ئەمڕۆ دووشەم 13ی نیسانی 2026، سەنتەری هاوئاهەنگیی گواستنەوەی دەریاییی بازرگانیی سەر بە هێزی دەریاییی شاهانەی بەریتانیا (UKMTO)، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، سەپاندنی کۆمەڵێک کۆتوبەندی دەریاییی نوێی ڕاگەیاند کە کاریگەرییان لەسەر بەندەر و کەناراوەکانی ئێران دەبێت، هەروەها ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە درێژ دەبنەوە بە درێژایی کەنداوی عەرەبی، کەنداوی عومان و دەریای عەرەب لە ڕۆژهەڵاتی گەرووی هورمز.
سەنتەرەکە ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم کۆتوبەندانە بەبێ جیاوازی بەسەر گشت کەشتییەکاندا جێبەجێ دەکرێن، بەبێ گوێدانە وڵاتنامەکانیان، ئەگەر مامەڵە لەگەڵ بەندەرەکانی ئێران، وێستگەکانی نەوت یان دامەزراوە کەناراوییەکانی سەر بە ئێران بکەن. ئاماژەی بەوەش داوە کە وردەکارییە فەرمییەکان لەبارەی میکانیزمەکانی جێبەجێکردن و لێخۆشبوونەکان، لە ڕێی “ئاگاداریی فەرمی بۆ دەریاوانان” بڵاو دەکرێنەوە و نوێ دەکرێنەوە.
ئەم ڕێکارە نوێیانە تەواوی هێڵی کەناراویی ئێران دەگرنەوە، بە ژێرخانی وزە و بەندەرەکانیشەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەنتەرەکە دووپاتی کردەوە کە جووڵەی تێپەڕبوون بە ناو گەرووی هورمزدا بۆ ئەو شوێنانەی سەر بە ئێران نین، ناکەونە ژێر کاریگەریی ئەم کۆتوبەندانەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەگەری هەیە کەشتییەکان لە کاتی تێپەڕبوونیاندا ڕووبەڕووی ئامادەییی سەربازی، پێوەندیی ئاراستەکراو، یان پشکنینی ڕۆتینی ببنەوە.
بەیاننامەکە مۆڵەتێکی دیاریکراوی داوە بەو کەشتییە بێلایەنانەی کە لە ئێستەدا لە بەندەرەکانی ئێران لەنگەریان گرتووە بۆ ئەوەی ئەو شوێنانە جێبهێڵن، ئەوەش بەپێی ئەوەی لە ئاگادارییە فەرمییەکانی دەریاوانیدا دیاری دەکرێت. هەروەها دووپاتی کردەوە کە گشت هەڵسەنگاندنەکانی تایبەت بە مەترسییەکان و ڕێنوێنییەکانی ئاسایشی دەریایی کە لەلایەن سەنتەری دەریاییی هاوبەشەوە دەرچوون، هێشتا کاری پێ دەکرێت.
















Leave a Reply