دەكاتەوە كە برینەكانی ناو دەم یان پەڵەی سپی لەسەر زمان، جارجارە دەردەكەون و لە ناكاودا نامێنن، بەڵام هەر برین و پەڵەی سەر زمان یاخۆ سووربوونی تووشی مرۆڤ ببن، هی ئەوەیە پزیشكی پسپۆر پشكنینی بۆ بكات كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی تری هەیە. د. دافیدۆڤ ئاماژە دەدات كە ئەو حاڵەتانە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی هەیە بەتایبەتی شێرپەنجەی دەم و زمان.

دواتریش ئەو پزیشكە شێرپەنجەی دەم پێوەست دەكات بە چەندان فاكتەری مەترسیدارەوە، لە هەموو زیاتر جگەرەكێشان، خواردنەوەی زۆری كهوول. لە هەندێك حاڵەتیشدا تووشبوون بە ڤایرۆسی مەترسیدار.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *