رەنگە بە روونی هەستی پێ بكرێت، جیاوازییەك لە پژمینی پیاو لە رووی بەرزی دەنگ و بەهێزییەكەی لەگەڵ ژن و منداڵ هەیە، سەرەتا هەناسەیەكی بەهێز هەڵدەمژێت و دواتر بە دەنگێكی بەرز و بەهێز هەناسەكە دەداتەوە و ئەوانەی دەوروبەری هەستی پێ دەكەن.
د. زكاری رۆبین پسپۆڕی پزیشكی منداڵ و هەستەوەری و بەرگری دەڵێت، پژمین بریتییە لە ئامرازێكی خۆپارێزی بۆ دەركردنی تەنە نامۆكان لە لووت و بەشی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسە، كاتێك هەستە دەمارەكانی لووت دەرووژێنرێن، مێشك فەرمان بۆ زنجیرە كاردانەوەیەك رەوانە دەكات، وەرگرتنی هەناسەیەكی قووڵ و داخستنی دەنگە ژێكان و گرژبوونی ماسولكەكانی سینگ و سك و دانەوەی بەهێزی هەوای هەڵمژراو لە رێگەی لووت و دەمەوە.
هۆكاری ئەوەی پژمین لە پیاو بەهێزترە، پیاوان سی و بۆری هەوای فرەوانتریان هەیە، ئەوەش پەستانێكی بەهێزتری هەناسە وەرگرتن و دانەوەیان پێ دەبەخشێت، كە رەنگدانەوەی بەسەر بەهێزی و دەنگی پژمینەكە دەبێت، جیا لەوە بابەتەكە پێوەندیشی بە پەروەردە و فێركردنەوە هەیە، مێینە لە منداڵییەوە لەسەر كپكردنی دەنگ و دروستنەكردنی ژاوەژاو پەروەردە دەكرێن، ئەو كۆتە لەسەر پیاوان نییە.
هەروەها پیاوان وا دەزانن پژمینی بەهێز حەسانەوەی زیاتر و بەتاڵكردنی زیاتری بۆری هەناسەیان بۆ فەراهەم دەكات، بە پێچەوانەوە پێش لێ گرتنی پەستانیان دەخاتە سەر و هەست بەو حەسانەوە ناكەن، ئەوە لەو كاتەی زۆرینەی پیاوان توانای كۆنترۆڵكردنی دەنگی پژمینیان لە شوێنە گشتی و بۆنەكان هەیە، واتە جۆرێك لە خواستی پیاو لەسەر ئەو شێوازەی پژمین هەیە و هۆكارەكەی تەواو بایۆلۆجی نییە.












Leave a Reply