دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو بە درۆن هێرش كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر و زیان بە كێڵگەكە گەیشت و بەو هۆیەوە كارەبای بەشی زۆری ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بڕا، هێرشەكە سەركۆنە و ناڕەزایەتییەكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمڕۆ سەرۆك قەشەكانی هەولێر و مووسڵ و كەركووك و هەرێمی كوردستان و كلدان و سریانی كاسۆلیك بەتوندی سەركۆنەی هێرشەكەیان كرد.
وەك لە بەیاننامەیەك لە واژووی هەریەك لە مەتران نسنائیل نزار سەمعان سەرۆكی ئەساقیفیەی ئیبارشی حدیاب بۆ سریانی كاسۆلیك و مەتران نیقۆدیمۆس داود متی شەرەف سەرۆكی تایفەی سریانی ئەرسۆزۆكس لە مووسڵ و كەركووك و هەرێمی كوردستان و مەتران بەشار متی وەردە سەرۆكی ئەسقیفەكانی ئەبرەشیەی هەولێر بۆ كلدان، هاتووە، بەتوندی سەركۆنەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سلێمانی دەكەین.
زیاتر هاتووە، ئەو كارە بووە هۆی پچڕانی تەزووی كارەبا بەو سەرما و زستانە و كاری كردە سەر ژیانی رۆژانەی خەڵك و بووە هۆی پەككەوتنی قوتابخانەكان و شێواندنی كاری نەخۆشخانە و دامەزراوە گرنگەكان، بۆیە لەو رۆژانەدا هەستمان بە نەهامەتیی خێزانەكان كرد، بەتایبەتی نەخۆشان و پیر و قوتابیان، كە خۆیان بۆ تاقیكردنەوەی وەرزی ئامادە دەكەن و پێویستیان بە سەقامگیری و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان هەیە.
رێز و سوپاس بۆ تیمە تەكنیكییەكان و ئاگركوژێنەوە دەردەبڕین، كە بەپەلە ئاگرەكانیان كوژاندەوە، دەستدرێژیكردنە سەر دامەزراوەكانی وزە، دەستدرێژی راستەوخۆیە بۆ سەر پێویستیی هاووڵاتییان و كەرامەتیان، سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و ئابووری لە هەرێم و عێراق لاواز دەكات، هاوسۆزیی خۆمان بۆ هەموو ئەوانە دەردەبڕین كە زیانیان بەر كەوتووە و درود و نزاش بۆ ئەوانە دەكەین كە بەو هۆیەوە رووبەڕووی دۆخێكی سەخت هاتوونەتەوە.
لە كۆتادا بەیاننامەكە داوای لە دەسەڵاتی فیدراڵی و ناوچەكە كرد بۆ بەهێزكردنی پارێزراویی دامەزراوە گرنگەكان و ئاشكراكردنی تاوانباران و پەلەكردن لە گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بۆ خەڵك، هەورەها داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین رێز لە ژیانی هاووڵاتییان بگرن و دامەزراوەكانی وڵات نەكەنە گۆڕەپانێكی ململانێكان، درود بۆ ئاشتی و ئاوەدانی لە كوردستان و عێراق دەكەین، بۆ ئەوەی گفتوگۆ شوێنی توندوتیژی بگرێتەوە و مافی هەموو مرۆڤێك لە ژیانێكی ئارام و سەربەرزانە بێتە پاراستن.















Leave a Reply